کورد و کەتەلۆنەکان، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان

0

نوچەنێت-یۆرۆ نیوز

بڕیاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیای ئیسپانیا بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بەدەر لە لایەنە پراگماتیستیەکانی، بە سەرنجدان بە دەرهاویشتە ناوچەیی و جیهانیەکانی ئەم دوو رووداوە لە خۆیدا جێی تێڕامان و سەرنجە. بڕیار وایە ئەم گشتپرسیە 25ی سێپتەمبەر لە هەرێمی کوردستان و 6 رۆژ دواتر واتە 1ی ئۆکتۆبەر لە کاتالۆنیای ئیسپانیا بەڕێوەبچێت.

گرنگترین خاڵی هاوبەشی ئەم دوو گشتپرسییە، دژایەتی و هێڕشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانە بۆ سەر پرسەکە. یەکێتی ئەوروپا و کۆشکی سپی رۆژی رابردوو داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد، کە پرۆسەکە دوابخەن و لە گەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندی بکەونە وتووێژەوە. لە ئەوروپاش هیچ کام لە دەوڵەتەکان و تەنانەت خۆدی دامەزراوەکانی ئەم کیشوەرە بەرگرییان لە گشتپرسی کاتالۆنیا نەکردووە و مادرید بەردەوام هەموو رێوشوێنە یاساییەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی بەربەست کردووە. بەڵام سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و کاتالۆنیای ئیسپانیا، کە بە هەزاران کیلۆمەتر لێک دوورن، پێداگرن لە سەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێێان وایە، کە زۆربەی دەنگدەران دەنگیان لە گەڵ سەربەخۆییە.

نزیک بوونی دوو گشتپرسیەکە لە رووی زەمەنییەوە و وێکچوونی داواکارییەکان لەم دوو هەرێمە بۆتە هۆی نزیک بوونەوەی بەرپرسان و سەرکردەکان. مانگی مەی رابردوو، “فەلاح مستەفا” بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ مارینا فاڵکۆ، وەزیری دەرەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا کۆبووەوە، دوو لایەن لەم دیدارەدا جەختیان لە سەر گرنگی بەڕێوەچوونی گشتپرسی و پاڵپشتی هەرێمەکانی کاتالۆنیا و کوردستان لەم داوا مێژووییە کردەوە.

لە مانگی ئوت، کیم ئارۆفات، نوێنەری پێشووی پەرلمانی کەتەلۆنیا و یەکێک لە کەسایەتی بەرچاوی ئەم هەرێمە رایگەیاند، کە کۆمەڵگای جیهانی دەبێ بە تەواوی پشتگیری لە پرسی سەربەخۆیی کوردەکان بکات، چونکە روون و ئاشکرایە، کە کوردەکان هەرچۆنێک بێت دۆخێک فەراهەم دەکەن، کە لەم ئامانجەی خۆیان نزیک ببنەوە. ناوبراو هەروەها لە میانەی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: بە هۆی ئەوەی، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەفتەیەک بەر لە ریفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا ئەنجام دەدرێت، دەتوانێ یارمەتییەکی باش بە کەتەلۆنیا بکات. ئارۆفات داواشی لە کۆمەڵگای جیهانی کرد، کە ئەنجامەکانی ئەم دوو ریفراندۆمە بە فەرمی بناسن.

خاڵێکی دیکەی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو گشتپرسییە، ئەو بەربەستانەیە، کە وڵاتانی عێراق و ئیسپانیا بەرامبەر بەم رەوتە پێکیان هێناوە. دیوانی باڵای عێراق ئەم دواییانە لە بڕیارێکدا بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی وەسف کرد.

بەربەستە دەرەکیەکان و گوشار بۆ سەر رابەرایەتی دوو هەرێمەکە بە ئامانجی ئەنجام نەدانی ریفراندۆمەکان، کەمتر وێکچوونیان هەیە، سەرباری ئەوەی، کە ژمارەیەک لە ناوەندکانی راپرسی پێشبینییان کردووە، کە شانس و ئەگەرەکانی بەردەم سەرکەوتنی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لە گەڵ هەرێمی کەتەلۆنیا زیاترە. ئەنجامەکان باس لەوەش دەکەن، کە شانسی کوردەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بە بێ خوێنرشتن و سەرئێشە، کەمتر لە هەرێمی کەتەلۆنیا.

دوو دراوسێی عێراق، واتە ئێران و تورکیا، بەردەوام بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیان رەتکردۆتەوە و رایانگەیاندووە، کە پرۆسەکە لە بنەڕەتدا قابیلی قبووڵ نییە. ئێران و تورکیا دوو وڵاتن، کە بەشێکی زۆر لە رووبەری خاکەکەی کوردەکان تیادا نیشتەجێن. ئەوان نیگەرانی کاریگەری ئەنجام و دەرهاویشتەکانی ریفراندۆمن لە سەر کوردەکان. هەر چەند لەم بارەوە، “مەسعود بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە سەربەخۆیی کوردەکان لە عێراق، پەیوەندی بە کورد لە ئێران، تورکیا  و سوریاوە نییە.

بڵام چاوەڕێ دەکرێ لە ئەگەری سەرکەوتنی کەتەلۆنەکانی سەربەخۆیی خواز، کیشوەری سەوز ئەنجامەکانی ئەم گشتپرسیە بە فەرمی بناسێت. هەروەها گریمانە دەکرێ، کە کەتەلۆنەکان لە ئەگەری سەرکەوتن، شانسی ئەوەیان هەبێت، کە بەرەبەرە جێگایەک بۆ خۆیان لە دڵی یەکێتی ئەوروپا بکەنەوە لە هەیمەنەی وڵاتێکی سەربەخۆ. خاڵێکی دیکەی جیاوازی لەم دوو گشتپرسییە، رۆڵ و فاکتەری جوگرافیایە. کوردەکان لە عێراق لە ناوچەیەکدان، کە زیاتر لە دوودەیە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ بووە. لە کاتێکدا، کە دوایین شەڕی ناوخۆیی، کە ناوچەی کەتەلۆنیای گرتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی سێی زایینی. کاتێک، کە ئەنارشیەکان و کۆمۆنیستەکانی جیهان لە هەرێمی کەتەلۆنیا لە دژی دیکتاتۆری پێشووی ئیسپانیا یەکڕیز و یەکگرتوو بوون، شەڕی ناوخۆیی لە نێوان کۆمارییەکان و سەڵتەنەتخوازەکان هەزارن کوژراوی بە دواوە بوو.

لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیای ئیسپانیا، دەکرێ ئاماژە بە پێگە و رۆڵی ئابووری و پیشەسازی ئەم دوو ناوچەیە بکرێت. ناوچەی کەرکوک چەقی ئابووری عێراقە لە رووی نەوتییەوە. کەتەلۆنیاش بە یەکێک لە جەمسەرە گرنگەکانی پیشەسازی و کشتوکالی ئیسپانیا هەژمار دەکرێت. بەرپرسانی ئەم ناوجەیە، کە خوازیاری سەربەخۆیین دەڵێن، کە بەبێ بوونی داهات، کەتەلۆنیا لە ئێستاوە وڵاتێکی شکستخواردووە.

بەو هۆیەی، کە هیچ میکانیزمێک بۆ جیابوونەوەی بەشێک لە خاکی عێراق پێشبینی نەکراوە، گشتپرسی کوردستان پێناچێ وەکوو گشتپرسی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە زوویی بگاتە ئەنجام. هەرچۆنێک بێت تەنها بەڕێوەچوونی ئەم ریفراندۆمە زۆرێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. لە لایەکی دیکەوە ئەم ریفراندۆمە ژیانی زۆریەک لەو هاوڵاتیانە غەیرە کوردانە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com