نزیکترین سیناریۆ بۆ ئایندەی سوریا

0

نوچەنێت- (جێئۆپۆلۆتیکاڵ فیوچێرز) Geopolitical Futures

نزیکترین سیناریۆ بۆ ئایندەی سوریا، دابەشبوونی ئەم وڵاتەیە بە سەر سێ ناوچەی سەرەکی. یەکەم: ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی بەشار ئەسەد، دووەم: ناوچەیەکی بە ناوی هەرێمی کوردستانی سوریا، سێهەم: ناوچەیەکی بێ یاسا و بێ سەرەوبەر، کە عەرەبە سوننەکان تیایدا نیشتەجێن. ناوی ئەم پێکهاتانە پێناچی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا بۆ هەژمۆنی و دەسەڵاتی زیاتر پێدەچێ دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.

بڵاوکراوەی ئەمریکا جێئۆپۆلۆتیکاڵ فیوچێرز، لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی بۆ سوریا چیدی ناتوانێ یەکپارچەیی بۆ بگەڕێتەوە؟ دەنووسێت: مێژووی لوبنان بەرچاوڕوونییەکی پڕ بەها، سەبارەت بە ئەگەر و چاوەڕوانیەکان لە شەڕی ناوخۆی سوریا و داهاتووی ئەم وڵاتە، دەخاتە بەر دید. لوبنان وڵاتێکی گەلێک بچووکتر لە سوریایە و تەنانەت پێکهاتە ئەتنیکیەکانی بەر لە شەڕی ناوخۆیی، نزیکایەتی و پەیوەندییەکی زۆرتریان پێکەوە هەبوو. بەم حاڵەشەوە، ئەم وڵاتە لە ساڵی 1975 چووە ناو شەڕێکەوە، کە زیاتر لە 15 ساڵ درێژەی کێشا. شەڕی سوریا، کە پێی ناوەتە شەش ساڵەوە، بە لانی کەمەوە بە قەد شەڕی ناوخۆی لوبنان درێژە دەکێشێت.

لوبنان لە ساڵەکانی دوای ئەو شەڕەوەش رووی ئارامی بە تەواوی بە خۆوە نەبینی. دۆخی سوریا خراپتر لەوەی لوبنان دەبێت. سوریا وڵاتێکە، کە لێک دابڕاوە و تا دێ پەیمان و رێککەوتنی دیپلۆماسی لە سەر واژۆ دەکرێت و یان بەردەوام بۆردوومان دەکرێ، ئەمە بەو مانایە، کە چیدی یەکپارچەیی بە خۆوە نابینێت. هۆکارەکەشی روونە، بێ سەروبەرەیی و پاشاگەردانی و فیرقەگەرایی یە.

ئێستا بە هۆی جەنگ و مەسەلەی کۆچبەرییەوە نامومکینە، کە پێکهاتەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لێک جیابکرێتەوە، بەڵام بەر لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی، نزیک بە 68% دانیشتوانی لە سوننەکان بوون. لەم رێژەیە 10% کورد و ئەوانی دیکەش عەرەب بوون. عەلەویەکانیش 15%ی دانیشتوانیان پێکدەهێنا. دەکرێ پێش بینی بکرێت، کە ئەم وڵاتە بە سەر سێ پێکهاتەی عەلەوی و کورد و عەرەبە سوننەکان دا دابەش دەکرێت. عەلەویەکان وەفایان بۆ بەشار ئەسەد هەیە، کوردەکان پشتیان بە یەکینەکانی پاراستنی گەل گەرمە و عەرەبەکانیش بە سەر چەند گروپی دیکەدا دابەش دەکرێن، کە ژمارەیەکیان ئیسلامگەران، ژمارەیەکیان لایەنگری بەشار ئەسەدن و هەمووان بۆ دەسەڵاتی زیاتر هەوڵ دەدەن.

ئەسەد، عەلەویەکان و ئەو کەمینانەی، کە پاڵپشتی ناوبراو دەکەن، هیچ کات رەزامەندی بۆ دیموکراسییەت لە سوریا دەرنابڕن. چونکە دیموکراسی ئەم کۆمەڵگایە دەخاتە بەر شەپۆلی تۆڵەی عەرەبە سوننەکان. ئەمەش لە بارەی کوردەکان لە سوریا راستە. ئەگەر چی کورد لەم وڵاتە کەمینەیەکی زۆر بەرچاوە، بەڵام توانیان دەوڵەتێکی نافەرمی بۆ خۆیان پێکبهێنن. بەم پێیەش بوو، کە دەسەڵاتی ستراتیژی خۆیان پەرە پێدا تا ئەوەی، کە خۆیان لە بەرامبەر تورکیا هاوسەنگ بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com