ئیران منداڵان دەکاتە قوربانی شەڕی بە وەکالەت

0

نوچەنێت

روانگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، رەخنەی توندی لە سیاسەتی ئێران، لە پەیوەندی لە گەڵ ناردنی منداڵانی ئەفغانی بۆ بەرەکانی شەڕی سوریا گرتووە و خوازیاری کۆتایی هێنان بەم رەوتە بووە.

روانگەی مافەکانی مرۆڤ بە پشت بەستن بە سەنگی قەری کوژراوەکانی شەڕی سوریا لە ئێران، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بە لانی کەمەوە ٨ پەنابەری ئەفغان کە تەمەنیان لە خوارەوەی ١٨ ساڵ بووە، لەبەرەکانی شەڕی سوریا بوونەتە قوربانی.

ناردنی ئەفغانیەکانی دانیشتووی ئێران بۆ بەرەکانی شەڕی سوریا لە ٦ ساڵ بەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، کۆی ئەم کەسانە لە سوپایەک کە بە لەشکەری فاتمیوون دەناسرێتەوە، رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریا دەکرێن. هاوکات بەڵێنی پێدانی پارە و هەروەها دانی مافی هاووڵاتی بوون لە ئێران، پاڵنەری سەرەکی بۆ ئەم کەسانە بوونە کە بەشداری شەڕی بە وەکالەتی ئێران لە سوریا بکەن.

لە راپۆرتەکەی روانگەی مافەکانی مرۆڤدا، ئاماژە بە وتووێژ لە گەڵ ژمارەیەک لە سەربازانی ئەفغانی جێگیر لە سوریا کراوە و ئەوان پشتڕاستیان کردۆتەوە کە منداڵانی سەربازی تەمەن ١٦ بۆ ١٧ ساڵەیان بینیوە، کە لە ئێران مەشق و راهێنانیان پێکراوە و دواتر رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریا کراون.

سارا لی ڤیتسۆن، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی روانگەی مافەکانی مرۆڤ، داوای لە ئێران کردووە کە چیدی منداڵان رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریا نەکات  وئە وکەسانەش کە بۆ ئەم مەبەستە رەوانەی خاکی سوریا کراون، بە زووترین کات بگەڕێندرێنەوە.

رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسا، بە ئاماژە دان بە سوپای فاطمیون بەستراوە بە سوپای قودسی ئێرانی دەڵێت، ئەندامانی ئەم سوپایە لەو ئەفغانیانەی پێدێن کە زۆربەیان سەربە کەمینەی شیعە مەزهەبی هەژارەکانی ئەفغانستانن.

رێکخراوی روانگەی مافەکانی مرۆڤ،وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم راپۆرتەی لۆمۆند، رایدەگەیەنێ کە لانی کەم لە کۆتایی ٢٠١٣ بەو لاوە سوپای ئێران، هاووڵاتیان و پەنابەرانی ئەفغانی لەم وڵاتە بۆ بەرەکانی شەڕی سوریا رەوانە دەکات.

سارا لی ڤیتسۆن، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی روانگەی مافەکانی مرۆڤ  دەڵێت: بەرپرسانی ئێران لە بەر لە داو خستنی نەوجەوانانی پەنابەری ئەفغانی، پشتیوانی لە سەرجەم مافەکانی ئەوان و لاوەکانی دیکە بکات وئە وکەسانەی کە لە ناردنی ئەم گەنجانە بۆ بەرەکانی شەڕ تاوانبارن سزا بدات.

لەشکری فاطمیون کە چالاکە لە کاروباری یارگیری و بەکارهێنانی هێزەکانی ئەفغان لە شەڕی سوریا،٧ ساڵ بەر لە ئێستا بوونی خۆی راگەیاند و لە ئێستادا لەژێر چاودێری سوپای قودسی ئێرانی درێژە بە چالاکیەکانی دەدات.

دامەزرێنەری ئەم لەشکرە سەربازییە، کەسێکە بە ناوی عەلی رەزا تەوەسولی ناسراو بە ئەبو حامید، کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە سوریا کوژرا.ئێستاش ئەندامانی ئەم لەشکرە لە لایەن کەسێک بە ناوی سەید مەهدی، سەرپەرشتی و ئاراستە دەکرێن.

ئێران سەربازی پێکهێنانی ئەم لەشکرە، لقێکی دیکەی تایبەت بە پەنابەرانی پاکستانی کردۆتەوە  وئەم کەسانەش لە ژێر ناوی لەشکری زەینەبیوون، رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریا دەکرێن.

درێژە کێشانی شەڕی سوریا و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی ئەم شەڕە، بۆتە هۆی درێژە کێشانی رەوتی ناردنی پەنابەران و خەڵکی بیانی دانیشتووی ئێران، بۆ شەڕ لەم وڵاتە. ئێران لە سیاسەتی ستراتیژی خۆی بۆ پشتیوانی لە رژێمی بەشار ئەسەد پێداگرە و هەر بەم پێیەش بەشداری لە شەڕی سوریای لە چوارچێوەیەکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی لە ژێر ناوی بەرگری لە حەرەم پێناسە و  درێژە پێداوە.

بۆ ئەو ئەفغانی و پاکستانیانەی، کە بە وەکالەت لە لایەن ئێرانەوە بەشداری شەڕی سوریا دەکەن،لایەنی مادی و جێگیربوونیان لە ئێران وەک هاووڵاتی(لە ئەگەری گەڕانەوەیان) گەلێک گرنگترە لە گیانیان.

رۆژنامەی وۆڵ سترتیت ژۆڕناڵ، ماوەیەک بەر لە ئێستا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە ئێران مانگانە بێجگە لە پێدانی  ٥٠٠ دۆلار هاوکات پێناسەی مانەوەیان لە ئێران، بۆ ئەو کەسانە دەردەکات. بڕی ئەم پارەیە لە لایەن بەرپرسانی فەرمی ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بابەتی مافی هاووڵاتی بوونیان بە فەرمی راگەیەندراوە.

چەند مانگ بەر لە ئێستا،سەرۆکی بنیاتی شەهیدی ئێران باسی لە دانی مافی هاووڵاتی بە ٢٢ سەربازی ئەفغانی ئامادە لە بەرەکانی شەڕی سوریا کرد.ئەم بەرپرسەی ئێران بە گێڕانەوە لە عەلی خامنەیی ، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران گوتبووی: ئەگەر ئەم کەسانە بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان و هێزەکانی تاڵیبان ئاگاداری بەشداری کردنیان لە شەڕی سوریا ببن،هەموویان لە ناو دەبەن.

بەکارهێنانی منداڵانی ئەفغانی، وەک بەشێک لە ستراتیژی شەڕی بە وەکالەتی ئێران لە سوریا لە کاتێکدایە کە ئەفغانیەکانی دانیشتووی ئێران بۆ مەسەلەی خوێندن لە خوێندنگا و قوتابخانەکانی ئێران، لە گەڵ هەل  ومەرجێکی سەخت و پڕ لە هەڵاواردن رووبەروون.

خەڵکی ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران، کە رێژەی دانیشتوانی ئەفغانی تیادا بەرچاوە، سەبارەت بەم پەنابەرانە روانگەیەکی نگەتیڤیان هەیە.

ئەم واقعانە دژ بەو بەڵێنەی وەزارەتی پەروەردەی ئێرانە، کە  لە پەیوەندی لە گەڵ فەراهەمکردنی هەل ومەرجی خوێندن بۆ سەرجەم منداڵانی پەنابەر و بیانی نیشتەجێیە لە ئێران.

روانگەی مافەکانی مرۆڤ، لە کۆتایی راپۆرتی رەخنەئامێزی خۆی بۆ سەر ئێران جەخت دەکاتەوە، کە پێدەچێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، هەوڵەکانی ئێران بۆ رەوانە کردنی منداڵان و سەربازانی پەنابەری ئەفغانی بۆ بەرەکانی شەڕی چڕتر بێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com