وردەکاریەکانی ستراتیژی نوێی ترەمپ لەهەمبەر ئێران

0

نوچەنێت

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز سەبارەت بە ستراتیژی نوێی ئیدارەی ئۆباما بەرامبەر بە سیاسەتی خراپی ئێڕان، وەک چۆن کۆشکی سپی جەختی لە سەر کردۆتەوە، وردەکاریەکانی ئەم ستراتیژیە نوێیە دەخاتەڕوو.

رۆیتەرز بە پشت بەستن بە لێدوانی رۆژی رابردووی گوتەبێژی کۆشکی سپی و هەروەها لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی، ئەم وردەکاریانەی لە دووتوێی راپۆرتێکدا بڵاو کردۆتەوە.

بە پێی ئاژانسی رۆیتەرز، سارا سەندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بە ئێران گوتوویەتی: ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی دیاریکردنی ستراتیژی نوێی ئەمریکا هەمبەر ئێران، تێکڕای رەفتارە خراپەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە تاقیکردنەوە موشەکیەکان، پشتیوانی کردنی لە تیرۆریزم و هێرشە سایبەریەکان دەخاتە سەر مێزی و گفتوگۆی لەبارەوە دەکات.

سەندەرز گوتوویەتی، سەرۆکی ئەمریکا تەنها بەشێک لە رەفتارەکانی ئێران ناکاتە بنەما،بەڵکوو هەموو لایەنەکان و تێکڕای رەفتارەکانی ئێران بۆ بڕیاری کۆتایی و دانانی ستراتیژی نوێ بەرامبەر بە ئێران لەبەرچاو دەگرێت.

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە رێککەوتنی ئەتۆمی تەنها لایەنی خراپی رەفتاری ئێران پێکناهێنێ، بەڵکوو تاقیکردنەوە موشەکیەکان، ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، پشتیوانی لە تیرۆریزم، وەک سەرەکیترین ئەکتەری پشتیوانی ئەم دیاردەیە، هێرشە سایبەریەکان و هەروەها بوونی بەرنامەی ئەتۆمی نایاسایی، بەشێکی دیکە لە رەفتارە تێکدەرانە و خراپەکانی رژێمی ئێڕانن.

سەندەر راشیگەیاندووە، کە ئیدارەی ترەمپ بە نیازە ستراتیژییەکی هەمەلایەنە بەرامبەر بە ئێران لەبەرچاو بگرێت، کە توانایی بەرەوڕووبوونەوەی لە گەڵ تێکڕای ئەم کەیسانە هەبێت و تەنها تایبەت نابێ بە وەڵامدانەوەی یەک لەم کێشانە.

گوتەبێژی کۆشكی سپی لە درێژەدا دەڵێت، هەر بەم پێیەش ئەو تیمەی، کە ئێستا تەرکیزی خستۆتە سەر ئەم بابەتانە، هەوڵ دەدات لە رۆژانی داهاتوودا پلانێکی ئامادەکراو بخاتەڕوو، کە وەڵامی کۆی ئەم بابەتانە لە خۆ بگرێت.

بەرپرسێکی پایەبەرزی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، کە دۆناڵد ترەمپ پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی پشتڕاست ناکاتەوە، رێککەوتنێک، کە شەش وڵاتی زلهێزی جیهان واژۆیان لە سەر کردووە. دوای ئەم ىڕیارەش بە کردەوە چارەنووسی رێککەوتنەکە رادەستی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێت.

بە پێی راپۆرتەکان، دۆناڵد ترەمپ بە ئەگەری زۆر رۆژی 12ی ئۆکتۆبەر، سەبارەت بە سیاسەت و هەڵوێستی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بەم رێککەوتنە گوتارێک پێشکەش دەکات و چارەنووسی رێککەوتنەکە یەکلا دەکاتەوە.

ئەم بەرپرسەی ئەمریکا هەروەها بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، کە هاوکات لە گەڵ ئەم بڕیارە، دۆناڵد ترەمپ، ستراتیژی نوێی و هەمەلایەنەی واشنتۆن بەرامبەر بە ئێران رادەگەیەنێت.

رۆیتەرز لای خۆیەوە رایگەیاندووە، کە ستراتیژی نوێی ئەمریکا هەمبەر تاران، بە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی لە گەڵ وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی سەربازی ئەم وڵاتە گوتی “نابێ رێگە بە ئێران بدرێت، کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات، حکومەتی ئێران پاڵپشتی تیرۆریزم دەکات و توندوتیژی و خوێنرشتن و پاشاگەردانی لە سەرتاسەری ناوچەکە پەرەپێدەدات”.

دۆنالد ترەمپ جەختیشی کردۆتەوە، کە هەر بەم هۆیەش دەبێ شەڕاشۆیی بەردەوام و فراوانخوازی ئەتۆمی ئێران رێگری لێ بکرێت. ئێران پابەندی جەوهەری رێککەوتنەکە نەبووە و ئێمە لەم بارەیەوە کۆدەبینەوە و بە تێر و تەسەلی تاوتوێی دەکەین.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری خۆی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران بە شەمەزارییەک بۆ ئەمریکا وەسف کردووە و گوتوویەتی “پێم وانەبێت، کە وڵاتەکەی دوور رەوانینی بۆ ئەم رێککەوتنە هەبێت و ئاگاداری ئەنجامە کۆتاییەکانی بێت.

بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران بەشێک لە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی رادەگرێت و لە بەرامبەردا گەمارۆکانی پەیوەست بەم چالاکیانە لە سەر ئێران هەڵدەگیڕێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com