بارزانی: ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرجین لە گەڵ بەغدا

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند “هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بە بێ مەرج و بە ئەجیندایەكی كراوە لەگەڵ بەغدا”.

رۆژی سێشەممە 10-10-2017، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كاردانەوەكانی دوای گشتپرسی بە بارزانی راگەیاندووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە سەقامگیری و سەلامەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا رایگەیاندووە “هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بە بێ مەرج و بە ئەجیندایەكی كراوە لەگەڵ بەغدا”.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق داوایکرد، كە هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی گرژی و ئاڵۆزكردن هەنگا و نەنێن و ئامادەیی ئەڵمانیاشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی هەردوولا، بۆ ئەوەی بكەونە گفتوگۆ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و رێگەگرتن لە گرژی، چونكە گرژی و ئاڵۆزی بە زیانی هەردوولا دەبێت.

بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا كرد و ئەوەیشی خستەڕوو، كە گەلی كوردستان لە پرۆسەیەكی ئاشتیانەدا دەنگی داوە و گشتپرسی دەرخەری ئیرادەی گەلی كوردستانە. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com