دیدارە مێژوویەکەی شاسەلمان و پوتین

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

یەکەم سەردانی شایەکی سعودیە بۆ پایتەختی روسیا، سەردانێکی سیمبۆلیک هەژمار دەکرێت، کە کۆمەلێک دەرهاویشتەی بۆ رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە دواوە دەبێت.

بەڵام پرسیارێک، کە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی بەخۆوە خەریک کردووە ئەمەیە، کە ئەنجامەکان و دەرهاویشتەکانی ئەم سەردانی شا سەلمان بۆ روسیا و کۆبوونەوەی لە گەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ئەم وڵاتە، دەتوانێ چی بێ، بە تایبەت کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانگارییەکی خێرا و هەمەلایەنە دایە؟

دیداری مەلیک سەلمان و پوتین بە تایبەتی لەو رووەوە، کە مۆسکۆ و تاران لێک نزیکن و هەروەها سعودیە و کۆماری ئیسلامی لە دژایەتییەکی تەواودان، رۆڵی تاران و ریاز لە قەیرانی سوریا و هەروەها نیگەرانیەکانی ئیسرائیل هەمبەر بوونی ئێران لە سوریا  و هاوپەیمانی لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان، بەشێک لەو هاوکێشانەن، کە گرنگی ئەم سەردان و هەروەها رۆڵی ئەم لایەنانەی لە داهاتووی ناوچەکە بەرجەستە کردۆتەوە  و پرسیاری لە سەر دروست کردوون.

بابەتێکی جێی سەرنجی دیکە ئەوەیە، کە سەرانی روسیا و سعودیە، لە پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵێک پرسی هەستیاری ناوچەیی و هەروەها بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە چۆن بڕیار دەدەن و لە چ روانگەیەکەوە سەریری ئەم هاوکێشانە دەکەن.

رەوش و هەلومەرجی ناوچەکە زۆرتر لە شەتڕەنجێک دەچێ، کە هەر کام لەم وڵاتانە رۆڵی مۆرەکانیان هەیە و دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە لە پەیوەندی لە گەڵ رەوتی گۆڕانکاریەکان هەبێت.

ئەگەرچی عادل جوبەیر، وەزیری کاروباری دەرەوەی سعودیە لە جانیوەری ٢٠١٦، روسیای وەک زلهێزێکی جێی بایەخ و شوێندانەر ناوبرد وخوازیاری پەرەپێدان بە پەیوەندیەکانی نێوان ریاز و مۆسکۆ بوو، بەڵام سعودیە ئیستاش بە یەکێک لە لایەنگران و هاوپەیمانانی سەرەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، سەرۆککۆمارێک، کە هاوکات لە گەڵ روسیا لە ململانێدایە.

لەم نێوەدا مەلیک سەلمان، کە چەند مانگ بەر لە ئێستا میوانداری دۆناڵد ترەمپ بوو و سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سعودیە هەرا و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دواتر وەک یەکەمین شای سعودیە سەردانی مۆسکۆی کرد. سەردانێک، کە لە خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و مانایە بۆ چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی.

هەروەها شەڕی ناوخۆی سوریا و رۆڵی بەرچاوی ئێران و روسیا لەم شەڕە نابێ نادیدە بگیردرێت. سعودیە وەک خۆی نیگەرانی رۆڵ و هاوپەیمانێتی ئەم دوو وڵاتەیە و لە لایەکی دیکەشەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەرەدوام سەبارەت بە بوونی ئێران لە سوریا و پشتیوانی کردنی لە حزبوڵڵای لوبنان، هۆشداری داوە و نیگەرانیەکانی خۆی نەشاردۆتەوە.

ئێستا سعودیە، وەک رابەر و سەرکردەی زۆربەی وڵاتانی سوننەی ناوچەکە ناوی لێ دەبردرێ، کە بە کردەوە لە گەڵ ئێران لە دژایەتیدایە، بە تایبەتی لە سوریا، عێراق و یەمەن، بەرەنگاری یەکتر بوونەتەوە. لە راستیدا تەنها دۆستی هاوپەیمانی ئێران، کە لە ناوچەکە تەڕاتێن دەکات، روسیایە.

لە لایەکی دیکەوە، شەڕە قسەی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، نیگەرانی و کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەی بەدواوە بووە.

بەم پێیە، دەبێ چاوەرێ بکرێ، کە ئەنجامەکانی سەردانە مێژووییەکەی شای سعودیە بۆ روسیا و کاریگەریەکانی بە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهان، چۆناوچۆن دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com