نێچیرڤان بارزانى لەبارەی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم زەند پەیامێک بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت

سەرۆکوه‌زیرانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی کەریم زەند، مێژوونووسی کورد پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مامۆستا تەمەنی بە پاراستن و خزمەتکردنی ناسنامەی نەتەوەکەی بەخشی.

لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت: “به‌داخه‌وه هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم زەند-مان پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادە و دۆستانی مامۆستا و سەرجەم رۆشنبیران و گەلی کوردستان دەکەین”. 

نێچیرڤان بارزانى دەشڵێت “مامۆستای خوالێخۆشبوو کە مێژووناس و جوگرافیاناسێکی دیاری گەلەکەمان بوو، ساڵانێکی زۆری تەمەنی بە پاراستن و خزمەتکردنی ناسنامەی نەتەوەکەی بەخشی و چەندین بەرهەمی ناوازە و دەگمەنی بەخشیوەتە کتێبخانەی کوردی کە بوونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ نەوە بە نەوەی توێژەران و خوێندەوارانمان”.

سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانى ئاماژەی بەوەشکردووە “گیانی نیشتیمانپەروەری و ئامادەییی مامۆستای خوالێخۆشبوو بۆ خەبات لەپێناو ئازادیی نەتەوەکەیدا راستیەکی بەڵگەنەویستە و بەشداریکردنیان لە کۆماری کوردستان لە مه‌هاباد و شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بە بیر و قەڵەمی بەبڕشتی، بەڵگەی ئەو راستییەن. لە پاش راپەڕینی مەزنی 1991ی گەلی کوردستانیشەوە رۆڵێکی کاریگەری لە بواری مێژوویی و رۆشنبیری و پەروەردەییدا هەبووە. بە کۆچی دوایی مامۆستا کەریم زەند، گەلی کوردستان رۆشنبیر و مێژووناس و توانایەکی گەورە و دڵسۆزی لەدەستدا”.

رۆژی سێشەممە 10-10-2017، مامۆستا کەریم زەند، جوگرافیناس و مێژوونووسی دیاری کورد لە تەمەنی 93 ساڵی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

کەریم زەند بە ماوەی 13 ساڵ بە مەبەستی نووسینی جوگرافیا، کوردستانی گەورە گەڕاوە. لەماوەی تەمەنیدا، کەریم زەند نزیکەی 30 بۆ 40 کتێبی ئامادەکرا و دەستنووسی هەیە، 15 کتێبی جۆراوجۆری هەیە کە خۆی لە بوارەکانی جوگرافیا و مێژووی کوردستاندا نووسیوویەتی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com