پەرلەمانتارێک: چوونەوە بۆ بەغدا شەرعیەتدانە بەو بڕیارانەی دژی کوردستان دەردەچێت 

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، ناگەڕێنەوە بەغدا تاوەکو بەڵێن دەدەن بڕیارەکانی پەرلەمان بڕیاری هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت و دەشڵێت “چونەوەمان بەم دۆخەی ئێستا شەرعیەتدانە بەو بڕیارانەی، دژی  هەرێمی کوردستان دەردەچێت”.

پێش ئەنجامدانی گشتپرسی هەرێمی کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان بایکۆتی پەرلەمانی عێراقیانکرد، لەدژی ئەو بڕیارانەی دژی هەرێمی کوردستان دەردەکرێت، لەئێستادا جگە لە فراکسیۆنی پارتی، هەریەك لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانی، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گەڕاونەتەوە بەغدا. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی، لەبارەی گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاند: تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە بگەڕێینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆچونێك هەیە، کە بگەڕێینەوە پەرلەمانی عێراق، بەمەرجێك بارودۆخەکە ئارامبکرێتەوە و گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، چونکە بەو شێوەی ئێستا، گەرانەوەمان لەوانەیە کێشەکان زیاتر بکات نەك چارەسەر.

ئەردەڵان نورەدین گوتیشی “لەئێستادا پەرلەمانی عێراق بەرەو زۆرینە دەچێت، هەرکاتێکیش بەرەو زۆرینە چوو، هەروەها رێز لەپێکهاتەکان نەگیرا، ئەوکاتە پەرلەمان ئەو بڕیارانەی دەری دەکات گرینگی بە هەڵوێستی کورد نادات، چونکە کورد لەپەرلەمانی عێراق کەمینەیە و ئەو رێژەیە بەدەنگدان ناتوانێت هیچ رێگرییەك بکات لەو بڕیارانەی، کە دژی کورد دەردەکرێت”.     

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر بارودۆخەکە نەگەڕێتە بارودۆخی پێشووی خۆی و بڕیارەکان هەموویان بە رێککەوتن و شەراکەت نەبێت، ئەوکات چوونەوەی کورد بۆ بەغدا، وەکو ئەوەیە، کە شەرعیەت بدەینە ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دەردەچێت دژی هەرێمی کوردستان. 

د. ئەردەڵان جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەوان وەك فراکسیۆنی پارتی، ناگەڕێنەوە بەغدا، تاوەکو بەڵێن دەدەن بڕیارەکانی پەرلەمان بڕیاری هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت و بە رەزامەندی ئەوان دەبێت، نەك بە زۆرینە و کەمینە بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com