عەبادی: سوپای عێراق بۆ شەڕکردن لەدژی کورد بەکارناهێنن

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، سوپای عێراق بۆ شەڕکردن لەدژی کورد بەکارناهێنن، بەڵام پاراستنی یەکپارچەیی ئەرکمانە و دەستوور جێبەجێ دەکەین. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-10-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لەبارەی چەسپاندنی سەقامگیری زیاتر لە پارێزگای ئەنبار. هەر لە کۆبوونەوەکەشدا باسی گشتپرسی و کاردانەوەکانی دوای گشتپرسی کرد. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند “سوپاکەمان لەدژی گەلەکەمان بەکارناهێنین، هەروەها شەڕ لەگەڵ هاونیشتمانیانی کورد ناکەین. بەڵام ئەرکی سەر شانمانە پارێزگاری لە یەکپارچەیی وڵات بکەین و دەستوور بچەسپێنین و هاونیشتمانیان و سامانی نیشتمانی بپارێزین”.

عەبادی جەخت دەکاتەوە و دەڵێت “بەجددی کار بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەسپاندنی سەقامگیری دەکەین. پێویستە کەمپەکانی ئاوارەکان دابخرێن و بەزووترین کات هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەروەها پارێزگاری لەو سەرکەوتنە بکرێت، کە لە ئەنبار بەدەستهاتووە”.

شەوی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا و رایگەیاند “پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەکانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، کە ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشی گەورە بۆ سەر کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک و باکووری موسڵەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com