سەعدی پیرە: بارزانی لە رێککەوتنی ئۆپەراسیۆنی کەرکوک ئاگادار نەکراوەتەوە

0

نوچەنێت

گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەک چەکداری حەشدی شەعبی لەناو کەرکوک نەماوە و دۆخی کەرکوک و شنگالیش ئارامە و دەشڵێت “دەستگیرکردنی کۆسرەت رەسول لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق فلسێک ناهێنێت”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-10-2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “حەشدی شەعبی کەرکوکی جێهێشتووە و چەکداری ئەو گروپە لەنێو شارەکەدا نەماوە، هەروەها ئێستا دۆخی کەرکوک، شنگال، مەخموور و خانەقین ئارامن و سوپای عێراقیش سوپای بێگانە نییە”.

 گوتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند “لە ئۆپەراسیۆنی کەرکوکدا ئێران و تورکیش نوێنەریان هەبووە، قاسم سولەیمانی، نوێنەری ئێران بووە، هاکان فیدان، راوێژاری دەزگای میتی تورکیاش ئاگادار بووە و نوێنەری هەبووە”.

سەعدی پیرە ئاماژەی بۆئەوەشکرد، لە هەر شوێنێک پێشمەرگە کشابێتەوە ئەوە بەڕێککەوتن بووە، و دەڵێت”بارزانی لە رێککەوتنی ئۆپەراسیۆنی کەرکوک ئاگادارنەکراوەتەوە، هاوکات کۆسرەت رەسول گلەیی لەوە هەیە کە ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنی کەرکوک نەبووە و نیگەرانییەکەشی بەجێیە”.

پیرە گوتیشی “هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم یەکێک بوو لە مەرجەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام جێبەجێکردنی ئەوە ئەستەمبوو، ئەوەشی روویدا لە ئەنجامی ریفراندۆم بوو”.

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان روونادات و مەترسی دوو ئیدارەیی لەئارادا نییە، هاوکات گۆڕانکاریش لە پۆست و ئیدارەدانی ناوچە جێناکۆکان ناکرێت.

سەبارەت بە بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ دەستگیرکردنی بۆ کۆسرەت رەسول بە تۆمەتی ناوبردنی هێزە عێراقییەکان بە هێزی داگیرکەر لە کەرکووک، سەعدی پیرە گوتی”هەر لە بەغداوە کۆسرەت رەسول لە مێژویی ژیانیدا سێجار بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام فەرمانی دەستگیرکردنی کاک کۆسرەت فلسێک ناهێنێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com