قەیس خەزعەلی: سوپاسی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەکات

0

نوچەنێت

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەبەرامبەر پاشەکشەکردن لە کەرکوک و شەڕنەکردن بەرامبەر حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، داوای خەڵاتکردنی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەکات.

لەرۆژی 16-10-2017، لەکاتی هێرشی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بۆ سەر کەرکوک، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی، کە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی دیکەی خانەوادەی تاڵەبانی فەرماندەییان دەکردن، بەرگرییان نەکرد و کشانەوە، ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوەی بەزووترین کات دەست بەسەر شارەکەدا بگرن. پاشان ئاشکراکرا، کە ئەو کەسانە رێککەوتنیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی کردووە، کۆسرەت رەسولیش (جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە پەیامێکدا بە “خائین و  دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ” ناویبردن و رایگەیاند: “چەند کاڵفام و لادەرێک لە یەکێتی بە سەرشۆڕی چوونە نێو مێژووەوە”.

رۆژی پێنجشەممە 19-10-2017، شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاڵا تاڵەبانی، سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە. 

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی خەزعەلی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی باکووری عێراق کراوە، بەتایبەت رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک. 

قەیس خەزعەلی، لە دیدارەکەدا داوای هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی دەکات و داواشی کردووە، هاونیشتمانیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەتایبەت لە ناوچەی خورماتوو، داواشی کردووە، بڵاوەپێکردنی سەربازی لەنێو کەرکوک تەنیا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بێت.

لە دیدارەکەدا قەیس خەزعەلی، کە بە کەسێکی دژە کورد ناسراوە، داوای هاوکاری و پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەو کوردانەی هاوکاربوون لە سەرکەوتنی پلانی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە عێراقییەکان و دەستبەسەرداگرتنی کەرکوک و دەورووبەری و بەرزنەکردنەوەی چەک بەڕوویاندا.

خەزعەلی گوتووشیەتی “ئێمە دژی سیاسەتی بەکوردکردنین، وەک چۆن پێشتر دژی سیاسەتی بەعەرەبکردن بووین لەلایەن رژێمی پێشوو، ئێمە جەخت لە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان دەکەینەوە، ئەوەش پێویستی بە زۆرترین هەوڵ و هەماهەنگی هەموو هێزە ئەمنی و سیاسییەکانە”.

هەروەک لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیاندا هاتووە “خەزعەلی گوتوویەتی، هەست و پێزانینی زۆرمان بۆ هەڵویستی سەرکردە کوردەکان، “بافڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی” هەیە لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی کەرکوک”.

خەزعەلی داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، پاڵپشتی لە پارێزگای سلێمانی بکات بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی پێگەی سیاسی و رۆڵی گرنگی لە جێبەجێکردنی پلانی دووبارە دابەشکردنەوەی هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی لە کەرکوک و دەورووبەری. هەروەها داوادەکات موچەی ئەو پێشمەرگانە خەرج بکات، کە ئامادەنەبوون چەک بەڕووی هێزە عێراقییەکان بەرزبکەنەوە و پاشەکشەیان کرد. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com