سیانەی شا سەلمان، عەبادی و تیلێرسۆن

0

نوچەنێت-فراتاب

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای شاندێکی باڵای ئەم وڵاتە پێکهاتوو لە ١٠ وەزیری کابینەکەی لە ریازە. رێکس تیلێرسۆن، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا، سەردانی سعودیە دەکات. پرسیارێک لە سەر ئەم سەردانانە دروست بووە، ئامانجی ئەم سێ لایەنە چییە؟

ئەمریکا هەوڵ دەدات لە نێوان باڵی میانەڕەوی شیعەکانی عێراق و سعودیە، هاوپەیوەندییەک دروست بکات و بەم رێگەوە پەیوەندیەکانی دوو ڵات ئاسایی بکاتەوە و هاوکات نفوزی ئێڕان لە سەر بەغدا کەم بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە عەبادی و شای سعودیە لە یەک نزیک بکاتەوە. ئەمریکیەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە عەبادی یەکێک لەو دەگمەن شانسانەیە، کە بۆ مانەوەی عێراق و پێکهاتنی دەوڵەتێکی میانەڕەو، پێویستە و هەر بۆیە لە ناوخۆ هەوڵی بەهێزکردنی دەدات و لە دەرەوەش لایەنگر و دۆستی بۆ دەبینێتەوە.

سعودیەش، کە سەردەمانێک سەرەکیترین پاڵنەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بوو، زوو تێگەیشت، کە رەوتی گۆڕانکاریەکان لە بەرژەوەندی ئەودا نییە و بە کردەوە و بە سەرنجدان بە زۆرینەی دانیشتوانی شیعەی عێراق، رکابەرە ناوچەیەکەی رادەستی ئێران کراوە و بە کردەوە خرایە پەراوێزەوە.

هەوڵەکانی سعودیە، تاکوو ئێستا ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە، نە بۆ سەقامگیرکردنی عێراق، نە بۆ نزیک بوونەوەی لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە. ئێستا هەوڵدەدات لەم دۆخە تازەدا شانسی خۆی لە گەڵ عەبادی و چەند باڵێکی شیعەکانی ئەم وڵاتە تاقی بکاتەوە، تا بە جۆرێک هاوسەنگی لە گەڵ ئێران لە عێراق دروست بکات. هەر بۆیە هەوڵ دەدات ئەگەر ناتوانێ عێراقێکی هاوپەیمان ببینێتەوە، بە لانی کەمەوە ئەم وڵاتە لە هاوپەیمانێتی ستراتیژی ئێران دوور بخاتەوە.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، باڵی شیعەی رەخنەگری کۆماری ئیسلامی، بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر، هەوڵەکانی بە ئاراستەی نزیک کردنەوەی بەغدا لە گەڵ ریاز بووە، بە جۆرێک، کە موقتەدا سەدر وێڕای رەخنە و هێرشی توندی بۆ سەر ئێران، سعودیە بە باوکی رۆحی ناوچەکە وەسف کرد.

عەبادی ئێستا هەموو هەوڵەکانی بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانە. ئەو دەزانێ، کە لە ناوخۆی حزبی دەعقە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نە تەنها شانسێکی ئەوتۆی بۆ سەرکەوتن بە سەر نوری مالکی، رکابەرە سەرەکیەکەی نییە، بەڵکوو لە داهاتوووشدا پێدەچێت رکابەری سەرەکی عەبادی یان خودی مالیکی دەبێت، یان نوێنەری ناوبراو. لە لایەکی دیکەوە عەمار حەکیم، بە چوونە دەرەوەی لە حزبی ماڵباتەکە، کە لە رووی رێکخستنەوە بەستراوەییەکی سیمبۆلیکی  بە ئێران هەیە، هەموو هەوڵی ئەوەیە، کە ریڕەوێکی نوێ لە عێراق بگرێتە بەر دەم و بۆ ئەم مەبەستەش تەرکیز و سەرنجی خستۆتە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتی جددی ئەمریکا لە گەڵ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەروەها وەڵامی ساردی سعودیە بەم پرسە، دەبی لە دووتوێی ستراتیژیەکدا شرۆڤە بکرێ، کە بەو پێیە واشنتۆن و ریاز، بە دوای بەهێزکردنی رەوتێکی میانەڕەوی شیعە بەرامبەر بە باڵەکەی دیکە، واتە رەوتی مالیکین لەم ستراتیژیەدا، پاڵپشتی و کارتی کوردەکان و عەرەبە سوننەکان، گرنگی زۆری پێدراوە.

ئێستا دەبێ چاوەڕێ بکرێ تاکوو بزانین هەڵوێستی راگەیاندنی لایەنەکان لە ریاز چۆناوچۆن دەبێ و ئەنجامەکەی دەبێت بە چی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com