پەرلەمانتارێک: کات درەنگ نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە رەواکان

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین رێگاچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەڵێت “هێشتا کات درەنگ نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە رەواکانی گەلەکەمان، چونکە خەڵکی کوردستان خەڵکێکی خۆڕاگر و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مونا قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە رایگەیاند: دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین رێگاچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نابێت چیدیکە دەستوور پێشێلبکرێت، ئەو هێزانەش رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، دەبێت بەدەستور یەکلاییبکرێنەوە و گوتیشی”پێویستە پێکهاتە تورکمانیەکان، خۆیان بەدوور بگرن لەدەستێوەردانی حزبەکان و نەبنە ئامرازێك بۆ ئەوەی هەر حزبێك بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکاریان بهێنێت”.  

مونا قەهوەچی، بۆ چارەسەری کێشەکان لەبنەڕەتەوە، جەخت دەکات لەوەی، دەبێت سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان، کێشە ناوخۆییەکان بەلاوەبنێن و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوبگرن. دەشڵێت “لەم دۆخە نەخوازراوەدا لەبەرژەوەندی کەسدا نییە، کە حزبێک هەڵوێستی نەبێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانەنیشێت، چونکە هەموومان یەك ئامانجمان هەیە، ئەویش رزگارکردنی کوردستانە، بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە”.    

هاوکات، داواش لەحزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی تاکو ئێستا لەپرۆسەی سیاسی راستەوخۆ نایانەوێت بەشداربن، دەبێت بەشداریەکی کارایان هەبێت و بیر لەئایندەیەکی گەش بکەینەوە بۆ کوردستان.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشدەکات، پەرلەمانی کوردستان، کە دامەزراوەیەکی شەرعییە، دەبێت هەموومان پێداگری بکەین لەسەر مانەوەی، نابێت لە بۆشایی یاسایدا بەرژەوەندی حزبەکان جێبەجێبکرێت.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com