دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری و چەند سەرنجێک

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری، رووداوێکی چاوەڕواننەکراو بوو، کاردانەوەکان بەرامبەر بەم رووداوە بەردەوامە و بە بۆچوونی چاودێران، هۆشدارئامێز و شوێندانەری تەواوی بە سەر دۆخی ناوچەکە هەیە.

دۆخیك، کە بە گۆڕانکارییەکی جیئۆپۆلۆتی خێرا، فۆرم و ریزبەندی سیاسی ناوچەکەی بەرەوڕووی گۆڕانکاری قووڵ و هەمەلایەنە کردۆتەوە.

سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان یەکێک لە هاوپەیمانانی سعودیەیە، کە دوای دەستلەکارکێشانەوە، رەخنەت توندی لە حزبوڵڵای لوبنان و ئێران گرت و گوتی، گیانی لە مەترسیدایە. ئێران ئەم لێدوانەی حەریری بە بێ بنەما وەسف کردووە.

حەریری دەڵێت “من دەمهەوێ بە ئێران و پەیڕەوانی بڵێم، کە لە بابەتی دەستوەردانەکانیان لە کاروباری جیهانی عەرەبی، دەدۆڕێن. گەلی ئێمە هەر وەک رابردوو هەڵدەستێتەوە و ئەو دەستدرێژیانە کورت دەکاتەوە، هەر وەک چۆن لە بەحرێن و یەمەن پاشەکشەیان پێکرا”.

حەریری رۆژانی رابردوو بۆ دووهەمین جار سەردانی سعودیەی کرد و لە گەڵ شازادەی جێنیشینی ئەم وڵاتە کۆبووەوە و ئەم دیدارە، دیدارێکی فەرمی بوو. بەپێی راپۆرتەکان، حەریری پێشتر لە گەڵ عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رابەری کۆماری ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە بەیروت کۆبووەتەوە.

گۆڕەپانی سیاسی لوبنان و چۆنیەتی کاردانەوەکان بەرامبەر بە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی حەریری، رەنگدانەوەی شەڕی ساردی نێوان سعودیە و ئێرانە، کە رۆژ لە گەڵ رۆژ لە هەڵکشاندایە.

بە گوتەی شارەزایانی بلۆمبێرگ، ئەم بڕیارە چاوەڕواننەکراوەی حەریری، نە تەنها دۆخی سیاسی و ئابوری لوبنانی خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵکوو کار دەکات سەر ناوچەکە، کە لە ژێر قورسایی بوونی داعش لە ناسەقامگیریدایە و پێدەچێت شوێندانەری نەرێنی زیاتری بەدوادابێ.

لە کاتێکدا بن سەلمان، ئێران بەدوژمنی سەرەکی سعودیە دەزانێ، ئەم دوو ڵاتە لە بەرگری کردنی لە هاوپەیمانانی خۆیان لە سوریا، عێراق و یەمەن، بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە.

هاوکات، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە پێشتر باسی لە هاتنە کایەی هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی و تەل ئەبیب بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئێران هێنابووە ئاراوە، دەستلەکارکێشانەوەی حەریری بە زەنگی مەترسی دەزانێ و دەڵێ ئێران هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.

دابەشکردنی دەسەڵات لە لوبنان، بە پێی رێککەوتنێکی مەزهەبییە، قاعیدەی دەوڵەت بریتییە لە گروپێک لە ئەندامانی شیعەی حزبوڵڵا کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. سەرۆککۆمار، کە بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، مەسیحییە و سەرۆکوەزیرانی لە سوننەکانە و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان شیعەن. میشل عون، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە، کە دوو ساڵی ماوە سەرۆکایەتیەکەی بەسەربچێ، لە راگەیێنداروێكدا جەختی لە سەر یەکڕیز و سەقامگیری سیاسی لوبنان کردۆتەوە.

دەستلەکارکشانەوەی حەریری دوورەدیمەنی تێکهەڵچوونێکی نوێ لە نێوان ئێران و سعودیە وێنا دەکات، بەڵام ئەمجارە لە لوبنان. وڵاتێک، کە هاوپەیمانی سەرەکی ئێران واتە حزبوڵڵا، توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو و بە بەروارد لە گەڵ سوننەکانی وڵاتی داروسێ، واتە سوریا، سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بەو هۆیەی، کە سعودیە لە وەلانانی هاوپەیمانی ئێران لە کورسی دەسەڵات واتە بەشار ئەسەد سەرکەوتوو نەبووە، ئێستا پشتی بە پاڵپشتێکی نوێ واتە دۆناڵد ترەمپ بەستووە، کە کەم کردنەوەی نفوز و دەسەڵاتی ئێرانی لە دەرەوەی سنورەکان وەک ئەولەوییەت هەڵبژاردووە. هەڵوێستێک، کە پێناچێ دەستلەکارکێشانەوەی حەریری یارمەتی بە سعودیە بکات.

بەرەبەرە، کە تەپوتۆزی شەڕی داعش لە عێراق و سوریا دەنیشێتەوە، شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، کە وڵاتانی زلهێزی جیهان و ناوچەکە، بە دوای پێگەیەکی بەهێزتر دەگەڕێن لە ناوچەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com