ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەغدا پابەند نییە بەدەستوور

0

نوچەنێت

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی تورکیای کرد بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی کوردستان و داواشی لە حکومەتی عێراق دەکات وه‌ك پێویست به‌پیر لێقه‌ومانه‌وه‌ بێت”. دەشڵێت “حکومەتی بەغدا، لە کرداردا پابەند نییە بەدەستوور”.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 13-11-2017)، به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌وى رابردوو له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، تیمێكى به‌په‌له‌ دروستبکرێ بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان و سوپاسى داموده‌زگاكانى حكومه‌تى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان.

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسى سه‌رۆكایه‌تی كۆمارى توركیا و ده‌زگاى به‌هاناوه‌چوونى ئافادى توركى كرد، كه‌ هاوكارى و تیمێكى فریاگوزارییان بۆ هاوكاریى لێقه‌وماوان ناردووه‌، داواى كرد حكومه‌تى عێراقى فیدراڵیش وه‌ك پێویست به‌پیر لێقه‌ومانه‌وه‌ بێت.

لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتیكرده‌وه‌، خوازیاره‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌ رێگه‌ى دیالۆگێكى جددییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نیگه‌رانی خۆیشى نیشانداوە، كه‌ “حكومه‌تى فیدراڵ وێڕاى ئه‌وه‌ى باس له‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووره‌ ده‌كات، به‌ڵام له كرداردا وا نییه‌ و هه‌نگاوى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم ده‌گرێته‌به‌ر، وه‌ك پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقى فیدراڵ بۆ ساڵى 2018 و كه‌مكرده‌وه‌نه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمی کوردستان، به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى فیدراڵى هه‌ڵده‌وەشێنێته‌وه‌ و چه‌ندین بڕیار و رێكارى دیكه‌ى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان”.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی کوردستان جه‌ختى له پێویستى و گرنگی یه‌كڕیزیى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئه‌مڕۆى سیاسى و ئابوورى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com