ئێڕان لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک دەبێتەوە

0

نوچەنێت

رۆژنامەی هائارتێزی ئیسرائیل لە بابەتێکدا، بە ئاماژەدان بە نەخشەی هاوپێچی ئاگربەستی سێ قۆلی سەبارەت بە باشوری سوریا، کە رۆژی رابردوو ١٢ی نۆڤەمبەر، لە نێوان ئەمریکا، روسیا و ئۆردن، واژۆ کرا، نووسیویەتی: بەپێێ ئەم رێککەوتنە، لە زۆریەک لە ناوچەکان، مەودای ٢٠ کیلۆمەتری لە سنوورەکانی ئیسرائیل، وەک هێڵی سوور بۆ میلیشیا شیعەکان دیاری کراوە، بەڵام لە چەند ناوچەیەکی دیکە ئەم ناوچە قەدەغەکراوانە تا ٥ کیلۆمەتر کەم کراوەتەوە، ئەمە بەو مانایە، کە ئێڕان تا دێ لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک دەبێتەوە.

ئەمریکا، روسیا و ئۆردن، رۆژی رابردوو رایانگەیاند، کە لە پەیوەندی لە گەڵ باشوری سوریا گەیشتوونەتە رێککەوتن. بە پێی رێککەوتنەکە، ناوچەیەکی بێ لایەن لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دیاری کراوە و هیچ لایەنێک بۆی نییە لەم ناوچەیە، کە وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراو پێنساوە کراوە، ئۆپەرایسۆنی سەربازی ئەنجام بدات.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسرائیل، رۆژی شەممەی دەربازبوو رایانگەیاند، کە بەرپرسێکی ئەمریکی جەختی کردۆتەوە، کە تێکڕای شەڕکەرە غەیرە سوریەکان، لەوانە هێزەکانی ئێڕانی لە ناوچەکانی نزیک بە سنووری ئیسرائیل و بەرەبەرە لە خودی خاکی سوریا دەکشێنەوە. هەر چەند ئەم بەرپرسەی ئەمریکا لە بارەی رووبەری ئەم ناوچە بێ لایەنە و کاتی جێبەجێکراوی رێککەوتنەکە هیچ زانیارییەکی نەخستۆتەڕوو.

بەرپرسانی ئۆردن گوتوویانە، ئەم رێککەوتنی ئاگربەستە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی ئاگربەستی باشوری سوریا هاتۆتە ئاراوە، کە لە مانگی جولای لە نێوان ئەمریکا و روسیا واژۆ کرا.

دوابەدوای ئەم رێککەوتنەی رۆژی رابردوو، رۆژنامەی ئیسرائیلی هائارتێز، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نۆڤەمبەر، لە وتارێکی شیکاری بە ناونیشانی “رێککەوتنەکەی سوریا تا دێ ئێڕان لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک دەکاتەوە”، جەختی کردۆتەوە، کە ئیسرائیل دڵنیا نییە لەوەی، کە ئەم رێککەوتنە ببێتە بەربەست لە بەردەم هێزەکانی ئێرانی بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانی ئەم وڵاتە، هاوکات لە گەڵ ئەوەی، کە ململانێکان لە کەرتی غەزە لە هەڵکشاندایە.

هائارتێز لەم بارەیەوە نووسیویەتی: ئیسرائیل هیچ وەڵامێکی فەرمی بە رێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی رۆژی رابردوو نەبووە، لە کاتێکدا ئەم رێککەوتنە سەرجەم هێزە بیانیەکان بە سوپای پاسداران و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ناچار دەکات، کە خاکی سوریا جێبهێڵن.

بەڵام لەم رێککەوتنە هیچ ئۆڵتیماتۆمێک دیاری نەکراوە و رێککەوتنە ژێربەژێرەکان لە نێوان ئەم سێ وڵاتە، سوپای پاسداران و هێزە بەوەکالەتەکان تەنها مولزەم دەکات، کە تا رادەیەکی کەم لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەونەوە. وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، لە گەڵ ئەم بابەتە دژایەتی هەیە. پێدەچێ زلهێزەکان نایانهەوێ هەنگاوێکی زیرەکانە بنێن بۆ چوونە دەرەوەی ئێران لە سوریا و بە تایبەتی لە باشوری ئەم وڵاتە، کە نزیکە لە سنوورەکانی ئیسرائیل.

هائارتێز هەروەها نووسیویەتی: لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، بی.بی.سی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی زانیاری لە رۆژئاوا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە وێنە ئاسمانیەکان نیشان دەدەن، کە ئێرانیەکان بە شێوەی نهێنی لە نزیک دیمەشق خەریکی دانانی بنکەی سەربازین. دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم راپۆرتە بوو، کە ئاڤیگدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دا و گوتی، رێگە نادەن، کە سوریا ببێت بە بنکەیەکی پێشڕەو بۆ مێحوەری شیعە، کە بەو هۆیەوە هەژمۆنی خۆی بسەپێنێ و ببێت بە ناوەند.

ئەم رێککەوتنە سێ قۆڵیە، تەنها وەڵامی بەشێک لە نیگەرانیەکانی ئیسرائیلی پێیە. نەخشەی بڵاونەبووەی هاوپێچی ئەم رێککەوتنە دەری دەخات، کە سوپای ئێران و میلیشێا شیعەکان و لەوانە حزبوڵڵای لوبنان، تا چ مەودایەک دەبێ لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەونەوە و سنوورێکیان بۆ دیاری بکرێت.

نەخشەی نوێی جێی ئاماژە، گەلێک ئاڵۆز و ناڕوونە. بەپێێ نەخشەکە، لە زۆریەک لە ناوچەکان، هێزەکانی ئێرانی تا مەودای ٢٠ کیلۆمەتریان بۆ دیاری کراوە، تاکوو لە سنووری ئیسرائیل دوور بکەونەوە، لە بەشێک لە ناوچەکانی دیکەش ئەم مەودایە بە لانی کەم دەگاتە ٥ کیلۆمەتر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com