نێچیرڤان بارزانی: بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بودجە تەرخان دەکەین

0

نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بودجە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی یەکە ئیدارییەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە تەرخان دەکەن. پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمیش ئاراستەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. 

شەوی یەكشەممە 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، زۆرترین زیانیش لە باشووری كوردستان بەر قەزای دەربەندیخان کەوت، جگە لە رووخانی چەندین خانوو، هەر لەو قەزایەدا 5 كەس گیانیان لەدەستدا‌و بە دەیانیش بریندار بوون. لەسەر ئاستی باشووری كوردسنیش بەهۆی بوومەلەرزەكەوە 8 كەس گیانیان لەدەستدا ‌و 321 كەسیش بەهۆی ترسان و برینداربوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران. 

لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەپێی دوایین ئامار تائێستا 423 کەس گیانیان لەدەستداوە، 7 هەزار و 370 کەسیش برینداربوونە، هەزاران خانووش بەتەواوی داڕوخاون، بەم هۆیەوە لە دوێنێوە لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بۆ سێ رۆژ و، ئەمڕۆش لە هەموو ئێران ماتەمینی گشتی راگەیێندراوە.

رۆژی سێشەممە 14-11-2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، لەگەڵ کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ،  د.رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی، د.پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون بۆ رەوشی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە سەردانی دەربەندیخانیان کرد، پاشان لەگەڵ قائیمقام و یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆبوونەوە.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “دوای بینی دۆخەکە و هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخەکە،گەیشتینە ئەو باوەڕەی بە دوو شێوە کاربکەین، یەکەم: بڕێک بودجە دەدەینە یەکە ئیدارییەکان بۆئەوەی ئەو کێشانەی دێنەپێش بەپەلە چارەسەریان بکەن، دووەم: یەکە ئیدارییەکانمان راسپاردوون بۆئەوەی زیانەکان بخەمڵێنن، بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئێمە پێمانبکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە دەیکەین”. 

سەرۆکی حکومەت پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمیشی ئاراستەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی “بنکەی بوومەلەرزەکە لەودیوی سنوور بووە لە ناوچەی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو، بەداخەوە لەوێ زۆر خەڵک شەهیدبووە، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە ماڵباتی هەموو قوربانییەکان دەکەم، هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان لە ئێران، کرماشان و هەموو ناوچەکان دەخوازم، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشی خەمیانین، هیوادارین دوا کارەسات بێت لەو دیوی سنوور رووبدات”.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بەنداوی دەربەندیخانیش، کە زەرەر و زیانی پێکەوتووە گوتی “بۆ بەنداوی دەربەندیخان زۆر بەخەم بووین، بە تێروتەسەلی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوەکە قسەمان کرد، زەرە و زیانی پێکەوتووە، بەڵام بەڕێوەبەری بەنداوەکە دڵنیای کردینەوە کە مەترسی داڕمانی نییە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان و هەموو لایەنەکان خەریکین، دوێنێ لەگەڵ کاک قوباد لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دانیشتین و بەڵێنی ئەوەیان دا خەڵکی شارەزا بۆ هەڵسەنگاندن بنێرن و یارمەتیمان بدەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com