ئاماژەکان لە دژی ئێرانن

0

نوچەنێت

بڕیار لە دوای بڕیار، رێککەوتن لە دژی رێککەوتن، بەرە لە دژی بەرە، هاوپەیمانی لە دوای هاوپەیمانی. هەموو ئەمانە کۆمەڵێک زاراوە و بابەتی رووتینی رۆژانەن، کە قورساییان خستۆتە سەر کایە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکدانەوەی رووداوەکان.

لەم نێوەدا دوو بابەت کۆی ئەم هاوکێشانە پێکەوە گرێ دەدات، رێککەوتنی ئەتۆمی و دواتر قەیرانی سیاسی لوبنان و پیشتریش هێرشی موشەکی میلیشیا حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەلیک خالید، لە ریازی پایتەختی سعودیە.

ئەم دوو فاکتەرە لە لایەک و دوو ئەکتەری سەرەکی ناوچەکە، واتە سعودیە و ئێران لە لایەکی دیکە، جەمسەربەندییەکیان پێکهێناوە، کە لە رووی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبیەوە، نوێنەرایەتی دوو بەرە دەکەن. سعودیە، تاران بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە رێگای هیلالی شیعییەوە، هەوڵی خۆسەپاندن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی دەکات.

لە بەرامبەردا ئێرانیش، پەنجەی تاوان بۆ لای سعودیە رادەکێشێ و دەڵێت “سعودیە پەرە بە بناژۆخوازی ئیسلامی و رەوتە سەلەفیەکان دەدات، وێڕای ئەوەی، کە لەم چەند ساڵەی دوایی ژێربەژێر پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات کرددەوە، ئێران لەم بارەیەوە بە دیاریکراوی پەنجەی لەسەر راسانی رۆژهەڵات داناوە، کە لە قۆناغی سەرەتایی خۆیدایە.

هاوتەریب لە گەڵ ئەم ململانێیە، هاوکێشەیەکی گەورەتر بەرۆکی ئێرانی گرتووە، ئەویش هەڕەشە و لێدوانەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئەم دواییانەش فەرەنسایە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردۆتەوە، کە سەردەمی نەرمی نواندنی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە سەرچووە و چیدی ئامادە نین بەرامبەر بە تەراتێنی ئێرانییەکان و پەلهاویشتنی بۆ ناوچەکە و لە سەرووی هەموویانەوە، رێککەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتە لە گەڵ وڵاتانی گروپی 1+5 بێ دەنگی هەڵبژێرین. رێککەوتنێک، کە بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، خراپترین رێککەوتنی مێژووی ئەمریکا بووە، یان دەبێ هەڵبوەشێتەوە یان دەبێ هەندێک لە خاڵەکانی هەموار بکرێتەوە. ئەمریکیەکان پێیان وایە، رێککەوتنەکە بۆتە هەلێکی زێڕین لە بەردەم ئێرانییەکان، تاکوو پەرە بە بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمی خۆی بدات. رێککەوتنێک، کە بە مەبەستی رێگریکردن لەم بەرنامانە واژۆ کراوە و لە بەرامبەردا، گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵگیراوە.

بە دەر لەم بابەتە، لە ماوەی رابردوودا، ئێمانۆئڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، جەختی کردۆتەوە، کە ئەو بابەتانەی، کە ئەمریکا وەک هەڕەشەکانی ئێران دەستنیشانی کردوون، بە جددی وەردەگرن و فەرەنسا بە فەرمی داوای لە تاران کردووە، کە کەیسی موشەکە بالستیەکانی ئێران بخرێنە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆی لە سەر بکرێ. داوایەک، کە ئێران بە فەرمی رەتی کردۆتەوە.

لای خۆیەوە ئەمریکا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ بە قەناعەت گەیاندنی ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵات بەدەستی ئەوروپی و هاوپەیمانانی دیکەی لە ناوچەکە، تاکوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران هاوکار و هاریکار بن. بە رادەیەک، کە بەرپرسانی باڵا لە واشنتۆن بە ئاشكرا رایانگەیاندووە، کە ئێران گەورەترین سپۆنسەری تیرۆریزمە، هەر ئەمەش بووە دەست مایەی بڕیارێک، کە بەو پێیە سوپای پاسدارانی ئێران و دەست و پەیوەندەکانی بخرێنە لیستە گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاوە.

لە ئاستی ناوچەیی، هاوپەیمانییەکی ناراستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هاتۆتە ئاراوە. سەرباری دوژمنایەتی و مێژوویی ناخۆشی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتانە، ئەوەی کۆدەنگی بۆ پێکهێناون، تەنها و تەنها دژایەتی ئێرانە و لق و پۆپەکانیەتی. سعودیە بە روانگەیەک و ئیسرائیل بە روانگەیەکی دیکەوە.

سعودیە بە هۆی هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانەوە و ئیسرائیل بە هۆی نفوزی روو لە زیادبووی میلیشیاکانی ژێر پشتیوانی ئێران لە سوریا، بە جۆرێک، کە لە ئێستادا دەکرێ بگوترێ، ئێران لە سوریا بە فەرمی بۆتە دراوسێی دوژمنکاری تەل ئەبیب.

ئێران بە پڕۆپاگەندەی خودی بەرپرسانی تاران، دەسەڵاتیان بە سەر چوار پایتەختی عەرەبیدا هەیە، لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان. ئەمەش کاردانەوە و دژکردەوەی وڵاتانی عەرەبی بەدوادا هاتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی نۆڤەمبەر، چەند ئاماژەیەک دەرکەوتن، لە ئەمریکا، کۆشكی سپی رایگەیاند، کە لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا، دۆناڵد ترەمپ و ئیمانۆئێل ماکرۆن، دەربارەی هەڕەشەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان رێککەوتنیان کردووە. لە تەل ئەبیب، ئاڤیگدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، کە دەبێ وێڕای وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانییەک لە دژی ئێران پێکبێنن و رچەی ئاشتی و گفتوگۆ بشکێنن. لە قاهیرەی پایتەختی میسر، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی دیکەوە لەسەر هەمان پرس، جێگری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاندووە، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران و هێرشی حوسییەکانی یەمەن و تەقاندنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی بەحرەینە، کە لە هەر دووکیاندا ئێران بە تاوانباری سەرەکی دەناسرێ و دەگوترێ “تاران دەستی راستەوخۆی هەبووە لەم دوو رووداوە”.

کەناڵی سکای نوزی عەرەبی، رەشنووسی راگەیەندراوی کۆبوونەوە نائاساییەکی کۆمکاری عەرەبی بڵاو کردۆتەوە، کە هاوکات لە گەڵ ئیدانەکردنی سیاسەتی دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی، پشتگیری خۆی بۆ هەر جۆرە پەرچەکردارێک لە لایەن سعودیەوە لە دژی ئێران خستۆتەڕوو.

کۆی ئەم ئاماژانە ئەوەمان پێ دەڵێن، لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، کۆدەنگییەک لە سەر مەترسییەکانی ئێڕان هەیە. ئێران لە ماوەی رابردوودا تا ئەم ئاستە تەنگەتاو نەبووە. دەبێ چاوەڕێ بکەین کاردانەوەی ئێران و قورسایی ئەم هاوپەیمانێتیانە، بە چ رادەیەکە و رەوتی رووداوەکان ئاراستەی بەرەو کوێیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com