ترەمپ، پشوودرێژی ستراتیژی کۆتایی پێدێنێ

0

نوچەنێت

سەردانەکەی ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا بۆ تاران، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو، لە کاتێکدا بوو کە ئەم وڵاتە کۆمەڵێک سەرکەوتنی سەربازی یەک لە دوای یەکی لە سوریا بۆ خۆی تۆمار دەکرد.

نزیک بوونەوە لە کۆتایی شەڕی سوریا، مەیدانی بۆ هاوکێشە سیاسییەکان، چۆڵ کرد، ئەوەی کە لە دوای شەڕ، دەسەڵات چۆناوچۆن دابەش دەبێت و چۆنێتی و رێژەی بەشداری لایەنەکان لە پرۆسەی ئاوەدانکردەوەی ئەم وڵاتە، بە چ شێوەیەکە.

پوتین بەر لەوەی راستەوخۆ بچێتە ناو شەڕی سوریا، سەردانی تارانی کرد، ئەوە بوو کە هاوپەیمانی ئەم دوو وڵاتەی لێکەوتەوە. گریمانە دەکرێت سەردانەکەی دواییشی بۆ ئێران، وەرزێکی نوێ لە هاوکارییەکانی هەردوو وڵاتی بەدواوە بێت، بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ ئاوەدانکردەوەی سوریا و هاوئاهەنگی بۆ قۆناغی ئینتقالی سیاسی لەم وڵاتە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک بێ وەڵام ماوەتەوە، ئایا ئەمریکا لە رێڕەوی ستراتیژی خۆی لە ئیدارەدانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دوور کەوتۆتەوە؟

ئەوەی ئەم پرسیارە زیاتر بەرجەستە دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەگەر چی ستراتیژی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە قۆناغە جیاجیاکاندا جیاوازی بە خۆوە بینیوە، بەڵام ئەوەی وەک خۆی ماوەتەوە، بەرژەوەندییە باڵاکانی واشنتۆنە لەم ناوچەیە.

سەرچاوە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەکیترین و ستراتیژیترین بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێکدێنێ، بە پلەی دوووەم ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل، تیرۆریزم، کۆنتڕۆڵی چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیایی لە ئەولەوییەتدان. هەر بۆیە لە روانگەی ئەمریکاوە، رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دوارۆژدا بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئابوری جیهانی و هەروەها بەرژەوەندیە باڵاکانی واشنتۆن، جێێ بایەخە.

بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت، ئەمریکا لەم ساڵانەی دوایی و بە تایبەت لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەهاری عەرەبی، لە مامەڵەکردن لە گەڵ دۆخی ناوچەکە بە پارێزەوە هەنگاوی ناوە و بە گوێڕەی پێویست هەڵوێستی نەبووە، ئەمەش وای کردووە کە نە تەنها رێگە بۆ ئەکتەرێکی گەورە وەک روسیا، بەڵکو تێکڕای ئەکتەرە ناوچەییەکان فەراهەم بکات، کە هەلەکە بقۆزنەوە و پێگەی خۆیان لە ناوچەکە قایم بکەن. گۆڕینی سیاسەتی دەرەوە لە ئۆباماوە بۆ ترەمپ، وەک خاڵی گۆڕان بۆ هاوپەیمانانی ناوچەیی واشنتۆن هەژمار دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، سەرباری ئەوەی تەرکیزی خستە سەر شەڕی داعش، بەڵام نەیتوانی لە زەلکاوی سیاسەتەکانی پێشووی باراک ئۆباما، رزگاری بێت.هەر بۆیەش هاوپەیمانانی ئەمریکا چاویان بڕیبووە ترەمپ، بە تایبەتی لە مەسەلەی سوریا.

رەنگە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەڵبژاردنی سعودیە وەک یەکەم میواندار، کۆتایی ئەم روانگەیە بێت کە ئاماژەی پێکرا. گرێ دانەوەی پەیوەندییەکان و پەیوەندی کردن بە هاوپەیمانە سەرەکییەکان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ئەم وڵاتانە، کۆتایی بە سیاسەتەکانی باراک ئۆباما لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا.

نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو و ئیسرائیل، لە سیاسەتە لاواز و لەرزۆکەکانی ئۆباما، دەستپێشخەری سەرۆک ترەمپی بەدواوە بوو. ئەوە بوو کە بە دروشـمی پشتیوانی لە دنیای عەرەبی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی رەوتە تیرۆریستیەکان، وتووێژەکانی ئاشتی فەلەستین و ئیسرائیل، مەفروزەکانی ئەم ستراتیژیە نوێێی سەرۆکی ئەمریکا، بوو بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست.

یەکەم پێش فەرزی ترەمۆ، لە یەکەمین گوتاری کە لە سعودیە پێشکەشی کرد، ناوهێنانی ئێران وەک سپۆنسەری یەکەمی تیرۆریزم  بوو کە ئەمن و ئاسایشی ناوچەیەکی تێکداوە. بەم پێیە رێگریکردن لە هەژمونی زیاتری ئێران لە ناوچەکە، ئەولەوییەتی یەکەمی ستراتیژی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ترەمپ بە دانانی سعودیە بەرامبەر بە ئێڕان، ریازی وەک پشتیوانی سیاسەتەکانی واشنتۆن لە ناوچەکە وەسف کرد، کە یارمەتی بە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.

بەم پێیە، ئەگەر ترەمپ بیهەوێ سوکانی سەقامگیری ناوچەکە بە دەستەوە بگرێت، دەبێ هاوسەنگییەک لە ناوچەکە پێکبهێنێ، ئەمەش لە ئێستادا تەنها بە لە رێگەی سعودیەوە مومکینە. گۆڕینی سعودیە لە وڵاتێکی پاشایەتی بە توندی کۆنەپارێز بۆ وڵاتێکی بە پێکهاتە مۆدێڕن و ئەمڕۆیی، دەم و چاوێکی نوێ لەم وڵاتە پیشانی جیهان  وناوچەکە دەکات. چاکسازی و ریفۆرمەکانی سعودیە وا دەکات، کە لە دوارۆژدا، ریاز ببێتە باشترین هاوپەیمانی واشنتۆن لە ناوچەکە. سعودیە هاوکات لە هەوڵدایە وێڕای ئیسرائیل بەرەیەکی نوێ لە  ئێران بکاتەوە تاکوو رێگە لە ئێڕان بگرن.

ئیسرائیلیش بە وەرێخستنی کەمپینێک، لە دژی حزبوڵڵای لوبنان  وپشتیوانی لە سەعد حەریری، ئەو پەیامە دەگەیێنێ کە ئێران و حزبوڵڵا ، دوو مەترسی هەرە گەورە بۆ سەر ناوچەکەن.

ترەمپ بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە ئەگەر خەمسارد بێت و لە رێڕەوی ستراتیژی خۆی لابدات، ئەوە ناوچەیەکی ستراتژکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رادەستی رکابەرەکانی کردووە،هەر بۆیەش هەوڵ دەدات کۆتایی بە  پشوودرێژی ستراتیژی بهێنێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com