هاوپەیمانێتی سعودیە و ئیسرائیل بەرەو کوێ؟

0

نوچەنێت

سعودیە  و ئیسرائیل، پێکەوە هاوپەیمانییەکی نەنووسراویان لە دژی ئێران لە ناوچەکە هەیە. بەم پەیوەندییە روو لە گەشە و زۆر هەستیارە، جاروبار ئاماژەکان خۆیان دەردەخەن.

هەفتەی رابردوو، جەنەڕاڵ گادی ئایزێنکوت، سوپاسالاری ئیسرائیل کە بە دەگمەن وتووێژ و چاوپێکەوتنی میدیایی هەبووە، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی ئیلافی سعودی چاپی بەریتانیا، رایگەیاند، ئیسرائیل ئامادەیە  بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە رووی زانیاری و هەواڵگرییەوە، هاوکاری تەواوی سعودیە بکات.

سوپاسالاری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، کە لە گەڵ سعودیە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و لە بارەی ئێرانەوە بە تەواوی هاوڕا و هاوبۆچوونن.

چەند رۆژ دواتر، لە پاریز، محـمد بن عبدالکریم عیسی، وەزیری دادی سعودیە بە رۆژنامەکانی ئیسرائیلی گوت، هەر جۆرە شەڕ و توندوتیژییەک کە لە ژێر ناوی ئیسلام پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، قابیلی قبوڵ نییە. لە هیچ کوێی جیهان و لەوانەش لە ئیسرائیل.ئەم لێدوانە، لەو رووەوە کە لە وڵاتێکی عەرەبی بیسترا و هاووڵاتیانی ئیسرائیلی کردبووە بەردەنگ، جێی سەرسووڕمان بوو.

بەرپرسێكی سەربازی پێشووی ئیسرائیل، دوای ئەوەی کە لە گەڵ دوو شازادەی باڵای سعودیە کۆبووەوە، گوتی، ئەوەی گوێم لێبووتەعبیرەکەی بەم شێوە بوو کە چیدی ئیسرائیل بە دوژمنی سعودیە هەژمار ناکرێت.

ئەم ئاماژانە بە  رێکەوت نایەنە ئەژمار. بە وردی کاریان لە سەر کراوە و بە شێوەی هەماهەنگ و یەک لە دوای یەک خۆیان نیشان دەدەن. ئامانجی سەرەکی، ئێرانە و پێدەچێ سعودیە بەرەبەرە رای گشتیی کۆمەڵگای بۆ گرێدانی پەیوەندی و هاوپەیمانی لە گەڵ ئیسرائیل، ئامادە بکات. بە هەمان شێوەی لە ئیسرائیلیش ئەم هەوڵانە لە ئارادان.

ئیسرائیلیەکان بە سەرنجدان بە کەلتوری سیاسیان، زیاتر لە سعودیەکان خوازیاری گرێدانی ئەم هاوپەیمانیەتیەن.هەرچەند لایەن و چییەتی ستراتیژی و پراتیکی ئەم پەیوەندییە شاراوەیە.

هەڕەشەی ئێڕان

لە روویەکەوە، ئەم هاوپەیمانییە گرێدراوی هەل و مەرجی ناوچەییە. کەوتنی رژێمی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣،بووە هۆی لەناوچوونی ئەکتەرێکی سوننە، کە دەیتوانی سەنگی ئێران لە ناوچەکە باڵانس بکات.

ئەنجامی کەوتنی رژێمی بەعس لە عێڕاق، هاتنە کایەی دەوڵەتێکی شیعی بووە کە لە گەڵ تاران لە پەیوەندییەکی قوڵدایە. بە رێکەوت نەبوو کە میلیشیا شێعەکانی عێراق لە بەرەی جەنگی سوریا، چوونە پاڵ بەشار ئەسەدەوە.

بڕیاری ئێران بۆ پاڵپشتی کردنی رژێمی بەشار ئەسەد، بە پشتیوانی ئاسمانی و لۆجستی روسیا، یاریەکەی بە  قازانجی ئەسەد گۆڕی. ئەنجامی ئەم دۆخەیە ئەوەیە، کە ئێستا ئێران رێڕەوی دەریای مەدیتەرانەی بە کراوەیی لە بەردەم دایە، دۆخێک کە عەرەبە سوننەکان بە نفوزی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەزانن، واتە دوژمنایەتی ئێران و سعودیە هەم ستراتیژییە، هەم مەزهەبی.

لە ئێستادا، ئێران و هاوپەیمانان و بەوەکالەتەکانی بۆ نموونە حزبوڵڵای لوبنان، خەریکن سەردەکەون، بەم پێیە هاوپەیمانی سعودیە و ئیسرائیل بۆ هەر دوو وڵات پاساو هەڵدەگرێت.

هەر دوو وڵات جەخت لەوە دەکەنەوە، کە نابێ ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.هەر دوو لاش حزبوڵڵای لوبنان بە فاکتەرێکی هەڕەشە بۆ سەر خۆیان  وناوچەکە لێکدەدەنەوە.

فاکتەرێک بە ناوی ترەمپ

لە ناوچەکە، هاوکێشەی دیکەش لە ئارادایە. کێشە تەنها هەژمونی روولە زیادبووی ئێران نییە. نابێ شوێندانەری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئایندەی رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست، لە دوای بەهاری عەرەبی و شەڕی ماڵوێرانکەری سوریا لە بیر بکرێت.

سعودیە و ئیسرائیل، نابێ هیچ گازاندەیەکیان لە ئیدارەی ترەمپ هەبێت. ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ هەر دوو وڵات دڵنەوایی داونەتەوە.

ترەمپ هەروەها چەک بە هاوپەیمانانی خۆی لە کەنداو دەفرۆشێت، بە تایبەت چەکی پێشکەوتوو، بەڵام هاودەدری شتێكە  وستراتیژی بەکردەوە شتێکی دیکەیە.

ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە سوریا، تا ئێستا دۆڕاوی شەڕن.ئێران و روسیا براوەن. بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە ئەمریکا  بۆ بەربەست کردنی هەژمونی ئێران هیچ پلانێکی داڕێژراوی نییە. هەر بۆیە سەیر نایەتە بەرچاو، کە سعودیە لای خۆیەوە بە کردەوە هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات.بۆچوونێکی دیکەش دەڵێت سعودیە  وئیسرائیل، خۆیان لە گەڵ دۆخێک رێکدەخەن کە ئەنجامەکەی بۆتە کەم بوونەوەی هەژمون و دەسەڵاتی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیەش بە ئەسپایی هەوڵی نزیک بوونەوە لە مۆسکۆ دەدەن.

هاوکات پرسێکی جددیتر بوونی هەیە. مەلیک سەلمان دوو سیاسەتی گەورەی لە پێش گرتووە.بەرەنگاربوونەوەی ئێران، زێذە مۆدێرن کردنی سعودیە. سیاسەتی دووەم وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەهاری عەرەبی و رووداوەکانی ئەم دواییانە و بەرهەڵەست بوونەوەی بناژۆخوازی و بیری توندڕەوی ئیسلامییە.

شازادەی جێنشینی سعودیە پێێ وایە، ئەگەر بە تەمای ئایندەیەکی گەشە لەم ناوچەیە، دەبێ خۆی بگۆڕێت و ئەم گۆڕانکاریانە لە ناوخۆی وڵاتەکەیەوە دەست پێبکات.ئەم رەوتە بە رادەی بەرەنگاربوونەوەی لە گەڵ خودی ئێران لای سعودیەکان بەها  وگرنگی پێدەدرێت.

ئیسرائیلیش رای لە سەر ئەم گۆڕانکاریانە هەیە، هەر چەند هەست بە مەترسییەکانی ئەم پڕۆژە گەورەیەی شازادەی گەنجی سعودیەش دەکات.

ئیسرائیل، سوریا وەک تاقیگەیەک دەبینێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئایندەی ناوچەکە، لەم گۆشەنیگاوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی شازادەی جێنشین گەشبینە.

ئەوەی کە ئەم هاوپەیمانێتیەی ئیسرائیل و سعودیە، تا کوێ بڕ دەکات و بەرەو کوێ دەچێ، گرێدراوە بە کۆمەڵێک فاکتەر.ئایا هەوڵەکانی بن سەلمان سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا دەتوانێ رێگری لە پێشڤەچوونی ئێران بکات؟و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە.

ئەگەر بڕیارە پەیوەندی ریاز و تەل ئەبیب ئاشكرا بکرێت، دەبێ کرانەوەیەک بەرەوڕووی پرسی چەندین ساڵەی فەلەستینیەکانیش هەبێت. سعودیە جەختی کردۆتەوە، کە یەکلاکردنەوەی پرسی فەلەستین، پێش مەرجی بە فەرمی ناساندنی ئیسرائیلە.

بە بێ هاتنە کایەی پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، پرسی پەیوەندی و هاوپەیمانی سعودیە و ئیسرائیل  پرسیارێکی جددی لە سەرە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com