دکتۆر محەمەد ناسر سیمایی: بۆ ناسینی رەفتارەکانی هەرکەسێک، دەبێت بۆ قۆناغی هەرزەکاری بگەڕێیتەوە

0

کاریگەری ژیانی هەرزەکاری لەسەر داهاتووی مرۆڤ

نوچەنێت

دەڵێن، کە هیتلەر دایکی نەخۆش بوو. لەتەمەنی مێرمنداڵیدابوو، کاتێک دەچێتە دەرمانخانەیەک بۆ دەرمان، بەهۆی کەمی پارەکەیەوە دەرمانەکەی نادەنێ. ئەویش دەرمانەکە دەدزێت، خاوەنی دەرمانخانەکە دوای دەکەوێت. کە دەگاتە ماڵەوە دایکی مردووە. هیتلەر لەوکاتەوە بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دەدات. ئەو سەردەمەی دەگاتە دەسەڵات، ئەو شارە کاول دەکات کە دەرمانخانەکەی لێبووەو.بەر لەهەموو کەس خاوەنی دەرمانخانەکە دەکوژێت.

بەپێی زانستی دەرونناسی، قۆناغی هەرزەکاری و پێش هەرزەکاری، بناغەی کەسایەتی مرۆڤن و بونیاتی کەسایەتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە بۆ ناسینی هەرکەسێک پێویستە بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێیەتەوە. هەم پێویستە گرنگی تەواو بەو قۆناغەی ژیانی مرۆڤ بدرێت.

دکتۆر محەمەد ناسر سیمایی، دەرونناس و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە کاریگەری قۆناغی هەرزەکاری لەسەر کەسایەتی و ژیانی مرۆڤ دەڵێت” لەرووی زانستی دەرونناسییەوە،  قۆناغی هەرزەکاری بنچینەو بنەمای کەسایەتی مرۆڤە. هەرچی شتی چاک و خراپە لە گەشەی هەرزەکارییەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەوە روانگەیەکی زانستییەوە وەکو زانستی کیمیاو فیزیا وایە. ئەگەر ویستت کەسێک بناسی، دەبێ بگەڕێیەتەوە قۆناغی هەرزەکاری و تا بزانی ئەو رەفتارانە لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە. هەرچی شتی باش و خراپی مرۆڤە، لە قۆناغی تازە پێگەیشتنییەوە سەر هەڵدەدات”.

دکتۆر سیمایی، نەک هەر قۆناغی هەرزەکاری، بەڵکو ئاماژە بە گرنگی و کاریگەرییەکانی تەمەنی پێش هەرزەکاریش دەکات و دەڵێت” زۆربەی دەرونناسان رایانوایە، کە بنچینەی کەسایەتی مرۆڤ، لەتەمەنی شەش ساڵانەوە سەرچاوە دەگرێت. لەوەش زووتر بۆ نمونە ئەگەر منداڵێک لە کاتێ گاگۆڵکێ کردندا لە شتێ بترسێت، تا دەیان ساڵ ئەو ترسە لەگەڵیدا گەورەدەبێت. کەواتە قۆناغی بەر لە هەرزەکاریش بنچینەیەو لە قۆناغی هەرزەکاریدا بیروباوەڕەکان دەق دەگرن”.

ئەو دەرونناسە، قۆناغی هەرزەکاری، بە قۆناغی لوتکەتی تواناکانی مرۆڤ دەخاتەروو-و پێیوایە، هەرچی قیەم و بەهای مرۆڤە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت” هەرزەکار، کاتێک توانای بیرکردنەوە لە چەمکی روت و داماڵراوی دەستکەوتووەو زیرەکییەکەی گەیشتۆتە لوتکە، لەوکاتەدا قیەم و بەهای سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی، نیشتیمانی و ئابوری چۆن دەق دەگرێ، بە تێکەڵەیەک لە لەو قیەم و بەهایانەی کە قوتابخانەو ژینگەو خێزان پێی دەدەن، دەبنە بناغەی کەسایەتی و بیروباوەڕی ئەو، ئەوە بابەتێکە کە لە زانستی دەرونناسیدا یەکلا بۆتەوە”.

دکتۆر سیمایی، بەسەرهاتی زۆر لە کەسانی بەناوبانگی ئاینی و نیشتیمانی، یان دیکتاتۆر دەخاتەروو-و باس لە بەسەرهاتی لینین دەکات، کە لەتەمەنی یانزە ساڵیدابووە،  کاتێک براکەی لە سێدارە دراوە، لینین بەو روداوە تووشی شۆک بووەو دواتر بە دەنگی بەرز هاواردەکات و دەڵێت” تۆڵەی براکەم دەکەمەوە” ئەوەبوو کاتێک گەورەبوو، دەستیکرد بە کاری سیاسی وحزبی دروستکردو حکومەتی سەرمایەداری روسیای روخاند. کەواتە دەکرێت روداوەکانی دەساڵ و یانزەساڵیش، ببنە سەبقێک بۆ داهاتووی کردارو رەفتاری ژیانی مرۆڤ.

سەبارەت بە بەڵگە زانستییەکان، دکتۆر سیمایی، ئاماژە بۆ سستمی بەهاکان دەکات” توێژینەوەی گەورەمان لەسەر سستمی بەهاکان لە رابردوو و ئێستاشدا هەیە، لە خوێندنگە کاندا لێکۆڵینەوەی زۆر لەسەر ئەو بابەتە کراوە، لە جیهاندا بایەخی زۆر بەم جۆرە لێکۆڵینەوانە دراوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە تاران زۆر گرنگی پێدراوە، هەروەها عیراق و کوردستانیش بەکەمی ئەنجامدراوە. بۆ ناسینی کەسێک زانستی دەرونناسی، دەڵێت، سستمی بەهاکانی هەڵبسەنگێنە. ئایا ئەو کەسە بەهای نیشتیمانی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، جوانناسی و هونەر لای گرنگن؟ ئەو بەهایانە حەوت دانەن لە پۆلێنی وایت. دوای ئەوە دەچیتە قۆناغی زانکۆی، کە ئایا بەهاکانی وەک خۆی ماون؟ یان چەند گۆڕانکارییان بەسەرهاتووە. بێ گومان گۆڕانکاری رویداوە، بەڵام بنچینەیی نین”.

ئەو دکتۆرە، کەسایەتی مرۆڤ بە هەیکەلی بینایەک دەچوێنێ، کە ئەگەر بناغەکەی تێکراو هەیکەلی دروستکرا، هەرچۆنێک بێت تۆ ناتوانی ئیتر گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدابکەی، تەنیا دەتوانی دەستکاری دەرگاو پەنجەرەی بکەی، یانیش بۆیەی بکەیتەوە، واتە ئەوەی تۆ دەتوانی بیگۆڕی شتانی لق و پۆپ روکەشن”.

گرنگی قۆناغی هەرزەکاری لە ئاستێکە، کە زۆربەی زانایانی دەرونناسی و کۆمەڵناسی، لەسەر ئەوە هاوڕان، کە بنچینەی دامەزراندنی کەسایەتی مرۆڤە، بۆیە زۆرترین توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی دەرونناسان لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، لەسەر قۆناغی هەرزەکارییە.

هەروەها دەرووناسان دەڵێن، ئەو قۆناغە لوتکەی زیرەکی و تێگەیشتنە. هەربۆیە دەرونناسان و کۆمەڵناسان، جەختیان لەسەر کەمکردنەوەی تەمەنی دەنگدان و خۆپاڵاوتن لە بیست و پێنج ساڵ کردە هەژدەساڵ، حکومەتەکانیان ناچار بەوەکرد کە ئەم بڕیارە گرنگە لەبەرژەوەندی گەنجان و هەرزەکاران بدەن.

دکتۆر سیمایی جەخت لەکاریگەری دەرونناسان و کۆمەڵناسان دەکاتەوە دەڵێت، زۆربەی دەرونناسان، کە کاریگەرییان لەسەر زانستی کۆمەڵایەتی مرۆڤی هەیە، هەروەها لەسەر زانستی سیاسی و زانستی راگەیاندن، هەمویان دەزانن کە هەست و نەستی کەسی هەرزەکار چەند گرنگە، چەند قورس و سەرەکییەو چەند دەبێتە پاشخان و بنەما، بۆ داهاتووی وەچەکان وکۆمەڵگەیەک، ئەوە بە هیچ شێوەیەک بابەتێک نییە کە بڵێم دەرونناسێکمان هەیە ببێتە قوتابخانەیەک و گرنگی و بایەخی یەکجار زۆری پێنەدابێت. دەرونناسانی گەشە، گرنگی زۆر ورد،  بە قۆناغەکانی پێشتریش دەدەن. دەڵێن، تەمەنی شەش ساڵان و هەشت ساڵان، لە شتەکان تێدەگات و وەری دەگرێت، لە یانزەوە تا شانزە تێکەڵی تێگەیشتنی تر دەبێت و تۆکمەترو ئاڵۆزتردەبێت و لە هەرزەکاریدا ئەو بیروباوەڕە دەق دەگرێت. واتە دەرونناس هەیە ئەوا قۆناغەکانی تریشی بۆ گرنگە”.

بەپێی زانستی دەرونناسی، قۆناغی هەرزەکاری و پێش هەرزەکاری، بنەمای رەفتارە ئاڵۆزو تێکەڵەکانی مرۆڤن،  بەشی زۆری دیاردە مرۆییەکان، لەو تەمەنەوە هەڵدەقوڵێت.

هەروەها بەپێی بیردۆزەکانی بینۆسایمۆن، بۆدیناڤ، بی ئای جوێ، زۆربەی بیردۆزە سەرەکییەکانی قۆناغی گەشە، دەڵێن،  توانای زیرەکی لەیانزەو دوانزەوە زۆربەرزدەبێتەوەو رەوتێکی خێرا دەگرێتە خۆی. زیادکردن و پەرەسەندن و قوڵ بوونەوەی هەتا هەژدەو نۆزدە ساڵە، ئەوەی پەیوەندی بە زیرەکی و زیرەکی فێربوونەوەهەبێ. هەمووی لەوتەمەنە قورسایی خۆی وەردەگرێ و دەگاتە لوتکە.

دکتۆر محەمەد ناسر سەبارەت بە هەڵسەنگاندی زیرەکی هەرزەکار دەڵێت” ئەگەر  هەڵسەنگاندنی زیرەکی بکەی، هەڵەسەنگاندنی کەسێکی هەژدەساڵ، لەگەڵ تەمەنی چل ساڵ و شەست ساڵ  هیچ جیاوازی نییە.تەنیا جۆری زانیاری دەگۆڕێت. راستە لەرووی ئەزمونەوە جیاوازترەو شتێک دێتەسەری ، بەڵام توانای فێربوون و توانای تێگەیشتن لە شتی قوڵ و قورس و ئاڵۆز، تێگەیشتن لە شتی چەمکی روت و ئاڵۆزو داماڵراو، کرۆکی زیرەکی و تێگەیشتن،  من دەڵێم بەداخەوە لە دوای هەژدەساڵ، هیچ گۆڕانێکی وای بەسەردا نایەت، یانی ئەگەر لە کەسێک بپرسی کیلۆیەک ئاسن قورسە یان کیلۆیەک لۆکە، جۆری وەڵامدانەوەو لێکدانەوەو گەیشتن لەدەقەکان، لە زانیاری پاساوهێنانەوەکەی لە حەڤدەوهەژدە ساڵ، لەگەڵ چل و پەنجاساڵ هیچ جیاوازی نییە”.

ئایا رونەدانی گۆڕانکاری لە هەموو مرۆڤەکاندا وەکو یەکە؟ دکتۆ سیمایی، ئەویش دەگەڕێنێتەوە جۆری بیرکردنەوەی قۆناغی هەرزەکاری” گۆڕان لەکەسێکدا روودەدات، کە لە هەرزەکاریشدا زۆر بە گومان بووبێت لەسەر تێگەیشتن لە شتێ، هەرزەکار شەو کە دەخەوێ بەرۆژ کە بەشەقامێکدا دەڕوات، چەندین جار بیرو رای خۆی دەگۆڕێت، بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی کاتی، لە پانزە تا حەڤدە ساڵ بیرێکی ئاینی یان شیوعیەتی زۆت توندی هەیە، چونکە لە سیانزەو چواردە پێشتر مومارەسەکانی بە گومانەوە کردووە، بۆیە ئەگەری هەیە لە چل و پێنج و پەنجا بگەڕێتەوە سەر ئەو گومانە سەرەتاییانەی. ئەگەر مێرمنداڵێک لە هەشت و نۆ ساڵیدا، حەزی بە پشکنین کردبێ و ئازادبێ بووبێ لە پشکنین و لێکۆڵینەوە، حەزی لە متابەعەی شتەکان هەبێت، ئەو منداڵە لە هەرزەکاریدا زۆر شت وەردەگرێت، واتە رێکخستنەکان و دەق دانەکەی ئەگەری هەیە گومانێکی تێدابێت، ئەو گومانە لە چل و پێنج و پەنجا سەر هەڵدەداتەوە. هەرزەکارێک کە لەو قۆناغە جۆرێک ئازادی و دیموکراتی، لەژیانیدا هەبێت، دەتوانێ دیسان پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی بکات و بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر  لە منداڵییەوە هەر دەق گرتوو بێت و مل کەچی مامۆستاو گەورەکانی بێت، یان عەشیرەتێک، لە گەنجیشدا هەمان شێوە شتێ وەردەگرێ و دواییش هەر ئەوەی لێ دەردەچێت و گۆڕانکارییەکی وای بەسەردا نایەت واتە ئەوە بەپێی پەروەردەیە، ئەگەر پەروەردەکەی گۆڕانخواز و ئازادیخوازبێت و بتوانێ پرسیاری ورد لەسەر شتەکان لە گەورەکانی بکات، ئایا یەو شتانە راستە؟ ئەوا لە قۆناغی گەنجی و سی و چل هەتا شەست ساڵیش بۆی هەیە بە گومانەوە سەیری شت بکات و گۆڕان، لە تێگەیشتن و هەڵوێستی رووبدات”.

ئایا مانەوەی کاریگەری شتەکانی قۆناغی هەرزەکاری، لە گەنجی و قۆناغەکانی دواتردا بە ئاگاییەوە مومارەسە دەکرێت؟  یان دەکرێت ئێمە بێ ئاگاییانە شتەکان جێبەجێ بکەین؟ کاریگەری ئەو قۆناغە لەسەر سیاسی و رۆشنبیرو نوسەران چەند؟ دکتۆر ناسر دەڵێت”ناکرێ سیاسی، رۆشنبیر، نوسەر.. هیچ کەسێک لە داهاتووی کاریدا، لە ژێر کاریگەری قۆناغی هەرزەکاریدا نەبێت. هەرچی ئێمە بە گەورەیی ئەنجامی دەدەین بە دڵنیاییەوە کاریگەری قۆناغی هەرزەکاری و منداڵی و مێرمنداڵیشی بەسەرەوەیە. شتێ هەندێ جار نا هوشیارە و بێ ئاگایە، رەنگە خۆت هەربیرت نەمابێ کە ئەو رەفتارە لە کوێی هەرزەکاریتەوە سەر دەردێنێ، لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ، شتی هەرزەکاری زیاتر لەبیردا دەمێنێتەوە، رەنگە هەموومان بیرمان بێتەوە کە لەسەر کورسییەکانی ئامادەیی و ناوەندی لەگەڵ هاوپۆلەکانمان چ بیرۆکەیەکمان هەبووەو حەزمان دەکرد ئەو شارە چۆن جوان بکەین، چۆن پەیوەندی خێزانی پتەوتر بکەین و ژینگە خۆش بکەین. ئەوکاریگەرییە لە ئیش و کاری داهاتودا، هەندێ جار بە ئاگاو هەندێجاریش ناخودئاگایە”.

دکتۆر سیمایی، نمونەیەکی تر لەسەر گرنگی قۆناغی هەرزەکاری دەخاتەروو، پێیوایە ئەگەر بتوانرایە تێگەیشتنی قۆناغی هەرزەکاری گۆڕانکاری بنچینەیی بەسەردابێت، ئەوائەگەر گۆڕانکاری ئەوها بکرابوایە، دەبوایە لە ژێر کاریگەری پەروەردەی عەلمانی و ئاینی، خراپەکاری لەناو رەگەزی مرۆڤدا کەم بووبایەوە” هەزاران ساڵە ئەو هەموو قوتابخانەی پەروەردەی ئاینی و عەلمانی هەیە. ئەوهەموو کتێب و نوسراوو ناوەندە بۆ چاکسازی مرۆڤ هەن، هێشتا دەبینی هەندێ تەماح و دزی و خراپەکاری بەردەوامە، لەبەرئەوەی گرنگی پێویست بە قۆناغی هەرزەکاری و پێش هەرزەکاری نادرێت، لە مزگەوت و هەموو شوێنەکانی تر، کاتێک رێزت دەگرن و دەتوانی دانیشی گوێ لەشت حسابت بۆ دەکەن، تەمەن بۆتە بیست و پێنج و سی ساڵ، کاتێ مامۆستا دێ بیردۆزی کۆمەڵایەتی و دەرونی و پەروەردەیی باشت پێدەڵێ و رۆشنبیریت فێردەکات، بیست یان بیست و پێنج ساڵتە. شتە خراپەکان کاریگەری خۆی کردووە، دوای ئەوە هەوڵی راستکردنەوەی مرۆڤ دەدەن، کە   گۆڕانکاری بنەمایی و جەهەری زۆر گرانە. لەسەر رووی گۆی زەوی، سێ چوار هەزار ساڵە چەندین دیکتاتۆر دێت و دەڕوات، چەندین شەڕو وەحشی گەریەتی روودەدات، چونکە گۆڕانکاری جەوهەری رونادات، لە بنەماوە گرنگی بە پەروەردەی منداڵ نادرێت.

ئێمە لە تەمەنی زووەوە نە مامۆستا ونە دایک و باوک هەست بەو گرنگییە دەکەن، کە بەقەد هەستیاری قۆناغەکە گرنگیت پێبدەن، ئەگەرنا بە گوێ گرتن لە پێغەمبەرەکان و فەیلەسوف و زانایان، خۆمانمان رێک دەخستەوە”.

ئەو دەرونناسە، نموونەیەکی تر لەسەر قۆناغی مێرمنداڵی دێنێتەوە، کە چەندە کاریگەرە لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کۆمەڵگە” منداڵ هەبووە، دوای ئەوەی لە ئیمتیحان دەرنەچووە. لەماڵەوە هەردوو کۆترەکەیان سەربڕیوە وپێیان گوتووە، بەهۆی ئەمانەوە دەرنەچووی، یان بەبەرچاوی هاوڕێکانیانەوە شکاندویانە و جنێویان پێداوە، لەو کاتەدا ئەو ترس و شەرمەی دەچێتە دڵی ئەو منداڵە، هەتاهەتایە لە دڵ و هزری دەرناچێت. لە شەست ساڵانیش بیری بکەوێتەوە دڵی پێی توند دەبێت.  لە داهاتوودا گەیشتبێتە هەرپلەو پایەیک ئەو روداوە لە هەست و نەستیدا ماوەتەوە. ئیللا مەگەر بخرێتە لای پسپۆڕێکی دەرونی باش و دەیان جەلسەی بۆبکرێت، کە ئەویش دڵنیانی کە ئایا چەند کاریگەری دەبێت”.

دڵشکاندن قەت چاری نییە.دکتۆر ناسر، هاوکات باس لە دڵشکانی ئەو قۆناغەش دەکات، کە زۆرجار لە داهاتوو کارەساتی ناوەتەوە” هەبووە لە شانزە حەڤدا ساڵاندا، رەزفزێکی لە کچێک وەردەگرتووە دوای ئەوە تاماوە نەیتوانیوە هاوسەرگیری بکات. هەموومان کەم تا زۆر کەسێک دەناسین کە زۆر مرۆڤی باشەو هەموو تواناکانی ماددی و جسمییان تەواوە، بەڵام هاوسەرگیریان نەکردووە، هۆکاری سەرەکی ئەوە دڵشکانە”.

لە فایلی ژیانی زۆر لە دیکتاتۆرەکاندا هەیە، کە ئەوان لە تەمەنی منداڵی یان پێش هەرزەکاری توندوتیژیان بەرامبەر کراوە. یان زۆرجار پاشاکان شەڕی گەورەیان ئەنجامداوە، تەنیا لەبەرئەوەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا کچێکی ئەو عەشیرەتە رەفزی داوەتێ، هەروەها پاشای قاجاری ئێرا هەبووە، کە تەمەنی شەست ساڵ بووە، بەڵام لە ژێر کاریگەری دایکیدابووەو بە قسەی ئەو چەندا وەزیرو کاربەدەستی کوشتووە. نەسرەدین شا، یەکێک بووە لەوان. هەرچەندە ئەوان بە رواڵەت، مرۆڤی عاقڵ و ژیر بوون، دەبوایە بە ئاسانی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، بەڵام شتەکانی منداڵی و هەرزەکاری ئەوەندە کاریگەرن، کە نەهێشتنی کاریگەرییەکانیانی لە داهاتوودا ئەستەمە.

دکتۆر سیمایی، سەبارەت بە رای دەرونناسانی گەشەی منداڵ دەڵێت” دەرونناسەکانی گەشەی منداڵ، وەکو فرۆید، هەر لە بنەمادا گەشبین نەبوون بە چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی، دەرونناسییەکی رەشبینیان هەبووە، چونکە دەزانن کە کاریگەرییەکانی ئەم قۆناغانەی گەشە چەندە لەسەر داهاتووی مرۆڤ، لە کاتێکدا کەس ئەو گرنگییەی پێنادات. یان زیندەوەرناسی وەکو داریون، دەیگوت، ئێمە چۆن کە لە رەچەڵەک لەگەڵ دڕندەدا لەو دارستانانە ژیاوین، ئێستا کەسی ئاشتیخوازمان لێ دەردەچێ؟ بۆیە هەتا هەتایە ئەو کودەتاو فێڵ و خیانەتە بەشێکی گەورە لە ژیانمان دەگرێتەوەو ناتوانین زۆر بچوکی بکەینەوە. هیچ شتێ بەبێ کاریگەری و ئەسڵ و ئەساس نییەو کاردانەوەی خۆی هەر دەبێ”.

ئایا کاریگەری حزبە پەروەردەییەکان، یان ئایین و ئایدۆلۆژیا لە قۆناغی هەرزەکاری و هەندێ جارێش سەرەتای گەنجی، کاریگەری لەسەر داهاتووی کەسایەتی چٶن دەبێط و ئەگەری گۆڕانکاری هەیە؟ دکتۆر سیمایی، ئەوە بۆ سێ فاکتەر دەگەڕێنێتەوە، کە فاکتەری بایۆلۆژی و پەروەردەو ئەو شوێن و رەهەندانەیە کە ئەو کەسە بۆ یەکەم جار کەوتۆتە ژێر کاریگەرییان”بینای مەغزی و جۆری هاوکاری نیو بازنەی چەپ و راستی مێشک، پێکهاتنی ئەو سەنتەری قسەکردن و لێکدانەوەو شیکاری، واتە بیانای مێشک رۆڵی هەیە لەگۆڕانکاریدا، جیاوازی تاکەکەسی لە پێکهاتنی مێشکماندا هەیە. سەرەکیترین کاریگەری هەیە. هەتا ئەگەر دووکەسی دوانەش بن هێشتا جیاوازی لە بینای مێشکماندا هەیە،  کە لە هەربەشێکدا بێ نمونەو بێ هاوتایە، فاکتەری دووەم، پەروەردەی دایک و باوکە لە سەرەتاکانی تەمەنی مرۆڤ، بەتایبەت تەمەنی یەک تا سێ ساڵی و دواتر زۆر گرنگە، ئەگەر دایک و باوک واپەروەردەیان کرد کە ئازاد بیر بکاتەوەو گۆڕانکاری بە عەیبە نەزانێت، کە گەورەبوو گۆڕانکاری بە عەیبە نازانێ، بەڵام پێچەوانەکەی یان وەرناگرێت یان کە وەری گرت و پێگەیشت پێی شەرمە پەشیمان بیتەوە، لەبەر ئەوەی پەروەردەی داخراو بووە. فاکتەری سێیەم،  ئایا ئەو کەسە لەو حزب یان ئاینە، دەکەوێتە کام گۆشەو رەهەندەوە، یەکەم مزگەت یان یەکەم حزب، کام حزبە بووە، کە پەیوەندی پێوەکردوون، هەروەها یەکەم مامۆستا پەروەردەی داوە کەسێکی لاستیکی و نەرم و نیان بووە، یان توندڕەو بووە، ئایا ئەو مزگەوتەی هاتوچۆی کردووە مەلاکەی و هاتووچۆکارانی، موسوڵمانی نەرم و نیان بوون یان توندڕەوە؟ یەکەم کەسی ناو حزب کە پەروەردەی لە ئەستۆبووەو ئەو پێی کاریگەر بووە، کەسێکی نەرم و نیان و لاستیکی بووە یان کەسێک کە گۆڕنکاری بە عەیبە دەزانێ و فکرێکی تونێلی و رەهێڵی هەیەو ئەسیری کەسایەتییەکی داخراوە. هەتا ئەو تیپی یەرییەی پێی کاریگەرە، ئەوانە هەموو لەسەر کەسایەتی مرۆڤ کاریگەرن”.  

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com