ماکرۆن بۆشایی دیپلۆماسی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەکاتەوە

0

نوچەنێت

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، لە راپۆرتێکدا لە نووسینی ئالیسا.جی.رۆبین، تیشکی خستۆتە سەر رۆڵی چالاکی فەرەنسا لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باس لەوە دەکات، کە لە رووی دیپلۆماسییەوە، پاریس بەرەبەرە وەک جێگرەوەی واشنتۆن دێتە ناو کایە سیاسییەکانی ئەم ناوچەوە.

نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا دەنووسێت: تا ساڵێک بەر لە ئێستا، کەس بیری لێ نەدەکردەوە، کە رۆژێک دابێ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ببێتە سیما و دەم و چاوێکی دیپلۆماسی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە بەکردەوە روویداوە و بۆتە بەشێک لە واقع.

رۆبین نووسیویەتی: بڕیاری هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی بەفەرمی ناسینی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و، هاوکات کەم بوونەوەی بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و تویتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی موسوڵمانانەوە، چەند ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە دیپلۆماسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کشانەوەی ئەمریکا گوزارشت لە دۆخێک و هاتنە کایەی دەرفەت دەکات بۆ ئەو سەرۆکانەی، کە دەیانهەوێ پێگەیەکی جیهانی و ناوچەیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ماکرۆن یەکێک لەم سەرۆکانەیە.

ماکرۆن نیشانی داوە، کە ئۆگرییەکی تایبەتی هەیە رۆڵی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. بە تایبەت لەم دۆخەدا، کە بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرقاڵی سیاسەتی ناوخۆیین. ماکرۆن دوو رۆژ بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیارەکەی دەربارەی قودس رابگەیەنێ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە ترەمپی گوتبوو، کە فەرەنسا نیگەرانی ئەم بڕیارەیە.

ماکرۆن مانگی نۆڤەمبەریش بە دیاریکراوی بە ئامانجی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لوبنان، دەستوەردانی لە مەسەلەی دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری، لە پۆستەکەی کرد و لە کیشوەری ئەفریقاش، پلانێکی بۆ پێشگرتن بە شەپۆلی پەنابەرانی بیابانی باشوری ئەفریقا بۆ لیبیا پێشنیاز کرد.

ئێستا ماکرۆن بیر لە قۆناغی یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی سوریا، بیر لە رۆڵی پاریس دەکاتەوە، قۆناغێک لە سوریا بەرەبەرە شەڕی ناوخۆیی تێپەڕ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە واشنتۆن بە کردەوە لە بابەتی پرۆسەی سیاسی و بڕیار بۆ داهاتووی سوریا، کەم تەرخەمی دەنوێنێ و مەیدانی بۆ روسیا چۆڵکردووە.

زۆریەک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی حەریری، پێنج ساڵ پێتشتر روویدابا، ئەوە واشنتۆن دەبوو، کە داهاتە مەیدان و بە رێگەی دیپلۆماسی، هەوڵی دەربازکردنی لە چنگی سعودیەکان دەدا و بە جۆرێک کۆتایی بە کێشەکە دەهێنا.

بەڵام،بە بۆچوونی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئیدارەی ترەمپ، پێشبینی ناکرێت. ترەمپ بەیانی لە خەو هەڵدەستێ تویتێک دەکات و ئێوارەکەی بە پێچەوانەوە، دەجوڵێتەوە.

رایان کرۆکر، دیپلۆماتکاری خانەنشین کراوی ئەمریکا، کە ئەزموونێکی زۆری لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە و لە ئیدارەکانی پێشووی کۆماری و دیموکراتەکان جێی دەستی دیارە، دەڵێت: لە رابردوودا، ئەوە ئەمریکا بوو، کە بەردەوام لە لوبنان دەوری سەرەکی هەبوو. بەڵام ئەم جارە سعودیەکان لە بارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لە گەڵ دۆسیەی حەریری، ئامادەنەبوون هیچ روونکردنەوەیەک بدەنە ئەمریکا. ئەمەش هەڵگری پەیامێکی بەهێز بوو. بەو هۆیەی، کە ئەم دۆسیە زیاتر لەوەی پەیوەندی بە لوبنانەوە هەبوو، حەق وابوو ئێمە زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە دەستوەردان لەم کەیسە بکەین.

یەکێک لە هۆکارەکانی پاشەکشەی واشنتۆن ئەوەیە، کە ئێستا پۆستی باڵیۆز تەنانەت لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دۆستی وەک سعودیە بەتاڵە، ئەم بۆشاییەش لەبارەی ٦ وڵاتی دیکەش دەبیندرێت.

هەرچەند رێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە نەبوونی باڵیۆز و ئەم جۆرە لە بۆشاییە، کار ناکاتە سەر کاروبار و بەڵێنەکانی ئەمریکا.

نیۆیۆرک تایمز نووسیویەتی: هەر چۆنێک بێت، ئەولەوییەتی یەکەمی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیلە. ناوچەیەک، کە زۆربەی دانیشتوانی موسوڵمان نین. دیارە ترەمپ پشتگیری خۆی بۆ وڵاتانی عەرەبیش راگەیاندووە، بەڵام واشنتۆن چۆن دەتوانێ کاربکاتە سەر وڵاتێک لە کاتێکدا باڵیۆزخانەکەی بۆشایی نەبوونی باڵیۆزی پێووە دیارە، بە تایبەت لە ناوچەیەک بەو هەموو گرنگییەوە.

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە کێشە و ململانێی گەورە و بچوکی لە خۆ گرتووە، کە لەم نێوەدا ترەمپ هەموو تەرکیزی خۆی خستۆتە سەر لەناوچوونی داعش و گۆشەگیرکردنی ئێران، بەڵام دەوڵەتی فەرەنسا بە پێچەوانەوە، راشکاوانە خۆی لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەگلاندووە، ئەویش زۆر بێ باکانە.

ئێمیل هۆکیم، شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەکاری ئەنستیتۆت دیراساتی نێودەوڵەتی و ستراتیژی لەندەن، لەم بارەیەوە رای وایە، کە فەرەنسا سەرمایەی پێویستی بۆ خەرج کردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

خۆتێووەگلانی پاریس لە ناوچەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بابەتێکی نوێ نییە. جەزایەر بۆ ماوەی ١٣٠ ساڵ کۆڵۆنۆڵیای پاریس بوو، تا ئەوەی، کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠ بە هۆی شەڕێکی خوێناوییەوە، ئەم وڵاتەی جێهێشت. لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش، فەرەنسا و بەریتانیا، ئیمپراتوریەتی عوسمانییان دابەش کرد و فەرەنسا هەژمۆنی خۆی بە سەر سوریا و لوبنان سەپاند و پەیوەندیەکانی لە گەڵ لوبنان تا ئێستاشی لە گەڵ بێت، راگرتووە.

پاریس لەم ساڵانەی دواییش، چەند هەنگاویكی هەڵگرت، کە زۆر سەرکەوتوانە سەرنجی عەرەبەکانی بۆ لای خۆی راکێشا. بۆ وێنە، دژایەتی لە گەڵ هێڕشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، هەروەها هەڵوێست گرتن لە دژی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی.

سعودیە دووەمین، قەتەر سێهەمین و میسر چوارەمین کڕیارانی چەک و کەرستەی سەربازی فەرەنسان. هەر ئەم هەفتەی رابردوو بوو، کە ماکرۆن لە میانەی سەردانەکەی بۆ دۆحە، رێککەوتنێکی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری جێت بە بەهای یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە گەڵ قەتەر واژۆ کرد.

ماکرۆن، هەروەها چوارشەممەی رابردوو سەردانی جەزایەری کرد، وڵاتێک، کە سەرۆکەکەی، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە باری تەندروستی ناجێگیرە و بە دوور نییە، کە قۆناغی راگوزەر لەم وڵاتە بێتە کایەوە. ماکرۆن لێرەشدا دەستپێشخەری کرد و پێشوەخت پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەم وڵاتە توندتر گرێ دایەوە.

ماکرۆن وەک خۆی شارەزاییەکی ئەوتۆی لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵام تیمێکی بۆ ئەم مەبەستە راسپاردووە، کە لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زۆر دۆستانە لە ناوچەکە شارەزان. ژان ئێڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی ئیدارەکەی ماکرۆن، کە پێشتر وەزیری بەرگری بووە، کۆڵەبارێک ئەزموونی بە نرخی هەیە و بۆ ساڵانێک هاوکاری لە گەڵ سوپای وڵاتانی عەرەبی هەیە. سەرجەم بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە لە کەسانێک پێکدێن، کە ئەزموونی کاریان لە وڵاتانی وەک سعودیە و ئێران هەیە.

سیاسەت و خوێندنەوەی ماکرۆن، بە تەواوەتی لە  سەرۆکەکانی پێشووی خۆی وەک فڕانسوا ئۆلاند و نیکۆلا سارکۆزی جیاوازە. بە گوتەی ئۆبێر ڤێدرین، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی ژاک شیراک، ماکرۆن ئۆگرییەکی تایبەتی بە گرێدانی پەیوەندی لە گەڵ سعودیە، قەتەر و ئیماراتیەکان هەیە و تەنانەت گوتوویەتی، کە سەردانی ئێران دەکات.

ماکرۆن لە بنەڕەتدا سەرۆکێکە، کە بە شێوەی رەها نایهەوێ خۆی گرێ بدات بە ئەم جەمسەر یان ئەو جەمسەرەوە، چونکە لە نزیکەوە بینیویەتی، کە پەیوەندی بێ سنووری سارکۆزی لە گەڵ قەتەر و ئۆلان لە گەڵ سعودیە، چ تێچوویەکی هەبووە.

بێ گومان پاریس هیچ کات ناتوانێ واسنتۆن لە پێگەی جیهانی خۆی دووربخاتەوە و جێگای بگرێتەوە، چون فەرەنسا بە بەراورد لە گەڵ ئەمریکا وڵاتێکی بچوکە و هەرگیز ناتوانێ وەک واشنتۆن گرەنتی رێککەوتنە گەورەکان بکات.

سەرباری ئەوەی، کە فەرەنسا لە پەیوەندی لە گەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ، خاڵی هاوبەشی هەیە، بەڵام، کە دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ کات ناتوانێ رێگەیەک بگرێتە بەر، کە بە پێچەوانەی رێڕەوی سیاسەتی واشنتۆن بێت. پاریس لە کاتێکدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەور دەبینێ، کە لە پشتەوەی پەردە، پشتی بە ئەمریکیەکان گەرمە، فەرەنسیەکان دەم و چاوی ئاشکرای دیپلۆماسین.

زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە، کە خاڵی جیاوازی ماکرۆن و ترەمپ لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەدایە، کە فەرەنسا بە کردەوە بوونی هەیە و بوونەکەشی ستراتیژیە، لە کاتێکدا بوونی ئەمریکیەکان تاکتیکییە.

ژۆسێت هیلتێرمەن، بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکور ئەفریقا لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی برۆکسێل، دەڵێت: تا بەر لە ترەمپ، ئێمە سەدەی ئەمریکامان هەبوو، لەم سەردەمە واشنتۆن بە رێگەی بەریتانیا و فەرەنسا و پشتگیریکردنیان، سیاسەتی خۆی دەبردە پێش، بەو جۆرەی، کە پێی باشبوو، چونکە ئەم دوو وڵاتە راوێژکاری جێی متمانەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ئیدارەی ترەمپ ئۆگرییەکی ئەوتۆی بە دیپلۆماسی نییە، ئەو زۆرترە حەزی لە گۆشەگیرییە.

لە روانگەی ماکرۆنەوە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بۆ فەرەنسا، نە تەنها دەرفەتە، بەڵکو بۆ مانەوەی وەک جەمسەرێکی هێز لە رۆژئاوا، هەلێکی زێڕینە، ئەمە رێک هاوشێوەی سەدەی چینە، کە خەریکە دەستپێدەکات.

هیلێرمەن دەشڵێت، ماکرۆن دەبینێ، کە غایب بوون لە پێگەی جیهانی چ مەترسییەکی بەدواوەیە و تێدەگات، کە ئەمە رێگایەکە بۆ بردنەوەی سەرەوەی کاراکتەری فەرەنسا و رەنگە ئەڵمانیا و ئەوروپاش، بەرەبەرە لە غیابی ستراتیژی و دیپلۆماسی ئەمریکا ئەم  رێگەیە بگرنە بەر.

دەستوەردان لە قەیرانی لوبنان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەم ولآتە، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەم سیاسەتەی ماکرۆن. ئەوەی ئێستا بۆ ماکرۆن جێی سەرنجە، کێشەی نێوان سعودیە و ئێرانە.

پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، بە گوتەی کرۆکر، ئایا لە قەیرانی لوبنان، بە راستی ماکرۆن بەشذاری بە سعودیەکان کرد یان بە پێچەوانەوە، سعودیەکانی ناچار کرد تاکو پاشەکشە بکەن. ئەگەر وابێت، گومان لەوەدا نییە، کە ماکرۆن شاکاری کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com