کۆتایی داعش و دەستپێکی ئێران

0

نوچەنێت-من و تو

ئاگری شەڕی سوریا رووی لە کوژانەوەیە. بەرەکانی شەڕ  چیدی وەک جاران گەرم نییە، بەڵام ئێران، هاوپەیمانی سەرەکی لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا، ئێستاش لە سەر خاکی سوریا بەردەوامی بە نفوزی خۆی دەدات و بە نیازە بە رێگەی دانانی بنکە سەربازیەکانی خۆی لە کەنارەکانی مەدیتەرانە، رێگە بۆ مانەوەی خۆی خۆش بکات، ئەمە بەو مانایە، کە نایهەوێ بەم زووانە خاکی سوریا جێبهێڵێت.

بەردەوامی و بوونی ئێران نیگەرانی واشنتۆن، تەل ئەبیب و ریازی بە دواوە بووە و مانەوەی ئێران لە سەر خاکی سوریا کۆمەڵێک پرسیاری دروست کردووە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کە لە لایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت، جەخت دەکاتەوە، کە هاوکات لە گەڵ ئەوەی، کە چاوێکی لە سەر شەڕی داعشە، بەڵام جموجۆڵە سەربازیەکانی ئێرانی لە ناوچەکە بە وردی خستۆتە ژێڕ چاودێری. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راشێگەیاندووە، ئەگەر ئێڕان بیهەوێ پەرە بە هێزی سەربازی خۆی لە ناوچەکە بدات، بەرەنگاری دەبێتەوە.

بەرپرسانی سەربازی ئێران، بەرامبەر بەم هۆشدارەی ئێران رایگەیاندووە، یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوام بوونی جموجۆڵە سەربازیەکانی لە سوریا، بوونی خودی هێزەکانی هاوپەیمانە لە ناوچەکە.

جەنەراڵ ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکی ئەمریکا، لە پلانیدایە بۆ رونترکردنەوەی هۆکار و ستراتیکی بوونی سەربازی واشنتۆن لە ناوچەکە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە، لە سوریا گوتارێک پێشکەش بکات.

لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئایا ئێران ئامادەیە بە کردەوە، بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکە، بەرامبەر بە دوو هەزار هێزی سەربازی ئەمریکا، بوەستێتەوە.

بە گوتەی جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، ستراتیژی واشنتۆن لە پەیوەندی لە گەڵ سوریا، رێگە بە واشنتۆن دەدات تا ئەو کاتەی دڵنیا نەبێتەوە، کە داعش بە تەواوی لەناو نەچووە، لە ناوچەکە بمێنێتەوە.

ماتیس جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر هەڕەشەکانی ئێران ببێتە بەربەست لە سەر رێگەی شەڕی دژ بە داعش، بێ گومان بەرەوڕووی دەبنەوە.

بەڵام چاودێران و شارەزایان پێیان وایە، کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی کریدۆری هیلالی شیعی، هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ.

ئەم هەوڵانەی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش دەستی پێکردووە و ئێستاش بە جەژنی سەرکەوتنەکان بۆ بەشار ئەسەد، درێژەی هەیە.

لەم رووەوە، مایک پۆمپئۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا نامەیەکی هۆشدار ئامێزی رەوانەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی کرد و پێی راگەیاند: ئەگەر بیانهەوێ لە عێراق لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بوەستنەوە یان ببنە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هێزە ئەمریکیەکان، ئەمریکا بێ وەڵام نابێت. بەڵام سولەیمانی نامەکەی نەخوێندەوە.

ئەزموونی ئەم ململانێیە لە عێراق، وێڕای کردەوە هەڕەشەئامێزەکانی ئێران لە سوریا و هەڕەشەی کردنە ئامانجی بەرژەوەندی و کیانی ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە، بە روونی رێوشوێنی ئێران لە ناوچەکە نیشان دەدات و ناونیشانێکی دروست لە سیاسەتی ئێران بۆ دوارۆژی خۆی لە سوریا وێنا دەکات.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەرامبەر بەم پێشڕەویانەی ئێران و هاوپەیمانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان، ماوەیەک بەرلە ئێستا بە کردەوە وەڵامی ئێرانی دایەوە و هێزەکانی ئاسمانی ئەم وڵاتە هێرشی موشەکیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی بەستراوە بە ئێران لە نزیک دیمەشق و تیادا ژمارەیەک لە سەربازانی ئێرانی کوژران.

نیگەرانیەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانان لە سوریا بە جێیە. ئێران زیاتر لەوەی، کە بیری لێ دەکرێتەوە، لە بنکە سەربازیەکانی ئەسەد جێگیرە و بۆ گەیشتن بە ویست و ئاواتەکانی ئامادەی دانی هەموو تێچوویەکە.

شەڕی دژ بە داعش لە کۆتاییەکنای نزیک بۆتەوە، بەڵام بۆ ئێران سەرەتای رێگایە. لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لە ناوخۆیدا لە گەڵ کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە، سەرانی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەمڕەوی شام ئەولەوییەتی سەربازی و ئابورییان هەیە و ئامادەن تێچووەکەی بدەن، بەڵام ئەم تێچووە بۆ ئاوەدانی و نۆژەنکردنەوەی سوریا و کاولکاریەکانی ئەم وڵاتە نییە، بەڵکوو ئەولەویەت بە درێژەدانی ململانێکانی ئێرانە لە ناوچەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com