کاریگەری قۆناغی هەرزەکاری لەسەر داهاتووی مرۆڤ

0

دکتۆر رێدار ئەمین

بەر لە باسکردنی قۆناغی هەرزەکاری، پێویستە باس لە قۆناغی هەراشی بکەین”پێنج ساڵ تا ١٢ساڵ”، دوو زانای بەناوبانگی سایکۆلۆژی باسیان لە چۆنێتی گەشەسەندنی بەها ئەخلاقییەکان (مۆراڵ)کردۆتەوە لە مرۆڤدا، کە زانا جان پیاچێ و لۆران گۆلبێرگن.

پیاچێ بڕوای وایە، کە شێوازی پەیبردن و بیرکردنەوەی منداڵ، کاریگەری لەسەر  مۆراڵ و ئاکاری مرۆڤ دەبێت. ئەو باس لەوەدەکات، کە منداڵ هەر لە قۆناغی زووەوە(بەر لە پێنج ساڵان)، فێری پابەندبوون بە یاساوە دەبێت. کاتێک نۆرە بۆ یاری کردن دەگرێت یان کاتێک یاری بە هەڵماتێن دەکات و رەنگە لەیەکچووەکان لەیەک ریز دادەنێت، پابەندبوونی منداڵ بە یاساکان لەم تەمەنەدا، ئەوە دیاری دەدات کە وا تا چ رادەیەک ئەم یاسایانەی بۆ گرنگن.

ئەگەرچی ئەم یاسایە رکابەری، ململانێ تەنانەت هیچ مەبەستێکیان تێدانییە.

پیاچێ پێیوایە، دوای تەمەنی پێنج ساڵی، گۆڕانکاری بەسەرشێوازی بیرکردنەوەی منداڵ دادێت. لەم قۆناغەدا منداڵ وا هەست دەکات، یاساو رێنماییەکان شتی نەگۆڕن و لەلایەن دایباب یان خواوەندوە دانراون. بۆیە هەمیشە پیرۆزن. هەموار ناکرێنەوەو گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت. ئەوە وادەکات بڕوای وابێت گوێڕایەڵی و پابەندبوون بە یاسا، لە گۆڕانکاری و دەستکاری کردن گەلێک گرنگترە.

لەم قۆناغەی گەشەدا، دانایی و هەڵسەنگاندنی منداڵ لەسەر بنەمای (دەرئەنجام) نەک (نیازپاکی) کاردەکات. لەم بارەیەوە پیاچێ، دە چیرۆک بۆ منداڵی ئەم تەمەنە باس دەکات، لە یەکەمیان، منداڵێك بەدزی دایکییەوە کوپێک دەهێنێت و دەیەوێ مرەبا بخوات و کوپەکەی دەشکێت. لە چیرۆکی دووەم، منداڵێک کوپێکی بۆ دایکی هێناو لە رێگا شکا، پیاچێ پرسیاری لە منداڵەکان کرد، کامە منداڵ لاسارو خراپترە؟ منداڵەکان وەڵامیان ئەوەبوو، کامەیان زۆرترین زیانیدا!

لەهەمان قۆناغدا بەڵام لە تەمەنی گەورەتردا(٧-١١ساڵی) منداڵ فێری ئەوە دەبێت، دەکرێ هەندی یاسا گۆڕانکارییان بەسەردابێت، ئەگەر هەموو خەڵک لەسەری رازی بن. لەم قۆناغەدا منداڵ کەمتر پابەندی مۆراڵ دەبێت و زیاتر کار لەسەر نیاز دەکات.

بۆیە منداڵ لەم تەمەنەدا پێیوایە، مرۆڤ خۆی سزادان دیاری دەکات، نەک دەرئەنجامی حەتمی رەفتارەکانی بێت.

لەدوا قۆناغی گەشەی مۆراڵی، (لە ١٢ ساڵییەوە) پیاچێ پێیوایە، منداڵ یاخود هەرزەکار حەزدەکات بەشداری لە دانانی یاساو رێنمایی بکات. ئەو یاسایانەی کە جاران قابیلی دەستکاری نەبوون و پیرۆزبوون، ئەو ئێستا بەشێکە لە دانانیان.

زانا کۆلبیرگ، کارەکانی ئەوەی فراوانترکردوو، بەوەی کە هات توێژینەوەی لەسەر گەورەساڵانیش کرد. گۆلبێرگ پییوابوو، لە قۆناغی زوودا، مۆراڵی منداڵ لەسەر بینای دەرئەنجام بنیات نراوە. لەم قۆناغەدا منداڵ، پابەندی یاسادەبێت بۆئەوەی خۆی لە سزادان بپارێزێت. یاخود پاداشت وەربگرێ.

بە نمونەیەک ئەوە رون دەکاتەوە، باس لە پیاوێک دەکات کە هاوسەرەکەی زۆر نەخۆشە و پێویستی بە دەرمانە، بەڵام دەرمانخانەکە دەرمانی پێنادات چونکە پارەی پێویستی پێ نییە. ئایا لەم حاڵەتەدا دزی بکات یان لێ گەڕێ هاوسەرەکەی بمرێت؟

وەڵامی هەموو منداڵەکان لەسەر دەرئەنجام بوو. هەندێکیان پێیانوابوو، نابێ دەرمانەکە بدزێ چونکە دزی نایاساییە، بەڵام ئەوانیتر پێیانوابوو، دەبێت دەرمانەکە بدزێ، ئەگەر وانەکات هاوسەرەکەی دەمرێت.  ئەم قۆناغە تا تەمەنی دوانزە ساڵی بەردەوام دەبێت.

کۆلبێرگ پێیوایە، منداڵ لەم تەمەنەدا لەروانگەی کەسانی ترەوە شتەکان هەڵدەسەنگێنێ، پێیوایە هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە. هەرچییەک ئەنجام بدەی دەرئەنجام وەردەگرین. هەربۆیەش پابەندبوون بە کۆمەڵگا مانای ئاسودەیی و ئارامییە.

لە قۆناغی دوای ئەوە(١٣ساڵ بەرەو ژوور) منداڵ، یاخود هەرزەکار ئارەزوی یارمەتیدانی خەڵک دەکات. فێردەبێت بۆ ئەوەی بۆخۆت بەسود بیت پێویستە سودت بۆ کەسانیتریش هەبێت. جا چەندە هاندان بۆ ئەم فکرەیە هەبێت، ئەوەندە مۆراڵەکە بەهێزدەبێت. بۆیە لای گرنگە پابەندی بەهاو داب و نەریت و یاساکان بێت.

دەرچوون لەمانە هەست بە گوناه لای بەهێزتردەکات. پابەندبوون مانای بەجێگەیاندنی ئەرکی سەرشانە. لە قۆناغی دوای ئەوە کە دەکاتە هەرزەکاری درەنگ یان بەر لە پێگەیشتن، مرۆڤ فێردەبێت چۆن ئەم مۆراڵ و بەهایانە لەگەڵ پرەنسیپ و باوەڕی خۆت بگونجێنێ، ئەم باوەڕەی کە کەسەکە خۆی خاوەنیەتی نەک ئەوەی کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندووە. زۆر لە پێگەیشتوان ناگەنە ئەم قۆناغەو رەنگە هەر لە قۆناغی پێشتر بمێننەوە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ گرنگی بە دووشت دەدات، هاوتایی خودی خۆی لەگەڵ خەڵک، رادەی خۆشگوزەرانی خەڵک.

لەدوا قۆناغدا کۆلبێرگ، باس لە رێزگرتن لە پرەنسیپە جیاجیاکان دەکات و تا چەند لەگەڵ خودی مرۆڤ هاوتان، بەر لە مردنی کۆلبێرگ ئەم قۆناغەی لابرد. جا ئایا بڕوای وابوو مرۆڤ ناتوانێت بگاتە قۆناغێک بەو مانایەی ئایا دەکرێ یاساو رێساکان بشکێنین لە پێناو مرۆڤدا؟ (بەگەڕانەوە بۆ نموونەی ئەو پیاوەی کە دەبوایە دەرمانەکە بدزێ، تاکو مرۆڤێکی پێ رزگار بکات). چونکە لێرەدا ململانێی نێوان مرۆڤ لەگەڵ یاساکان بەهادارترە، یاساکان بۆ بەهای مرۆڤ دانراون دروست دەبوون.

بە تێڕامان لە بیردۆزی ئەم دووزانایە. بۆمان دەردەکەوێت کەوا لەهەر قۆناغێکدا دەکرێ دەستکاری بەهاو مۆڕاڵەکانی مرۆڤ بکەین، بەڵام ئەوەش لەبیر نەکەین کە منداڵ گەورە دەبێت،  هەرچەندە یاساو بیروباوەڕەکان بەهێز بن، خودی خۆی فاکتەرێکی گرنگ دەمێنێتەوە، لە دەستکاری کردنیان.

بەپێی کۆلبێرگ، مرۆڤ لە دوای تەمەنی ١٣ ساڵی هەست بە وەدەکات کەوا مرۆڤ بەشێکە لە کۆمەڵگەو بەشداریشە لە خۆشگوزەرانی. بۆیە لەم قۆناغەدا بەبیرو باوەڕي ئاینی و ناسۆنالیستی و عەشایەری و…هتد، بناغەیان دادەنێن.

زۆربەی ئەو ئایدۆلۆژیایانەی دەیانەوێت مرۆڤ بکەنە قوربانی خۆیان، نەک ببنە قوربانی مرۆڤ هەوڵدەدەن لەم تەمەنە مێشکی هەرزەکار پڕبکەن، چونکە دەزانن ئەوان باشترین سوتەمەنین بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، سەیری هەموو شۆڕش و یاخیبوون و گۆڕانکارییەکان بکەن، هێزی سەرەکی هێزی سەرەکی لاو و هەرزەکار بوون. تەنانەت ئێستاکە کە هەوڵ دەدرێت هیچ بەهاو مۆڕاڵێك لەجیهاندا نەمێنێ، هەر لە گەنج دەست پێدەکەن وەک شێوازی جل و بەرگی سەیر، مۆسیقای سەیر…هتد. ئەگەری سڕینەوەیان هەیە لەم قۆناغەدا، من وەک پسپۆڕێک لەم بوارەدا، پێموایە ئەوە دەوەستێتە سەر تێڕوانینی کەسەکە بۆ ژیان.

ئایا پێمان سەیربێت، کاتێک شیوعیەک بڕوای بە یەکسانی و سۆسیالیستی هەبووە. لەتەمەنی هەرزەکاری و پێگەیشتنی ئەودا تەنانەت چەندینجار ژیانی خۆی بۆ ئەم پێناوە خستۆتە مەترسی، ئێستا چۆن بۆتە پیاوێکی سەرمایەدار، یان ئیسلامییەکی رادیکاڵ، چۆن بۆتە چەپێکی توند. ..یان بەپێچەوانەوە یان.. من پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە دووجۆرە مرۆڤ هەن یان دووجۆر تێڕوانین هەن.

مرۆڤ هەیە، هەموودەم حەزدەکات خۆی بکاتە قوربانی رێبازەکەی، مرۆڤی تر هەیە حەزدەکات رێبازەکەی بکاتە قوربانی خۆی. جائەگەر ئەو مرۆڤە لەهەر قۆناغێکدا رێبازەکەی ئەوەنەبووە کە خۆی چاوەڕێی دەکرد، ئەوا زۆربە ئاسانی دەی گۆڕێت. ئەگەر بیکەینە نمونە روونتردەبێتەوە.

کەسێکی شیوعی بەو هیوایە رێبازەکەی خۆش دەوێت، کە لەداهاتوودا خزمەتی بکات بەڵام شیوعییەکی تر کە هەموودەم ئاواتە خوازە خۆی بکاتە قوربانی رێبازەکەی، کاتێک دەبینێت ئەو رێبازەی ئەو لە بەها مۆڕاڵییەکەی لایداوە ئەوا متمانەی پێ نامێنێت و روو لە رێبازێکی تر دەکات.

کەواتە دەکرێت بڵێین ئەو مرۆڤانەی واز لەو قەناعەتەی پێشوویان دەهێنن یەکێک لەم دوانەن کە لەسەرەوە باسمان کردن.

کۆلبێرگ پێیوایە، ئەمانە کەمینەن لە سەدا دە تێپەڕناکەن. زۆربەی ئەوانیتر دەقیان بە رێبازە کۆنەکە گرتووە. جا ئەم رێبازە وەک جاران بێت یاخود ئێستا بۆتە رێبازێکی دیکتاتۆری.

کەواتە دەتوانین بڵێێن، هەرزەکاری قۆناغێکی هەستیارە بۆ وەرگرتنی بیروباوەڕ بەڵام دەکرێ لە داهاتوودا ئەم بیرو باوەڕانە رەت بکرێنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com