ئاژانسەکانی جیهان چۆن باسی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەن

0

نوچەنێت

خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران لە ماوەی سێ رۆژی رابروودا، لە ئاژانسەکانی جیهان کاردانەوەی جیاوازی بەدواوە بووە.

لە ئەمریکا، کەناڵی هەواڵی ئەی.بی.سی لەراپۆرتێکدا دەڵێت: بۆچوونی جیاواز لە بارەی چۆنیەتی دەستپێکی ئەم خۆپیشاندانە لە ئارادایە، سەرچاوەکانی نزیک لە کۆنەپارێزان لەوانە ئاژانسی هەواڵی فارس دەڵێن، خۆپیشاندەران زۆربەیان ئەو کەسانەن، کە بەهۆی گەندەڵی سیستەمی بانکی ئێرانەوە، پارە و سەرمایەی خۆیان لە دەستداوە. کۆنەپارێزەکان بەرپرسایەتی ئەم گەندەڵییە دەخەنە ئەستۆی دەوڵەتی روحانی. بەڵام پسپۆڕان و شارەزایانی نزیک لە دەوڵەتی حەسەنی روحانی، لەوانە ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار پێیان وایە، کە خۆپیشاندانەکان لە سەرەتاوە لە لایەن کۆنەپارێزەکانەوە رێکخستنی بۆ کراوە، تاکوو دەوڵەتی روحانی پێ لاواز بکەن، بەڵام دواتر بەرەبەرە گروپەکانی دیکە پەیوەست بە ریزی خۆپیشاندانەکان بوو.

کەناڵی هەواڵی سی.ئێن،ئێن ئاماژە دەدات بە دروشـمەکانی دژ بە خامنەیی و دەڵێت، ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران راستەوخۆ رابەری ئێرانیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش رووداوێکی دەگمەنە و لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز بەرچاو نەدەکەوت.

خاڵێکی دیکەی جێی سەرنجی کەناڵی سی.ئێن،ئێن، جیاوازی چینایەتی بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە بووە. لە راپۆرتەکەی خۆیدا، سی.ئێن.ئێن دەڵێت “ئەو ئێرانیانەی، کە لە بێ دەرەتانی و هەژاری تێکەڵ بە ناڕەزاییەکان بوونە، بەرچاون و ئەمەش جیاوازی لە گەل پێکهاتەی بەشدار بووانی بزووتنەوەی سەوز لە ٢٠٠٩”.

کەنالی هەواڵی جەزیرە، لەسەر زاری عەدنان تەباتەبایی، لێکۆڵەرێکی ئێرانی دانیشتووی ئەڵمانیا دەڵێت، ناڕەزاییەکانی ئەم جارە لایەنی سیاسی نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ باری خراپی ئابوری ئێران.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، وێڕای دەربڕینی پشتگیری خۆی بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، دەڵێت: خۆپیشاندەرانی ئێران شیاوی پشتگیری سەرۆکی ئەمریکان. لە گوتارێکدا، کە لەسەر پێگەی ئەم کەناڵە لە نووسینی کریستیان ڤیتون، یەکێک لە راوێژکارانی کۆشکی سپی بڵاو بۆتەوە، هاتووە: رژێمی ئێران بەردەوام ئەمریکای بە هۆکاری ناڕەزایی و هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران دەزانێ. لە راستیدا خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئازادی، خوازیاری پاڵپشتی جیهانی ئازاد و سەرۆکی ئەمریکان. لە راستیدا پشتیوانی ئەخلاقی سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێ لە زۆر رووەوە شوێندانەر بێت.

ترەمپ، رۆژی هەینی داوای لە حکومەتی ئێران کرد، کە رێز بۆ مافەکانی خەڵکی ئێران لەوانە ئازادی رادەربڕین دابنێت. سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەریکدا، نووسی: راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە خۆپیشاندەران بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایی بە گەندەڵی رژێمی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و پشتیوانی دارایی ئەم وڵاتە بۆ تیرۆریزم لە دەرەوەی سنوورەکانی، هاتوونەتە سەر شەقام. حکومەتی ئێران دەبێ رێز بۆ مافەکانیان دابنێ، جیهان چاودێرە.

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی بەرامبەر بە لێدوانەی ترەمپ وەرگرتووە و قسەکانی سەرکی ئەمریکای بە هەلپەرەستانە و ریاکارانە وەسف کردووە. قاسمی دەشڵێت “خەڵکی ئێران هیچ بەهایەک بۆ ئەم قسانە دانانێن”.

نووسەری فۆکس نیوز پێی وایە، ئەم خۆپیشاندانانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەمریکا، کە کەم کاریەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، سەبارەت بە پشتگیریکردن لە گۆڕینی رژێمی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس، بە ئاماژەدان بە باشتر بوونی دۆخی ئابوری ئێران لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی تاران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، دەڵێت “ئەم باشتر بوونەوەی دۆخی ئابوری ئێران ئەنجامێکی دڵخوازی بۆ خەڵکەکە بەدواوە نەبوو. رێژەی بێکاری لە سەرەوەیە، هەڵاوسان رووی لە زیادبوونە و نرخی شتومەک لە ئێران بەرز بۆتەوە بە رێژەیەی بەرچاو”.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئاماژەی داوە بە دۆخی ئابوری و ناڕەزایی خەڵکی ئێران لەبارەی دۆخی ئابووری و ژیانی خەڵکەوە و دەڵێت: سەرباری ئەمانەش، بەشێک لە خۆپیشاندانەکان، لایەنی سیاسی بە خۆوە گرتووە و کۆمەڵێک پرسی وەک ئامادەبوونی پڕتێچووی ئێران لە سوریا، لە دروشـمی خۆپیشاندەران رەنگی داوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵنێری فەرەنسا، رووماڵی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێرانی کردووە و ئاماژەی بە گوتەکانی ترەمپ و کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە و دەڵێت: حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران، تاکوو ئێستا هەڵوێستی و کارادنەوەی بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان نەبووە.

ئاژانسی هەواڵنێریی ئەڵمانیاش تەرکیزی خستۆتە سەر دروشمە سیاسییەکانی ئەم خۆپیشاندانانە و دەڵێت: دروشمەکانی وەک “نە غەزە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران” یان دروشمەکان دەربارەی دەستوەردانەکانی ئێران لە سوریا لەم خۆپیشاندانانە بەرجەستە بووە و ئێران گرنگی بە ژیان و باری سەختی ژیانی هاوڵاتیانی خۆی نەداوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com