شۆڕشێکی راستەقینە بەرۆکی ئێرانی گرتووە

0

نوچەنێت

رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە ژمارەی دوێنێ خۆیدا (سێشەممە ٢-١-٢٠١٧)، وتووێژێکی لەگەڵ لێکۆڵەری بەناوبانگی فەرەنسی، ستێفان دودوئانۆن، ئەنجام داوە. ئانۆن، کە ئەم دواییانە سەردانی ئێرانی کردووە، سەبارەت بە گۆڕانکاریەکان و خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام داوە.

بە گوتەی ئانۆن، ئەوەی لە ئێران روودەدات، گوزارشت لە شۆڕشێکی راستەقینە بە مانای وشە دەکات. ئەم نوسەرە فەرەنسییە دەڵێت “ئەم شۆڕشە، ریشەی لەو ناڕەزاییانە داکوتاوە، کە لە دژی هەژاری و بێ دەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی لە ماوەی ساڵانی رابردوو، هاتۆتە کایەوە. بێ هۆ نییە، کە ئەم خۆپیشاندانە زۆرتر لە شارە پەراوێزخراوەکان سەری هەڵداوە”.

نوسەر پێی وایە، ئەوەی روودەات، لە هەموو روویەکەوە جیاوازە. رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو، شؤڕشێکی گەورەی گەلانی ئێرانە، کە زیاتر لە ٤٠ شاری ئەم وڵاتەی تەنیوەتەوە. خۆپیشاندەران راستەوخۆ و بە شێوەی توندڕەوانە، رابەر و سەرانی رژێمیان کردۆتە ئامانج. بە گوتەی ئانۆن، ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی رووداوەکانی ئێستایە لەو حەرەکەتەی، کە ساڵی ٢٠٠٩ لەژێر ناوی بزووتنەوەی سەوز هاتە ئاراوە.

نووسەر لە درێژەی تووێژەکەی لە گەڵ رۆژنامەی لۆمۆند دەڵێت، دروشمی گەنجان و لاوان لە بەرگری کردن لە رەزا شا، ئەویش لە شارە مەزهەبیەکان، زیاتر لە هەموو شتێک ئەو مانایە دەگەیەنێ، کە خەڵکی ئەم وڵاتە بە تەواوی لە رژێمی دەسەڵاتدار  بێزارن و نە تەنها دژایەتی تەواوەتی حکومەت و دەسەڵات دەکەن، بەڵکوو لە دژی ئیسلامیش وەستاونەتەوە.

بە گوتەی ئەم لێکۆڵەرە فەرەنسییە. پێکهاتەی سەرەکی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە لە خەڵکی رەش و ڕووت و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێکدێت و بەم مانایە و لەم گۆشەنیگاوە دەکرێ بگوترێ، کە کۆماری ئیسلامی لەرووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە،تووشی هەرەس هێنان هاتووە.

نووسەر باس لەوەش دەکات، کە بێ گومان شۆڕشی ئەم جارە، کۆماری ئیسلامی بە جددی خستۆتە مەترسییەوە. بە بەراورد لە گەڵ بزووتنەوەی سەوز، راپەڕینی ئەم جارە نیشان دەدات، کە ترس لە رژێم هەرەسی هێناوە و ئەوەی دەترسێ حکومەتە نەک خەڵک.

بە گوتەی ئەم نووسەرە فەرەنسییە، بزووتنەوەی سەوز تەنها لە شاری تاران قەتیس مابووەوە و هەر بۆیە سەرکوت کردنی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە سەهل و ئاسان بوو؛ بەڵام راپەڕینی جەماوەری ئەم جارە، لە رووی پانتای جوگرافی، سەرانسەری، توند و رادیکالە و هەر بۆیەش کۆنتڕۆڵکردنی دژوار و پڕ مەترسییە و تێچوویەکی زۆری دەوێت. سەرباری ئەمانەش، ئەم شۆڕشە، ناکۆکی و دژایەتیە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی توندتر و بەرجەستە کردۆتەوە.

ئانۆن بە رۆژنامەی لۆمۆندی گوتووە: بەرچاوترین تایبەتمەندی شۆڕشی ئەم جارەی ئێرانیەکان، کردنە ئامانجی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. هەر چەند سەرانی رژێمی ئێران هەوڵ دەدەن سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە گرێ بدەن بە دەستی دەرەکییەوە، بەڵام راستییەکی ئەوەیە، کە حکومەت بە تەواوی گوێی خۆی بە رووی ویست و داواکاریەکانی خەڵک کەڕ کردووە و توانای دژکردەوەی گەلێک لاوازە.

ئانۆن ئاماژەی بە بوومەلەرزەکەی کرماشان کردووە و دەڵێت: بوومە لەرزەکەی کرماشان، لە دەرکەوتنی بوومەلەرزەی سیاسی ئەم جارە بێ کاریگەر نەبووە. ئەم بوومەلەرزیە خەڵکی وریا کردووە و وەبیری هێنانەوە، کە پانتایی و قووڵایی گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەکە. پەیامێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزیە ئەوە بوو، کە خەڵک تێگەیشتن، کە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هاوچەرەنووسن.

ئانۆن لە کۆتاییدا جەختی کردۆتەوە، کە شۆڕشی ئەم جارە ئێران، نەک ئەم یان ئەو بەرپرسەی رژێم، بەڵکوو تەواوەتی دەسەڵات و حکومەتی کۆماری ئیسلامی کردۆتە ئامانج.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com