٧ رۆژی رابردوو لە ئێران چی روویدا؟

0

رۆژی یەکەم: مەشهەد

پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو،٢٧ی دیسەمبەری ٢٠١٧، خۆپیشاندانەکان لە شاری مەشهەد دەستی پێکرد. سەرەتا دەگوترا ناڕەزاییەکە لە دژی دەوڵەتی حەسەن روحانی و گرانی و باری خراپی ئابووری وڵاتە، هەر چەند ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ئە، دروشمانە”ئیسلامتان کردە پلیکانە، خەڵکتان پەست کرد. یان دروشمی، نە غەززە، نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران” دەگوترایەوە.

زیاتر لە ٥٠ کەس لە خۆپیشاندەران، دەستگیر و ژمارەیەکیش بریندار بوون هەر لەم رۆژەدا، خۆپیشاندانەکان شارەکانی نەیشابور و کاشـمەری تەنییەوە.

احمد علم الهدی، بەرنوێژی مەشهەد و رەخنەگری توندڕەو، دەوڵەتی  حەسەن روحانی، بەوە تۆمەتبار کرد کە هانی خەڵکانێکی داوە و دەستی هەبووە لەم رووداوە،بەڵام دواتر ناوبراو ئەم بانگەشەی رەتکردەوە.

رۆژی دووەم: خۆپیشاندان لە شارە گەورەکان

رۆژی هەینی، خۆپیشاندان شارەکانی ئیسفەهان، رەشت، هەمەدان و چەند شارێکی دیکەی گرتەوە، لەم رۆژەدا، بێجگە لە حەسەن روحانی، خۆپیشاندەران عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردە ئامانج. لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی سواڵ دەکات، ئاغا، خوایی دەکات. دروشمیان بوو.

خۆپیشاندانەکان، لە چەند شارێک روو بە رووی توندوتیژی بووەوە. هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسک رێژ، پەلاماری خەڵکی نارازییان دا و لە ژمارەیەک لە شارەکانی دیکە بە سەیارەی ئاوپرژێن بڵاوەیان بە خەڵک دەکرد.ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزی نەجووڵاندووە و هێزەکانی پۆلیس بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیە.

ئەنجومەنی وەزیران، هەمان رۆژ کۆبوونەوەی نائاسایی بەست، جێگری سەرۆککۆماری هۆشداری دایە خۆپیشاندەران، کە هەمووان سواری بەلەمێک بوونەوە و دووکەڵی ئەم ئاگرە دەچێتە چاوی هەموان.هەر لەم رۆژەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تویتی کرد و حکومەتی ئێرانی بە گەندەڵ وەسف کرد.

رۆژی سێهەم: لە لوڕستان تەقە لە خۆپیشاندەران کرا

رۆژی شەممە، خۆپیشاندانەکان لە دژی حکومەت بەربڵاوتر بوو.لەم رۆژەدا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرا کە بیانوو یان هۆکاری خۆپیشاندانەکان، لە سەرەوەی گەندەڵییە و گەندەڵی حکومەت  وتەواوەتی رژێمی ئێرانی کراوەتە ئامانج.

لە شاری ئەبهەر، خۆپیشنادەران وێنەی رابەری کۆماری ئیسلامیان داگرت، بەرامبەر زانستگای تاران لە شەقامی شٶڕش، هەواڵەکان باس لە شەڕ و تێکهەڵچوونیان لە نێوان خەڵک  و هێزە ئەمنییەکان دەکرد.دوو وێستگەی میترۆ لەم شارە داخران.خۆپیشاندان تا نیوەی شەو بەردەوام بوو و لەو گرتە ڤیدۆییانەی کە بڵاو بوونەوە، دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی دەبیندرا.

لە دورودی سەر بە پارێزگای ئیلام، لە رۆژهەڵاتی کوردستام تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەرپرسانی رژێمی ئێران، کوژرانی دوو کەسیان پشتڕاست کردەوە. کەناڵی ئامەد نیوز لە تێلیگرام لە لایەن حکومەتەوە داخرا، کەناڵێک کە روماڵی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی دەکرد، زیاد لە یەک ملیۆن بینەری هەبوو. لە شارەکانی تاران و ئەراک بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی ئێران، بە لانی کەمەوە ٣٠٠ کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر دەستگیر کران.

رۆژی چوارەم: بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکانی و گوتاری روحانی

رۆژی یەکشەممە، کەناڵی هەواڵی ئێران رایگەیاند، نزیکەی ١٠ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. نوێنەری ئیزە لە پەرلەمانی ئێران، کوژرانی دوو کەس و جێگری سیاسی ئەمنی پارێزگاری هەمەدانی راگەیاند.

لە زۆربەی لێدوانەکان دەگوترا، کە ئاژاوەچییەکان هۆکار  وئەنجامدەری ئەم کوشتارە بوونە، بۆ وێنە ئاماژەیان بە نەوجەوانێکی تەمەن ١٥ ساڵە دەکرد.

وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی هێزی ئینتزامی هۆشدارییان دایە خۆپیشاندەران. بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکی نارەزاییەکان، حەسەن روحانی هاتە قسە و جەختی لەوەکردەوە،کە خۆپیشاندانی هێمنانە مافی خەڵکە، بەڵام رێگە بە ئاژاوەگێڕی نادەن.

رۆژی پێنجەم: هێرش بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئێران

رۆژی دووشەممە، حەسەن روحانی، بۆ جارێکی دیکە قسەی کرد و ئەم جارە لە لێدوانێکی جیاوازدا گوتی، هەموو خۆپیشاندەران کەسانێک نین کە لە دەرەوەی وڵات  فەرمانیان وەرگرتبێ، بەڵکو بەشێکیان کەسانێک کە بە هۆی هەست و کێشەکانیانەوە هاتوونەتە سەر شەقام.

لە شارەکانی ئیسفەهان، شەڕ و تێکهەڵچوونەکان زۆر توند بوو.چەند کەس کوژران و بنکەیەکی هێزەکانی رژێمی ئێران ئاگری تێبەردرا. وەزارەتی ئیتڵاعات راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە  ورایگەیاند، کە ژمارەیەک لە دژبەران دەستگیرکراون.

گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی، رووداوەکە لەو ئاستەدا نییە کە سوپا دەستوەردانی تێدا بکات. زۆریەک لە تۆڕەکانی پەیوەندی و کۆمەڵایەتی لەم رۆژەدا فیلتەر کران و تەنانەت بۆ چەند خولەکێک پەیوەندی ئینتەرنێتی ئێران، بە تۆڕی جیهانییەوە پچڕا.

رۆژی شەشەم: هۆشداری عەلی خامنەیی

رۆژی سێشەممە،عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەکیترین بەردەنگی دروشمە توندەکانی خۆپیشاندەران بوو لە سەرتاسەری ئێران. وەک یەکەم کاردانەوە بەرامبەر بەم روداوانە، خامنەیی هەڵوێستی وەرگرت و گوتی  خۆپیشاندانەکان، پیلانی دوژمنانی دەرەکی رژێمی ئێرانە.

دۆخەکە لە رۆژەدا لە تاران هێورتر بوو، بەڵام  خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران بەردەوام و بەربڵاوتر بوو.سەدان کەس لە شارەکانی کەرەج، قوم، کرماشان، لورستان و …هتد، دەستگیر کران. ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ٤٥٠ کەس تێپەڕ بوو.

لەم رۆژەدا، سکرتێری گشتی  رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد کە بە شێوەی توندوتیژ بەرەوڕووی خەڵکی خۆپیشاندەر نەبێتەوە.کۆشکی سپیش داوای کرد کە حکومەت مافی خۆپیشنادانی هێمنانە بۆ هاوڵاتیانی بە فەرمی بناسێت.

تام ئەم رۆژە، بە لانی کەمەوە ٢١ کەس لە خۆپیشاندەران کوژران.

رۆژی حەوتەم

رۆژی چوارشەممە، لایەنگرانی حکومەت لە شارەکانی ئێران دەستیان کرد بە رێپێوان و دانی دروشم لە دژی خۆپیشاندەران.

فەرماندەی سوپای پاسداران، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی مەحمودی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بدات، رایگەیاند کە ماڵپەرێکی بە ستراوە بە بەرپرسێکی پێشووی ئێران، بانگەشەی بۆ خۆپیشاندان کردووە. محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران گوتی، کە ئەم خۆپیشاندانە فیتنەی ٩٦ە و کۆتایی ئەم خۆپیشاندانە رادەگەیەنێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com