ئایا ئایەتوڵڵا مایک لە پشت روداوەکانی ئێرانەوەیە؟

0

نوچەنێت

محەممەد جەعفەر مونتەزری، سەردۆزگەری گشتی ئێران، رایگەیاند، ریشەی ئەم ئاڵۆزی و پشێویانە دەگەڕێتەوە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

مونتەزری دەڵێت، پلانداڕێژی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە، کەسێکی ئەمریکییە بە ناوی مایک دی ئەندریا، بەرپرسی دژە تیرۆر لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا. پلانی خستنی رژێمی ئێران لە لایەن سی.ئای.ئەی و موساد داڕێژراوە  وسعودیە لە رووی داراییەوە سپۆنسەریەتی.

ئەمە یەکەم جار نییە کە بەرپرسانی ئێرانی، ریشە  وهۆکاری نائارامی و نارەزاییەکانی ناوخۆ، دەخەنە پاڵ دوژمنی دەرەکی.

عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی لە یەکەم و تەنها کاردانەوەی بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەمان بانگەشەی دووبارە کردەوە و گوتی، دوژمنانی دەرەکی هۆکاری ئەم بارگژری و ئاژاوەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رێکس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین هەڵوێست و لێدوانی بەرامبەر بە رووداوەکانی ئێران،  رۆژی رابردوو،٥ ی جانیوەری رایگەیاند، واشنتۆن پشتیوانی لە ئامانج و ویستی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی رژێمی سیاسی ئەم وڵاتە دەکات. تەنها بە شێوەی ئاشتیانە.هەر چەند پێشتریش، تیلرسن جەختی لە سەر ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کردۆتەوە.

چەند رۆژ بەر لەم لێدوانەی تیلرسن، نیۆیۆرک تایمز لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کەسێک بە ناوی مایکڵ دی ئەندریا، بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئێرانەوەیە، ئەم کەسە بە ئایەتوڵڵا مایک بەناوبانگە و پێشتر بەڕێوەبەڕی دژە تیرۆر بووە لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.

ئایەتوڵڵا مایک کێیە؟

مایکڵ دی ئاندریا، یەکێک لە ئەندامانی بە ئەزمونی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی.ئای.ئەی) بۆ کاروباری هەواڵگری لە ئێران دیاری کرد.

مایکڵ دی ئاندریا، ناسراو بە ئایەتوڵڵا مایک و شازادەی رەش، پێشتر بەڕێوەبەری ناوەندی دژی تیرۆری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ساڵەکانی 2000 بووە. بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، ناوبراو لەو کاتەدا ئۆپەرایسۆنی دۆزینەوە و لە داوخستنی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەر و سەرکردەی پێشتووی تۆڕی تیرۆرستی قاعیدەی لە ئەستۆ بووە.

بە گوتەی نیۆیۆرک تایمز، مایکڵ دی ئاندریا، دوای ئەوەی کە ژیانی هاوبەش لە گەڵ ژنێکی موسوڵمان پێکدێنێ، نازناوی ئایەتولڵا مایکی پێدەدرێ، مایکڵ لە میانەی راپەڕاندنی ئەرکێکی دا و سەردانی بۆ وڵاتێکی بیانی، لە گەڵ ئەم ژنە موسوڵمانە ئاشنا دەبێت. دەگوترێ مایکڵ بڕاوی بە ئایینی ئیسلام هێناوە، زۆر پابەندی رێوشوێنەکانی ئەم ئایینە نییە.

بە پێی راپۆرتەکان، ئایەتوڵڵا مایک لە ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، بەرپرسایەتی گەورەی لە ئەستۆ بووە. لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، هەزاران کەس لە ئەندامانی تۆڕە تیرۆرستییە ئیسلامییەکان لە ناوبردراون.

لە راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز ئاماژە بەوەش کراوە، کە مایکڵ پامپئۆ، سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا وێڕای ئایەتوڵڵا مایک، بڕیاروایە بەدوداچوون بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و رێککەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتە بکەن و زانیاری تەواو دەربارەی پابەند بوون یان پێشێلکردنی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لە لایەن ئێرانەوە، کۆبکەنەوە و لەم بابەتە بکۆڵنەوە.

دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، لە هەرجۆرە کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم راپۆرتەی نیۆیۆرک تایمز خۆی بواردووە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە ئەم دەزگایە ناسنامەی کارمەندانی نهێنی خۆی ئاشکرا ناکات.

نیۆیۆرک تایمز دەنوسێت، لە روانگەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، ئەندریا کەسێکە کە کوشتەی کارە و دەتوانێ بە باشترین شێوە کاروباری هەواڵگری لە ئێران، بگەیێنێتە ئەنجام.

ئایەتوڵڵا مایک، ناوبانگێکی لەرادەبەدەری هەیە.هیچ کام لە  ئەندامانی سەزگای هەواڵگری بە رادەی مایک رۆڵیان لە لاوازکردنی تۆڕی تیرۆریستی قاعیدە نەبووە. کاتێک کە چاودێری بە سەر کوژرانی ئۆسامە بن لادن دەکرد، ناسناوی شازادەی تاریکی پێدرا.

ئەندامانی سی.ئای.ئەی کە لە ژێر فەرماندەیی و بڕیاری ئایەتوڵڵا مایک کاریان کردووە، رۆڵی سەرەکییان لە کوشتنی عماد مغنیە، سەرکردەی سەربازی حزبولڵای لوبنان هەبووە لە ساڵی ٢٠٠٨.

راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز لە بارەوە تایبەتمەندیەکانی ئایەتوڵڵا مایک دەڵێت، بەردەوام جگەرە دەکێشێت. بە هەمان رادە کە زیرەک و وشیارە، بە هەمان رادەش رەفتارێکی توند و تیژی هەیە.ئەمەش وای کردووە کە زۆریەک لە کارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئامادە نەبن لە گەڵی کار بکەن.

دۆنالد ترەمپ، بە دانانی ئەم فەرمانبەرە ئەمنییە نیشانی دا، کە تا دێ هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ئێران توندتر دەبن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com