ئەشکەنجەی سیستماتیک لە زیندانەکانی سوریا

0

نوچەنێت- ئاژانسەکان

رەهەندێکی ترسناکی شەڕی ناوخۆی سوریا، کە کەمتر سەرنجی خراوەتە سەر، بابەتی ئەشکەنجە کردنی زیندانیانە لە سوریا، چ لە لایەن هێزەکانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد، چ لە لایەن دژبەرانی رژێمی سوریا و تەنانەت خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتە.

ئێستاش ئاسۆیەکی روون بۆ سوریا و داهاتووی شەڕ و ماڵوێڕانی لەم وڵاتە وێنا ناکرێت. هۆکارەکەی روونە. لە لایەک وتووێژەکانی ئاشتی و رەوتی گفتوگۆکان بەردەوام بەرەوڕووی شكست و گرفت دەبێتەوە، لە لایەکی دیکەوە، بەشار ئەسەد، کە پشتیوانی ئێران و روسیای لە گەڵە، ئامادە نییە لە دەسەڵات و کورسیەکەی بکشێتەوە. لە ئەنجامدا، سێبەری رەشی شەڕێکی ماڵوێرانکەر بە سەر ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە و بە ملیۆنانی ئاوارەش قورسایی دەکات.

ئەگەرچی گریمانە دەکرێ، کە پاشەکشە و رەنگە تێکشکانی یەکجاری داعش، یارمەتی بە باشتربوونی ژیانی رۆژانەی زۆریەک لە هاوڵاتیانی سوری بکات، بەڵام رۆژانە هەواڵ و راپۆرتی ناخۆش لەم وڵاتە دەبیسترێ و دەبیندرێت.

یەکێک لە رەهەندە ترسناک و کارەساتبارەکانی ئەم شەڕە ناوخۆییەی سوریا، ئەشکەنجە و ئازاردانی بەندکراوانی ئەم وڵاتەیە، چ لە زیندانەکانی رژێمی ئەسەد و چ لە زیندانەکانی گروپەکانی دژبەر و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە. ئەم زیندانیانە بریتین لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، هونەرمەندان و هاوڵاتیانی ئاسایی.

لە کاتی دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ تاکوو ساڵی ٢٠١٥،  ١٧ هەزار و ٧٢٣ کەس لە زیندانەکان بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانیان لە دەستداوە.٦٥ کەس لەو زیندانیانەی پێشوو، کە لە مەترسی مەرگ و ئەشکەنجە رزگاریان بووە، بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵیان گوتووە، کە بە چاوی خۆیان بە لانی کەمەوە مەرگی یەک کەسیان بە هۆی ئەشکەنجە و بەدرەفتاری بینیوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم بارەوە دەڵێت: نزیک بە ٢٠ هەزار کەس خەڵکی سوری لە زیندانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لە دەست داوە و ٧٥ هەزار کەسیش لە زیندانیەکان بێ سەروشوێن کراون. ئەمنستی جەخت دەکاتەوە، کە ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئەسەد بە شێوەی سیستەماتیک و بەربڵاو بەڕێوەدەچێت.

بە پێی میکانیزمێک، کە پێێ دەگوترێ دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتی، قوربانیانی ئەشکەنجە دەتوانن لە دژی ئەم سزایانە، لە ٢٠ دادگای ٢٠ وڵاتی جیهان، لەوانە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن. بۆ وێنە داگایەکی وڵاتی ئەڵمانیا دەسەڵاتی پێڕاگەیشتن و بەدواداچوونی بۆ ئەم سکاڵایانە هەیە.

هانس وەن برلی، هەواڵنێری یۆرۆنیوز لە ئەڵمانیا لە گەڵ چەند کەس لە زیندانیانی پێشووی، کە لە مەترسی مەرگ رزگاریان بووە، وتووێژی ئەنجام داوە. ژمارەیەک لەوان لە دادگاکانی ئەم وڵاتە سکاڵایان تۆمار کردووە و خوازیاری جێبەجێکردنی عەداڵەت و دادگایی کردنی تاوانباران. ژمارەیەک لەم کەسانەش بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و ئازاردانی بنەماڵەکانیان لە لایەن رژێمی سوریا، ئامادە نین ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن.

بەسەرهات و چیرۆکی زیندانیان، گەلێک ئازاردەر و نامرۆییە، کە چۆنیەتی و شێوازەکانی ئەشکەنجە رۆحی و جەستەیی دەگیڕنەوە، لە هەڵواسینەوە بگرە تاکوو دەسترێژی سێکسی و لێدان و …هتد.

نەدیم حوری، شارەزای کاروباری سوریا و بەڕێوەبەری پلانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە روانگەی مافەکانی مرۆڤ، لەم بارەوە دەڵێت: لە ماوەی ١٥ ساڵ ئەزموونی کارکردنی لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، دیاردەی ئەشکەنجە بەو شێوەی، کە لە زیندانەکانی رژێمی ئەسەد بوونی هەیە، دەگمەن و بێ وێنەیە.

حوری دەشڵێت: ئەشکەنجە بە شێوەیەکی گشتی میکانیزمێکی کۆنتڕۆڵ و سەپاندنی دەسەڵاتە، کە لە لایەن رژێمە دیکتاتۆرەکانەوە بە کار دەهێنرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com