هەفتەیەکی چارەنووس ساز لە بەردەم رێککەوتنی ئەتۆمی

0

نوچەنێت

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە بڕیاری چاوەڕوانەکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆکانی سەر ئێران دەڵێت، رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ هەفتەیەکی چارەنووس ساز بەرەوڕوویە.

بە پێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، چاوەڕێ دەکرێ دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانای داهاتوو جەخت لە سەر هەڵوێستی پێشووتری خۆی بکاتەوە و ئامادە نەبێ پابەند بوونی ئێران بەم رێککەوتنە، پشتراست بکاتەوە. لە هەمووی گرنگتر، ترەمپ ئەگەر گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵنەوەشێنێتەوە، مانای وایە، کە واشنتۆن یەک لایەنە لەم رێککەوتنە دەکشێتەوە.

بۆ مانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ترەم دەبێ بڕیار لە سەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران بکات، چونکە ئێران بەرامبەر بە هەڵوەشانەوە و هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیانە، کە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان دانراون، ئامادە بووە بەرنامە ئەتۆمیەکەی سنووردار بکات. وۆڵ ستریت جۆڕناڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خۆپیشاندانەکان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانە ئێران، بۆتە فاکتەرێکی گرنگ و ئەم هاوکێشەیە زیاتر ئاڵۆز و ناڕوون کردووە.

بە پێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، ترەمپ دەتوانێ خۆپیشاندانەکان بکاتە هۆکاری بەدەوامی دان بە گەمارۆکان یان بە پێچەوانەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بدات، هاوکات رێوشوێنی دیکە بۆ سزادانی ئێران بگرێتە بەر.

زۆریەک لە راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرباری ئەوەی، کە رەخنەی توندیان لەم رێککەوتنە هەیە، بەڵام داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە لە رێککەوتنەکە بمێنێتەوە و هاوکات میکانیزمی دیکە بۆ گوشار خستنە سەر ئێران دابنێ لە پەیوەندی لە گەڵ سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانەکانی تاران لە ناوچەکە. رێکس تیلرسەن، وەزیری دەرەوە و جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا ش هەڵگری ئەم بۆچوونەن.

تیلرسەن، لە چاوپێکەوتن لە گەڵ کەناڵی سی.ئێن،ئێن، گوتوویەتی: پێدەچێ ترەمپ هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ماوەی دیاریکراو، گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر ئێران. ژمارەیەکی دیکە لە راوێژکاران، چاوەڕێ دەکەن ترەمپ گەمارۆکان گەڵوەشێنێتەوە، بەڵام بە دیاریکراوی نازانن هەڵوێستی دواتری سەرۆکی ئەمریکا چۆناوچۆن دەبێت.

ترەمپ مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو هۆشداری دا، کە لە رێککەوتنەکە دەکشێتەوە، مەگەر ئەوەی، کە کۆنگرێس و هاوپەیمانانی ئەوروپی رێکارێک بۆ یەکلاکردنەوەی بەرنامەی موشەکی بالستی ئێران بخەنەڕوو و گرەنتی ئەوەش بکەن، کە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی رێککەوتنەکە، ئێران ئامادە دەبێ چالاکیە ئەتۆمیەکانی سنووردار بکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا، دوای ئەم هۆشدارەی ترەمپ، لە ماوەی رابردوودا چۆنیەتی و کاتی دانانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانیان تاوتوێ کردووە، هاوکات ئەوەش لە بەرچاو گیراوە کە ئەگەر تاران لە چالاکیە ئەتۆمیەکانی بەدەوام بێت، واشنتۆن بژاردەی دیاریکراوی لە سەر مێز هەبێت.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، تاکو ئێستا چەند رەشنووسێک ئامادە کراوە، بەڵام لە سەر پلانی کۆتایی رێکنەکەوتوون دەشڵێن، پێناچێ بەم زووانە و بەر لەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتایی خۆی لە سەر رێککەوتنەکە و گەمارۆکانی سەر ئێران بدات، بگاتە ئەنجام.

ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم هاوکێشەیە، سیناتۆر باب کورکێر، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی سینا، سیناتۆر بن کاردین، ئەندامای باڵای دیموکراتەکان لەم لیژنەیە و سیناتۆت تۆم کاتەن، راوێژکاری پەرلەمانی ترەمپ بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئەوروپیەکان دەڵێن، کە پابەندی رێککەوتنەکە دەمێننەوە، چ ئەمریکا لە رێککەوتنەکە بمێنێتەوە، چ ئەوەی بکشێتەوە. بەو حاڵەشەوە، هەر بڕیارێک لە لایەن ئەمریکا بۆ دانانی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ئێران، کێشە و لەمپەر گەورە دەخاتە بەردەم کۆمپانیاکانی ئەوروپا و سزادانیان، ئەگەر لە بازرگانی و دانوستان لە گەڵ ئێران بەرەدوام بن.

مارک دوبوڤیزتر، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆتی بەرگری لە دیموکراسی لەم بارەوە دەڵێت، گرنگ ئەوە نییە دیپلۆماتکاران لە پاریس، بەرلین و رۆم یان برۆکسێل چۆن بیر دەکەنەوە گرنگ ئەوەیە، کە کاردانەوە کۆمپانیاکانی ئەوروپی بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com