لە خۆپیشاندانەکانی ئێران ٣٧٠٠ کەس دەستگیر کراون

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، نزیک بە ٣ هەزار و ٧٠٠ کەس دەستگیر کراون.

مەحمود سادقی رۆژی  سێشەممە ٩ی جانیوەری، بە ماڵپەڕی خانەی میللەت بەستراوە بە پەرلەمانی ئێرانی گوتووە: کۆی ئەو کەسانەی، کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کراون، نزیک بە ٣ هەزار و ٧٠٠ کەسە.

سادقی هەروەها گوتویەتی: بە هۆی ئەوەی، کە ژمارەیەک لە خوێندکاران لە لایەن دەزگا ئەمنیە جیاوازەکانەوە دەستگیر کراون، ناکرێ بە وردی ئاماری خوێندکارانی دەستگیر کراو بخرێتەڕوو.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت: بە پێی ئاماری دەزگا و دامەزراوە حکومەتیەکان، ژمارەی خوێندکارانی دەستگیرکراو ٤٠ بۆ  ٦٨ کەسە، لە گەڵ ئازادکردنی ژمارەیەکیان، ژمارەی ئەو کەسانە، کە لە ئێستادا دەستبەسەرن، کەمتر بۆتەوە.

دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە خوێندکاران و چالاکانی کرێکارای لە پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە لە پارێزگاکانی ئێران دەستی پێکردووە و فاتیمە سەعیدی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران، پێشتر رایگەیاندووە، کە لە سەر یەک ٩٠ خوێندکار دەستگیر کراون.

بە گوتەی بەرپرسانی زانکۆکانی ئێران، ژمارەیەک لە خوێندکارەکان ئازاد کراون، بەڵام ژمارەی ورد و دروستی خوێندکارە ئازادکراوەکان لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم پەیوەندیەدا، بەهرام پارسایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی پەرلەمانی ئێران، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کە وەزیری ئیتلاعات سەبارەت بە ئازادکردنی خوێندکارە دەستگیرکراوەکان بۆچوونی ئەرێنی هەیە و بەڵێنی داوە، کە ئازاد بکرێن.

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردووی ناوچەکانی ئێران، ژمارایەکی قوتابیش دەستگیر کراون، کە تەمەنیان ١٦ بۆ ٢٤ ساڵە.

لە هەفتەی رابردووش، ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگاکانی ئێران، ئاماری جۆراوجۆر و دژبەیەکیان لە ژمارەی دەسگیرکراوەکان خستەڕوو.

قاسم عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی دادگای پارێزگای مەرکەزی، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند: لە رۆژانی رابردوو لەم پارێزگایە، بە لانی کەمەوە ٣٩٦ کەس دەستگیر کراون.

بە گوتەی عەبدوڵڵاهی، لەم پارێزگایە بە بڕیاری دادگا، ٢٩٤ کەس رەوانەی زیندان کراون.

عەلی ئەسغەر تەهماسبی، جێگری سیاسی و ئەمنی پارێزگاری گولستان، لە لێدوانێکی دیکەیدا گوتویەتی، کە ١٥٠ کەس لە ئاژاوەگیڕەکان لە رەشت دەستگیرکراون.

ئاژانسی هەواڵی دانشجو سەر بە بەسیجی ئێران، لە هەواڵێکی دیکەدا رایگەیاندووە، تەنها لە شاری رەشت، ١٢٠ کەسی دیکە دەستگیر کراون.

عەلی رەزا رادفەر، جێگری سیاسی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا، باسی لە دەستگیرکردنی ٣٠ کەس لە خۆپیشاندانەکان کردووە لەم پارێزگایە.

محەممەد قویومی، سەردۆزگەری گشتی پارێزگای ئەلبۆزر، باسی لە دەستگیرکردنی شەش کەس کردووە، کە بە گوتەی ناوبراو هۆکاری هاندانی خەڵکی شارەکانی سەر بەم پارێزگایە بوونە.

ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، لە راپۆرتێکدا لە سەر زاری جێگری  قایمقامی تاران ئاشکرای کردووە، کە تەنها لە تاران نزیک بە ٤٥٠ کەس دەستگیر کراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com