بۆ بازاڕی عێراق بە دەستی ئێرانەوە نیە؟

0

نوچەنێت

سەرباری پەیوەندی قوڵ و پتەوی ئێران و عێراق،  لە  رووی سیاسی، کەلتوری، سەربازی و نێودەوڵەتییەوە، ئامادەبوونی ئێران لە باڕەزاڕەکان و ئابوری عێراق، رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر و کەمڕەنگتر دەبێت.

سەید حەمید حسێنی، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی ئێران و عێراق،چەند رۆژ بەر لە ئێستا،لە میانەی کۆبوونەوەی دەرفەتەکانی هەناردە بۆ بازاڕی بەسرە، رایگەیاند، ئامادەنەبوونی وەزیران  و بەرپرسانی پەیوەندیدار بۆ سەردانکردنی بازاڕی عێراق، بۆ هەناردەی ئێران کێشە سازە.

حسێنی دەڵێت، دەبێ دەوڵەت بڕیارێک پەسەند بکات، کە بەو پێیە بە شێوەی وەرزانە، وەزیرەکان سەردانی بازاڕی عێراق بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی ئەم وڵاتە بکەن، هەروەها تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەناردەی ئێران بۆ ئەم بازاڕە بکەن.

بەرپرسی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق،هەروەها دەڵێت، بازاڕی عێراق دەرفەتێکی گەورە لە بەردەم کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی ئێرانە، هۆکارەکەی بۆ لەناوچوونی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەو، کە ئێستادا پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە هەیە.

ئەم بەرپرسەی ئێران، گوتی، لە ساڵی ٢٠٠٣ بەداوە، ئێران ئامادەبوونی لە بازاڕی عێراق هەبووە. رادەی ئەم ئامادەبوونەش لە گەڵ مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا ناگونجێ و بەشێک لە نزم بوونی ئاستی ئاڵۆگۆڕی ئابوری، پەیوەستە بەوە کە چالاکانی ئابوری و بازرگانانی ئێرانی ناسیاو و شارەزاییەکی کەمیان لە بازاڕی عێراق هەیە.

سەید حەمید حسێنی، ئەوەش دەخاتە روو کە لە ژووری بازرگانی ئێران و عێراق، لێکۆڵەینەوەی بازاڕی عێراق و دەرفەتەکانی ئێستای ئەم بازاڕە کراوە. هانی کۆمپانیاکانی خۆشمان داوە کە بچنە ناو ئەم بازڕەوە، بۆ دەستپێکی ئەم پرۆسەیە، پێشنیارمان کرد کە ناوەندی بازرگانی بەسرە لە لایەن کۆمپانیاکانی ئێرانەوە بەڕێوە بچێت، کەچی تاکو ئێستا پێشوازی لەم پێشنیارە نەکراوە.

بەرپرسی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق ئەوەشی رایگەیاند، کە رۆژانە ١٩ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار شتومەک و کاڵا  هەناردەی عێراق کراوە. کەرەستەی بیناسازی، خۆراک، جۆرەکانی بەرهەمی کشتوکاڵ، خاوێن کەرەوە و بەرهەمەکانی تەندروستی، بەشێکی زۆری ئەو کاڵا و کەرەستانەن کە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق کراون.

حسێنی لە بارەی کوالیتی بەرهەم و شتومەکی ئێران دەڵێت، پێمان وایە دەبێ بە شێوەیەکی بەربڵاو چآودێری و کۆنتڕۆڵی بەرهەم و کاڵاکان بکرێت. تەنانەت پێشنیارمان کرد تاکو لە قەفەسەی مارکێتەکانی عێراق، نمونەی بەرهەم و شتومەکی ئێرانی تاقی بکرێتەوە و ئەگەر سەرپێچییەک هەبوو،لایەنی پەیوەندیدار سزا بدرێت.

حسێنی ئاماژە بە پێشنیارێک دەکات کە، پێشنیاری ئەوەمان کرد بۆ ئەوەی مەسەلەی گرانفرۆشی  بۆ گەشتیارەکانی عێراق، نەیەتە ئاراوە، ژووری بازرگانی لە دەروازە سنوریەکان بە هاوبەشی هەر دوو، نوێنەرانیان ئامادە بن و رادەی رەزامەندی گەشتیاران هەڵبسەنگێنن.

یەحیا ئالی ئیسحاق، بەرپرسێکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران  وعێراق رونیدەکاتەوە، عێراق لە ١٥ ساڵی داهاتوو بە رێژەی وەبەرهێنانی ساڵانی سەدان ملیار دۆلار، دەبێتە گەورەترین بازاڕی ناوچەکە. ژێرخانەکانی عێراق بە تەواوی لە ناو چووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. لەم رووەوە ئێران دەتوانێ بەشێکی زۆری پێداویستیەکانی  ئەم وڵاتە دابین بکات.

ئالئ ئیسحاق هۆشداری دەداتەو ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئێران هەلی ئامادەبوونی خۆی لە بازاڕی عێراق لە دەست بدات. ئەم بازاڕە هاوشێوەی بازاڕی ئاسیای میانە لە کیس دەچێت.

شەهلا عموری، بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەهواز، پێی وایە، پاک  وخاوێنی شارەکانی عێراق، مێعماری ستاندارد، ژێرخانە سەرەکیەکان، دروست کردنی پرد، جادە و رێگاوبان، بەشێک لەو بوارانەن کە شارەزایان و کۆمپانیاکانی ئێرانی دەتوانن تیایدا چالاک بن. وێڕای ئەوەی کە بواری پەروەردە   دەتوانێ زەمینەیەکی دیکەی هاوکاری بێت.

عموری دەڵێت، عێراق تا ساڵی ٢٠٣٥، لە دوای سعودیە، دووەمین وڵاتی هەناردەکەری نەوت دەبیت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ٥٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەیە.

عموری بە ئاماژەدان بەوەی، کە لە ئێستادا لە عێراق هێڵەکانی گەیاندی گاز بوونی نییە، رایوایە، یەکێک لە پلانە سەرنجڕاکێشەکانی ئێران لە عێراق دەتوانێ ئەم بوارە بێت. وێڕای ئەوەی کە دەتوانین لە  کەرتی وزەی خۆر  وباو لەم وڵاتە وەبەرهێنانمان هەبێت.

عموری باس لەوەش دەکات، کە پارێزگای بەسرە خاکێکی بەپیتی هەیە و دەکرێ ساڵانە سێ جار کشتوکاڵی تیادا بکرێت. لەم رووەوەش دەتوانین وەبەهێنانی تێدا بکەین. سەرباری ئەمەش عێراقیەکان ئامادەن حەوزەکانی پەروەردەی ماسی و زەمینی خۆڕاییمان بۆ دابین بکەن.

بە گوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەهواز، مانگابە زیاتر لە ٣ هەزار هاووڵاتی عێراق، بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئێران دەکەن.لەم رووەوە، بواری گەشتیاری تەندروستی و هەروەها دانانی کۆمپانیای دروست کردنی  دەرمان لە عێراق، زەمینەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان هەیە.

تاهیری، جێگری کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە جەخت لە سەر زەمینەی هەناردەکردنی شتومەک و کاڵای ئێرانی  و-وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی ئێرانی دەکات و دەڵێت، هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە دەبێ چآومان لە سەر بازاڕی بەسرە بێت، نابێ بازاڕی پارێزگاکانی الامارە، ناصریە و سەماوە نادیدە بگرین.

بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە، کە پێشنگاکانی ئێران لە عێراق بە شێوەیەکی لاواز بەڕێوە دەچێت. رەبیهاوی، شارەزایەکی بواری بازرگانی دەڵێت، خاڵە لاوازەکانی ئێمە لە پەیوەندی لە گەڵ گەشەپێدان بە پەیوەندی ئابوری و بازرگانی ئێران و عێراق خەسارناسی نەکراوە. فاکتەرێکی گرنگ  وخاڵێکی لاوازی لایەنی ئێرانی، هەناردەکردنی کۆمەڵێک شـتومەک و بەرهەمی ئەم وڵاتەیە کە  ئاستی کوالتییان لە خوارەوەیە. هەر بۆیەش رێکخراوی گەشەی بازرگانی لە بڕیارێکدا خاڵە گومرکیەکانی ئێرانی ئەرکدار کردووە کە ئەو کاڵا و شتومەکانە کە هەناردەی عێراق دەکرێن، دەبێ لە رووی تەندروستی و کوالێتی، ستانداردیان هەبێ، وێڕای ئەوە کە  پاکەت کردنی بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و خواردن دەبێ بە وردی رەچاو بکرێن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com