کام وڵات لە گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان، زۆرترین زیانی کرد؟

0

نوچەنێت

پلانەکانی سوپای پاسداران بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی، زیانێکی بەرچاوی بە ئابوری ئێران گەیاندووە.

بازرگانانی ئێرانی دەڵێن، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵیان دا لە هەرێمی کوردستان  مارکەی دڵخوازی خۆیان پێشان بدەن و رەزامەندی کڕیار بە دەست بهێنن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا هەموو هەوڵەکانیان بوو بە بڵقی سەر ئاو.

تورکیا  وئێران، وێڕای دەوڵەتی مەرکەزی عێراق، ژێربەژێر بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بەڵام تورکیا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو و بە شێوەی ژێربە ژێر و لە نەبوونی ئێران و عێراق، قازانجێکی زۆری کرد.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، نە تەنها دەوڵەتی مەرکەزی بەغدا، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، لە سەر پاکێجی هاوبەش بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن. ئەم پاکێجە هاوبەشەش لایەنی سەربازی و  دارایی هەبوو کە سزای هەرێمەکەیان دا.

داخرانی هەردوو فڕۆکەخانەی سەرەکی سلێمانی و هەولێر، گەمارۆی ئابوری لە لایەن ئێران و تورکیا، داخستنی دەروازە سنووریەکان، تۆپبارانی ناوچە سنووریەکان، هێنانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێم، رێگرتن لە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم، بەشێک لەم سزا سەربازی و داراییانە بوون، ئێران پلاندارێژی سەرەکی پاکێجەکە بوون، بەڵام ئەوی کە زۆرترین زیانی لەم گەمارۆیانە بەرکەوتبێ، خودی ئێران بوو.

رۆژنامەی ئابوری “تجارت”کە لە تاران چاپ  وبڵاو دەبێتەوە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، داخستنی سنوورەکان و پچڕانی پەیوەندی بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، بە کردەوە دابەزینی هەناردەی ئێرانی بەدواوە  بووە و وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لە سەر هەناردەکردنی ئێران داناوە.

عەلی دیلمەقانیان، جێگری ژووری بازرگانی ورمێ دەڵێت، لەو ماوەیەدا کە سنوورەکانی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی داخران، ئێران نزیکەی ٢ ملیار دۆلار لە بازاڕی هەناردە زیانی بەرکەوتوو، لە کاتێکدا هەر لەو ماوە زەمەنیە، هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، بە رێژەی ١٢٠% بەرز بۆتەوە.

ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنای گوتووە، چەند مانگ بەر لە ئێستا، بە هۆکاری سیاسی سێ وڵاتی ئێران،عێراق  وتورکیا بڕیاری داخستنی سنوورەکانیان بە رووی هەرێمی کوردستان دا، رێککەوتن  ئابڵۆقەی ئابوری هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بوو تەنها ئێران و عێراق بوون و تورکیا ئامادە نەبوو، تەنانەت بۆ یەک کاتژمێر، سنوورە فەرمیەکانی خۆی دابخات.

لە راستیدا تورکیا کڵاوی لە سەر ئێران نا، چونکە بە گوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی  ورمێ، هەموو کوردەکان پێیان وایە کە  قەرزداری  تورکیان، چونکە ئەوانیان لە قەیرانی مەوادی خۆراکی و شتومەک رزگار کرد. ئەوان بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانیان چ فرت و فێڵێکیان بەکارهێناوە، بە لامانەوە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە تورکەکان لەو دۆخە قەیراناوییە، یارمەتییان داین.

بەڵام ئەمە هەمووی ئەو زیانانە نییە، کە بە هۆی سیاسەت و بڕیاری هەڵەوە بە ئابوری ئێران گەیشتووە، بە گوتەی دیلمەقانیان، تاجر و بازرگانانی بۆ جێخستنی مارکە و بە دەستەوە گرتنی بازاڕەکانی هەرێم، وەبەرهێنانی زۆریان لەم هەرێمە کرد ،بە تایبەت لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٧، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا هەموو هەوڵەکانیان بوو بە بڵقی سەر ئاو.

مەسعود دانشـمەند، ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی، بە رۆژنامەی تجارەتی گوتووە، داخرانی سنورەکانی ئێران بە رووی هەرێمی کوردستان، بەدەر لە دەسەڵاتی چالاکانی کەرتی تایبەت بووە و ژمارەیەک لە بازرگانان و چالاکانی کەرتی تایبەت داوای قەرەبوو دەکەن.

بە گوتەی دانشمەند، لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری بازاڕی عێراق بە دەست تورکەکانە. بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئابڵوقەدانی هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی بازاڕی عێراقی بۆ بازرگانانی ئێرانی خستە مەترسییەوە.

یەک لەو دام و دەزگایانەی  کە زۆرترین هەوڵی بۆ گوشار خستنە سەر هەرێم و گەمارۆدانی دا، سوپای پاسداران و لە سەرووی هەموویانەوە باقری، سوپاسالاری ئێران بوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com