سوڵتان و عەفرین

0

نوچەنێت

ئەردۆغان کاتێک دەرگای بە رووی ئاوارە سوریەکاندا کردەوە، بۆچوونی وابوو، کە رژێمی بەشار ئەسەد، لە ماوەی چەند هەفتەدا تێکەوە دەپێچرێ، بەڵام ئەمە رووی نەدا. پێگەی کورد لە سوریا بەهێزتر بوو و بوو بە فاکتەری هەڕەشە بۆ سەر ئەنقەرە.

بە پێی راپۆرتێکی گاردیان، لە ساڵی ١٩٢٣، کە تورکیای ئەمڕۆیی هاتە کایەوە، ئەم وڵاتە ملکەچی ئەو سنوورانە بوو، کە بەریتانیا بۆی دانابوو. تا چەندین ساڵی رابردووش، تورکیا پابەندی سیاسەتی کەماڵ ئەتا تورک، دامەزرێنەری تورکیا نوێ بوو، کە دەیگوت: ئاشتی لە ماڵەوە، ئاشتی لە دەرەوە، بەبێ دوژمن.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کاتێک ژوزێف ستالین، سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتی سۆڤییەت خوازیاری جێگیرکردنی هێزی سەربازی وڵاتەکەی لە سەر خاکی تورکیا بوو، دەوڵەتی ئەنقەرە بڕیار و ئاراستەی هاوپەیمانێتیەکانی گۆڕی و بەرەو رۆژئاوا بای دایەوە. تورکیا هەر لەو کاتەوە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەریتانیا بوو بە ئەندامی ناتۆ، بەشداری لە شەڕی کۆریا کرد و بێ لایەنی خۆی وەلانا. لە یارمەتیەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و پلانی ماڕشاڵ بێ بەری نەبوو، هەزاران خوێندکاری رەوانەی وڵاتانی دەرەوە کرد، دەرگای بازاڕەکانی جیهانی بە روودا کرایەوە، لە هەمووی گرنگتر پشکێکی بازاڕی کاری ئەڵمانیای پێبڕا.

تورکیا سەردەمانێک ملکەچی ئەوروپا بوو. بەرامبەر بە واشنتۆن بێجگە لە “بەڵێ لە گەڵتم” و “رێک وایە” هیچ شتێکی پێ نەبوو. ئێستا بە مەرج قسە دەکات، لە قەیرانی پەنابەرانەوە بگرە تا دەگاتە مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و فراوانخوازیەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان.

رۆلی سوپای تورکیا لە ئاراستەکردن و گۆڕانگاریەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە، یەکلا کەرەوە بووە. بەتایبەتی لە دوای دەیەی ١٩٥٠ بە دواوەوە، سەردەمانێک، کە رەواندنەوەی ئایین لە تورکیا دەستی پێکرد. ئەم قۆناغە زۆری نەخایاند، تۆرگۆت ئۆزاڵ، لە ململانێ لە گەڵ سوپای تورکیا، سەرکەوتنی بە دەستهێنا. تورکیای خستە ناو بازرگانی جیهانییەوە، رەوتی توندڕەوانەی رەواندنەوەی ئایینی هاوسەنگ و تا رادەیەک راگرت. تێگەیشتینی لە پرسی کوردەکان هەبوو. گاردیان بە ئاماژەدان بە مەرگی ئۆزاڵ لە ١٩٩٣ نووسیویەتی: دوای ئەو، هیچ کەس نەیتوانی جێگاکەی پڕ بکاتەوە.

لە سەرەتای سەدەی ٢١، پارتی داد و گەشەپێدان گەیشتە دەسەڵات. ئەردۆغان هەر لە سەرتاوە هەوڵی دا و بیر و ئایدۆلۆژیای حزبەکەی و هاودیدەکانی لە ژێر کاریگەری ئیخوانەکان پەرە پێ بدات. ئەمەش قۆناغێکی نوێ بوو.

پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، هەڵگری بۆچوونی ئیخوانییە و ریشەی لە پارتی رزگاری نیشتمانیدا هەیە، کە نەجمەدین ئەربەکان رابەرایەتی دەکرد، هەر بۆیە بە پارتێکی ئیسلامگەرا دەناسرێتەوە. ئەم پارتە بۆ مەسەلەی ئازادیەکان، روانگەیەکی دادپەروەرانەی نییە و ئەمڕۆکە زیاتر لە هەموو کاتێک لە ژێر هێرش و رەخنەی توندی نەیاران و جیهانی دەرەوە دایە.

١٥ ساڵ بەر لە ئێستا، پارتی دادەگەشەپێدان بە فکریەتی ئیخوانەکان، چالاکیەکانی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٢ دەستپێکرد. هەر لە سەرەتاوە توانی بە زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان بە دەست بێنێ و وەک پارتی دەسەڵاتدار و بێ رکابەر، کاروباری ئەم وڵاتە بە دەستەوە بگرێت.

لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی، ئەردۆغان پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ ئێران و سوریا گرێ دا. هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کوردی دا، هەروەها هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەدنیەکانی ئەنقەرەی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دا. بەڵام بەهاری عەرەبی، کۆتایی بەم رەوتە هێنا.

دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی، کە دواتر بە بەهاری عەرەبی ناسرایەوە و لە ئەنجامدا ئیسلامگەراکانی بەستراوە بە ئیخوانەکان گەیشتنە دەسەڵات، خولیای عوسمانیگەری کەوتە بیروزەینی ئەردۆغانەوە. پێێ وابوو هاوشێوەی محەممەد مۆرسی، دەتوانێ خەلافەتی ئیسلامی لە سەر بنەمای فکری ئیخوانی بنیات بنێ. سەر باری ئەوە، کە پەیوەندییەکی گەرم و گوڕی لە گەڵ ئیخوانەکان هەبوو، لە پێناوی رابەرایەتی کردنی ئیخوانیەکانی جیهان، ململانێی میسری کرد. کاتێک، کە بەهاری عەرەبی سەری هەڵدا، پشتێنەیەک لە ئیخوانەکانی میسر، ئیخوانەکانی سوریا، حەماس، ئەلنەهزەی تونس و  قەتەر وێنا دەکرا تاکوو جوگرافیای ناوچەکە دیزاین بکەنەوە.

لێرەوە بوو، کە ئەردٶغان بڕیاری دا فکریەتی عوسمانیگەری لە وڵات پیادە بکات. هەر بۆیە بە دەستوەردان لە سوریا، پێی وابوو، کە هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، هەژمونی خۆی جێگیر دەکات و رابەرایەتی ئیخوانەکان لە ناوچەکە بە دەستەوە دەگرێت. لەو رووەوە، کە ئیخوانەکان، توانای سەربازی ئەتۆیان نەبوو، تورکیا ناچار بوو راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هاوکاری گروپە سەلەفی و جیهادیەکانی وەک قاعیدە و داعش بکات، ئەگەر چی تەنانەت لە گەڵ ئیخوانەکان هاودید نەبوون.

هەر چۆنێک بێت، دەستوەردانەکانی تورکیا لە سوریا و سەرکوتی عەلەویەکانی ئەم وڵاتە، کە ژمارەیان لە عەلەویەکانی سوریا زۆرترە، هەستی ئەوانی بریندار کرد. پشتیوانی تورکیا لە داعش بە تایبەت لە مەسەلەی کۆبانێ، هەستی کوردەکانیشی بریندار کرد. هەولەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی حكومەت لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەستی سێکۆلارەکانیشی بریندار کرد، بە تێکڕای ئەمانە لە دژی ئەردٶغان و دەسەڵاتەکەی وەستانەوە.

ئیخوانەکان

ئیخوانەکان، وەک بزووتنەوەیەکی بەربڵاوە، شوێندانەری و رۆڵێکی گەورەیان لە گۆڕانکاریەکانی جیهانی عەرەب و بە گشتی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیادا هەیە. بزووتنەوەی ئیخوانەکان بە بەربڵاوترین بزاوتی ئێستا لە جیهانی عەرەبی هەژمار دەکرێت، کە لە وڵاتان و لە چوارچێوەی رەوتە ئیخوانیەکان، کاریگەرییان بە سەر رەوتی گۆڕانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی و پێکهاتەی ئەمنی و جیئۆپۆلۆتی رۆژئاوای ئاسیادا هەیە.

قەتەر و تورکیا، ساڵانێکە، کە لە گەڵ ئیخوانەکان پەیوەندی چڕوپڕیان هەیە. دوای کەوتنی دەوڵەتی محەممەد مورسی، لە لایەن سوپای میسرەوە لە جونی ٢٠١٣ و سەرکوتی سەرانی ئیخوانەکان لەم وڵاتە، ئەنقەرە و دۆحە بوونە بە شوێنی داڵدەدانی ئەم گروپە، بە جۆرێک، کە قەتەر بە بەهەشتی ئیخوانەکان دەناسرێتەوە.

تورکیا وەک هاوپەیمانی ناوچەیی قەتەر، بە وڵاتێکی نەیاری عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر دەناسرێتەوە. دوای لادانی مورسی لە دەسەڵات، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئیخوان روویان کردە تورکیا. ئەم گروپە، تورکیا بە شوێنێکی پارێزراو بۆ رێکخستنەوەی خۆیان دەزانن. لە دوای قەتەر، تورکیا بە دووەمین وڵات هەژمار دەکرێ، کە ئیخوانەکان بە ئاسودەیی تیایدا پاڵیان داوەتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆککۆماری تورکیا، دوورخستنەوەی مورسی لە دەسەڵات بە کودەتای تەواو عەیار وەسف کردووە. هەر بۆیە باوەشی خۆی بۆ پێشوازی لە رێبەرانی ئیخوانەکان کردەوە. لە دوای تیرۆری جەمال عەبدولناسر، ئیخوانەکانی تورکیا پشتیوانێکی گەورە و بەهێزی رەوتی ئیخوان هەژمار دەکرێن.

سەعید رەمەزان، رۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی بۆچوونی ئیخوانی هەبووە لە تورکیا. رەمەزان لە زۆربەی ئەو کۆنفڕانسانەی، کە لە تورکیا بەڕێوە دەچوو، بەشدار دەکرد و گوتاری پێشکەش دەکرد. لەم رووەوە وەک پردی پەیوەندی نێوان ئیسلامگەراکانی تورکیا و میسر، رۆڵی تایبەتی خۆی دەگێڕا. پارتی داد و گەشەپێدان، سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە رادەیەکی بەرچاو لە گەڵ دۆخی ئیخوانەکان گونجاندووە. بە جۆرێک، کە ئایدیۆلۆژیای ئیخوانەکانی لە سەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەم وڵاتە داناوە. ئیخوانەکان لە دوای کەوتنی مۆرسی رایانگەیاند، کە دەوڵەتی نوێی میسر بە فەرمی ناناسن، هەربۆیە بەرەنگاری سوپای ئەم وڵاتە بوونەوە. تورکیا یەک لەو وڵاتانە بووە، کە لەم قۆناغەدا پاڵپشتی ئەم بەرەنگاری و سیاسەتەی ئیخوانەکان بوو. 

لە ئێستادا، سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر ئەم رەوتە بنیات نراوە. رەوتێک، کە لە میسر دەسەڵاتی لە دەستداوە، ئامادەبوونی لە سوریا کەم ڕەنگ بۆتەوە، لە تونس لە دەسەڵات دوور خراوەتەوە، لە لیبیا لە ململانێ سیاسیدایە و بە گشتی ئامانجی دوارۆژی بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بە سەر جیهانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی، لە بەردەم پرسیاردایە. تەنها رووناکی بەردەم ئەم رەوتە، پارتی داد و گەشەپێدانە.

هشام الحاجی. لێکۆڵەری سیاسی لەم بارەوە دەڵێت: سەرکەوتنی ئەردۆغان، کاریگەری مەعنەوی بە سەر رەوتە ئیسلامگەرا سیاسییەکان، بە تایبەت ئیخوانەکان هەبووە. رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا، خوازیاری کۆنتڕۆڵکردنی ئەم رەوتەن لە تورکیا. بە تایبەت، کە ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان خۆیان بە لقێکی ئیخوانەکان دەزانن.

سوننە چییەتی و گێژاوی سوریا

دەوڵەتی ئەردۆغان، کە سەرەتا پەیوەندییەکی پتەوی سیاسی و ئابوری لە گەڵ سوریا گرێدابوو، دوای دەستپێکی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە، بەرامبەر بە دەوڵەتی عەلەوی مەزهەبی بەشار ئەسەد، پالشتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامگەر و سوننەی ئەم وڵاتەی کرد. سوننە چییەتی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا زەبری کوشندەی لە پەیکەری ئەم وڵاتە داوە و تەنانەت گرژی لە نێوان کەمینەی عەلەوی و زۆرینەی سوننەی لە بەشێک لە ناوچەکانی تورکیادا بەدواوە بووە.

رۆژنامەی فیگارۆی فەرەنسا، لە راپۆرتێکدا لە ٢١ی فێوریەی ٢٠١٦، لە سەر زاری  رۆژنامەنووسێکی تورکیا گواستوویەتەوە کاتێک، کە رۆژی ٢٢ی جونی ٢٠١٥، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هاوخەمی خۆی لە گەڵ ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشی ئیسلامیەکان بۆ سەر شاری سروچی باکوری کوردستان دەربڕی، کە بەو هۆیەوە ٣٣ کەس گیانیان لە دەست دا، ئەم هاوخەمیەی ئۆلاند شەرمەزاری بوو بۆ سەرۆکێکی رۆژئاوایی. ئەم رووداوە ئەنجامی سیاسەتی ئەردۆغان بوو. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا، ئەردۆغان دەرگای تورکیای بە رووی هێزە جیهادیەکاندا کردەوە. ئەم رێڕەوە ئیمکانی هاتووچۆی بۆ قاعیدە و هێزە جیهادیەکانی تورکیا فەراهەم کرد. بەبێ ئەم ستراتیژیە، داعش نەیدەتوانی لە جونی ٢٠١٤. موسڵ داگیر بکات. رێگەدانی هاتووچۆی ئازادانە بە هێزە جیهادیەکان، تەنها بۆ خێرایی بەخشین بە کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد بوو. بەو مانایە، کە تورکیا ئاگاهانە رێگەی بە تۆڕە جیهادیەکان دەدا، کە دەستیان لە راپەڕاندنی کاروبارەکانیان ئاوەڵا بێت.

ساڵی ٢٠١٧، بەپێی راپۆرتێک، کە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوەکرا، کە تورکیا ناوەندی سەرەکی کاروچالاکی هێزە ئیسلامییەکانە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە سەر زاری تۆماس دی مایزێر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە، کە گروپەکانی حەماس، ئیخوانەکان و گروپە جیهادی و ئیسلامگەراکانی سوریا، کە لە ئایدیۆلۆژیای رەجەب تەیب ئەردۆغان نزیکن، لە لایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەکرێن. ئەم راپۆرتە نهێنیەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە سەر داوای پارتە چەپەکانی پەرلەمان و لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە ئامادە و بڵاو کرایەوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، کە تورکیا چەکدارانی قاعیدەی ئاودیوی سوریا کردووە و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گروپە جیهادیەکان کردووە. تەنانەت لە شەڕی نێوان جیهادیەکان و هێزەکانی کوردی سوریا، لایەنگری و پاڵپشتی جیهادیەکانی کردووە. واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەنقەرە بۆ خێرایی بەخیشن بە کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و هاوکات بۆ زەبرلێدان لە شەرڤانانی کورد لە سوریا، چوونی هەزاران شەڕکەری بیانی و جیهادی بۆ سوریا نادیدە گرتووە. واشنتۆن پۆست هەروەها ئاشكرای کرد، کە باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە دیدار لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ناوبراو، لە کۆشكی سپی پێی گوتووە، کە چیدی نابێ رێگەی هاتووچۆی ئازادانە بە شەڕکەرە بیانیەکان بۆ سوریا بدات.

بە پێی راپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست، بە هەزاران چەکدار و جیهادی لە تورکیا داڵدەدروان و بەر لەوەی بچنە سوریا، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ژوورەکانی حەوانەوە، دەمانەوە.

کەنالی بی.بی.سی لە ٧ی دیسەمبەری ٢٠١٧راپۆرتێکی بڵاو کردەوە، کە تیادا جیهادیە بیانیەکان دەبیندران، کە چلۆن لە شوێنەکانی حەوانەوە و مانەوەیان لە باشوری تورکیا بۆ چون بۆ سوریا، کەڵک وەردەگرن.

ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی عەرەب پێیان وایە، کە رێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و ئەمریکا لە لایەک ئێران و روسیا لە لایەکی دیکە هەیە، کە بەو پێیە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، دواتر هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێ، کە ئەسەدی تیایدا بەشدار نەبێت. بەپێی رێککەوتنەکە، حکومەتێکی تەوافوقی پێکدێت، کە ئەم چوار لایەنە رایان لە سەر بێت. چاودێرانی سیاسی عەرەب دەشڵێن، ئەم حکومەتە نوێیە، پێکهاتەکەی بریتی دەبێت لە رژێمی ئێستای سوریا و ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو. لە چوارچێوەی وەها لێکدانەوەیەدا، دەکرێ تاوتوێی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە جرابلۆس و عەفرین بکرێت، تاکوو بەم رێگەوە گروپە چەکدارەکانی خۆی پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی داهاتووی سوریا پشکی شێری بەربکەوێت.

ساڵی رابردووش رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئەم رێککەوتنەی بە رێککەتونی مەلا و تەزار و سوڵتان و جەلاد وەسف کرد. رۆژنامەی ئەلحەیاتیش،لە راپۆرتێکی دیکەدا هۆشداری دایە تورکیا و رایگەیاند، کە جموجۆڵەکانی ئەنقەرە لە سوریا دەتوانێ دەستپێکی شەڕێکی نوێ بێت لە سوریا. ئەمە لە کاتێکدایە، کە سعودیە لەم هاوکێشەیە بوونی نییە و گۆشەگیر کراوە.

لە ئێستادا، کورد لە سوریا پێگەیەکی بەهێزی هەیە، لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێ. پشتیوانی و یارمەتی سەربازی تورکیا بۆ هێزە ئیسلامگەراکان، کە زۆربەیان سەر بە رەوتی ئیخوانەکانن، دەتوانێ باڵادەستی ئەم گروپانە دەستەبەر بکات، چ بەرامبەر بە کور، چ بەرامبەر بەو هێزانەی، کە لە لایەن سعودیەوە پاڵپشتی دەکرێن. ئەم هێزانە، کە پێشتر لە سوریا بوونە، ئەگەری ئەوە هەیە، کە بەرەروووی یەکتر ببنەوە. نیگەرانی سعودیەش لەم رووەوە جێێ سەرنجە.پێدەچێ سعودیەش بە رادەیەکی زیاتر یارمەتی هێزەکانی ژێر پشتیوانی خۆی بکات، ئەمە بەو مانایە، کە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ سەر دۆخی سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆ.

قەدری گۆرسل، لە بابەتێکدا، کە لە پێگەی “المانیتۆر” بە ناونیشانی تورکیا هەموو هێلکەکانی لە سەبەتێک داناوە، دەنووسێت: تورکیا بە پشتێوانی کردنی لە رادەبەدەری ئیخوانەکان، لە گەمەیەکی مەترسیدار تێوەگلاوە.

ئەردٶغان کاتێک بینی، کە شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی، باڵادەستی ئیخوانەکانی بەدواداهات، لە سوریاش سوننەکان لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد راپەڕین، دوچاری جۆرێک لە سەرمەستی بوو. تورکیا هیوای لە سەر یەکڕیزی و هاوپەیوەندی وڵاتانی سوننەی خاوەن دەسەڵاتی ئیسلامی هەڵچنی. ئێستا ئەنقەرە چاوەڕێ دەکات، کە ئەسەد هەر چۆنێک بووە، لە داهاتوویەکی نزیک لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە.

گۆرسەل لە وەڵامی ئەم پرسیارە، کە بە دوورکەوتنەوەی ئەسەد، تورکیا بەرەوڕووی چ کێشە و گرفتێک دەبێتەوە، ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە: مانەوەی زیاتر لە چاوەڕانی ئەسەد لە دەسەڵات، تێچووەکەی بۆ تورکیا چەندە.

سەرباری ئەمانەش، تا هەر کات ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە، هەوڵی کوردەکان بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و حکومەتی خۆیان لە سوریا چڕتر دەبێتەوە و ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا. لە لایەکی دیکەوە، پەکەکە دەستی بە چەکی پێشکەوتوو لە سوریا رادەگات، ئەمەش رادەی گوشار بۆ سەر تورکیا دووچەندان دەکات، هەڕەشە و هێرش بۆ سەر عەفرین، دەکرێ لەم روانگەشەوە لێکبدرێتەوە.

سەرباری ئەمانەش، لە ئەگەری روودانی شەرێکی نوێ لە سەر خاکی سوریا، تورکیا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەیە. نابێ ئەو راستییە نادیدە بگیردرێ، کە بەشێکی زۆری ئەو چەکانەی، کە لە دەستی گروپە سوننە و جیهادیەکانی سوریادان،بەرێگەی تورکیاوە، رادەستیان دەکرێت.

سەرچاوە:

http://www.bbc.com/persian/blogs/2014/01/140113_l44_nazeran_turky_erdogan_politics

http://www.bbc.com/persian/world/2016/08/160824_b33_turkey_syria_saudi

https://www.radiofarda.com/a/27930079.html

http://iswnews.com/390/

http://www.voltairenet.org/article190890.html

http://alwaght.com/fa/News/102710

http://newspg.ir/7/598-

https://ir.sputniknews.com/opinion/20150608334533/

http://islamtimes.org/fa/doc/article/483035/print/

http://www.hambastagi.org/new/fa/from-other-suorces/1253-nearing-the-end-of-the-erdogan-system.html

http://www.dinonline.com/doc/report/fa/4734/

http://istaqlal.com/?p=15363

https://www.mehrnews.com/news/3722741/

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com