کوردستان دەتوانێ چ سودێک لە کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس وەربگرێت؟

0

نوچەنێت

کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆڕبەندی جیهانی ئابوری بە دروشمی “دروستکردنی ئاییندەی هاوبەش لە جیهانی پڕ کێشە”. لەم رووەوە ٤٨مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەستپێکرد و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش بەشداری ئەم کۆڕبەندەیە.

پسپۆڕێکی ئابوری رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن هەوڵ بدەن لە گەڵ کۆمپانیاکان قسە بکەن، نەک بۆ نەوت، نابێ لەوێ نزیکی نەوت و گاز ببنەوە،  بەڵکو دەبێ خەریکی پیشەسازی بچوک و مامناوەندی بن و لەم بابەتە ئەو کۆمپانیایانە ئامادەن هاوکار بن.

کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس چییە؟

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس[١]، بە بەشداری نزیکەی هەزار و ١٠٠ کەسایەتی دیاری جیهان و سەرۆکی وڵات و حکومەتەکان، وەزیری دارایی و بازرگانی وڵاتان، بزنسمان و کارگێڕی کۆمپانیا گەورەکان، کە داهاتی ساڵانەیان لە سەرو پێنج ملیار دۆلارەوەیە کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە دەبات.

کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆڕبەندی جیهانی ئابوری، بە دروشمی “دروستکردنی ئاییندەی هاوبەش لە جیهانی پڕ کێشە”. لەم رووەوە ٤٨مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەستپێکرد؛ سەرۆکانی جێهان لە ئاستی جیاواز بۆ دروستکردنی روانینێكی هاوبەش بەمەبەستی باشکردنی دۆخی جیهان، لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.  

داڤۆس دەکەوێتە قەدپاڵی زنجیرە چییای ئاڵپ لە سویسرا، کۆبوونەوەکە بە گەورەترین کۆبوونەوەی ئابوری جیهان دادەنرێت.

سەرەتاکانی دەرکەوتنی داڤۆس، دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستایەکی ئابوری بە ناوی کڵاوس شواب، کە لە ساڵی ١٩٧١ کۆڕبەندێکی بچووکی بۆ بزنسمانە ئەوروپییەکان دامەزراند، بەڵام قۆناغە جیاوازەکان و ڕووخانی بلۆکی رۆژهەڵات و راوەستانی جەنگی سارد و گۆڕانکارییەکانی دواتر، وای کرد ئەم مونتەدایە فراوان بکرێت و ئێستا دیارترین و ناودارترین نوخبەی ئابوری و سیاسی و هونەری لە جیهاندا لە خۆی دەگرێت.

کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، یەکێکە لەو کۆڕبەندانەی هەم لایەنگرێکی زۆر و هەم ڕەخنەگرێکی زۆری هەیە، لای لایەنگیرانی، داڤۆس بە قیبلەگای “لایەنگرانی گڵۆباڵیزم دادەنرێت”، ئەو کەسانەی سەرسەختانە داوای لابردنی سنورەکان دەکەن و پێیان وایە بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی یەک وڵات و یەکگروپدا بێهودەیە، بە بڕوای ئەمان “بابەتی ئابوری” گرنگترین بابەتی جیهانە. لایەنگیرانی داڤۆس، چین بە نمونە دەهێننەوە کە بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵی پرۆسەی گڵۆباڵیزمدا گەشەی کردووە و لە ئێستادا لە ١٠ بانکی گەورەی جیهان دووانیان چینین.

بەڵام ڕەخنەگرانی لە بەهای ئەم کۆبوونەوە ئابورییە کەم دەکەنەوە و پێیان وایە، ئەم کۆبوونەوەیە تەنها نمایشی بازرگانان و دەوڵەمەندترین بازرگانان و “خۆشبەختترین کەسایەتییەکانە”، کە سەبارەت بە گەورەتر کردنی قەبارەی سەروەت و سامانەکەیان دەدوێن و لایەنگیر لە نێو سیاسییەکاندا بۆ “بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی دونیا” کۆدەکەنەوە، نەک هەوڵێک بێت بۆ چارەسەرکردنی هەژاری لە دنیادا.

ئەو کۆمپانیانەى ساڵانە بۆ داڤۆس، بانگهێشت دەکرێن دەرامەتى ساڵانەى هەر یەکەیان لە سەرو ٥ ملیارێک دۆلارەوەیە و دەبێت بۆ بەشداریکردن پێشوەخت، بڕی ١٢ هەزار پێنجسەد دۆلار بدەن بەو کۆڕبەندە. زۆرینەی کات نزیکەی ٤٠%ی ئەو کەسایەتییانەی بەشداری تێدا دەکەن لە ئەورپان و ٣٥%ی لە ئەمەریکاوە بەشدارن، بەڵام ئەوانەی لە ئاسییاوە بەشدارن ٨% تێناپەڕێنێت.

شاندی هەرێمی کوردستان و داڤۆس[٢]

یەکێک لەو کەساییەتییە دیارە کوردانەی لە داڤۆسدا بەشداربووە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ئەو کات سەرۆکی هەرێم بووە) کە ماوەی دوو ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٣ و ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری ئەو کۆڕبەندە ئابورییەی کرد.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا بارزانی ئامادە نەبوو جارێکی دیکە بەشداری ئەو کۆڕبەندە ئابورییە بکات و بەشداری نەکرد . لەو کاتەدا فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند “ناوبراو بەهۆی شەڕی داعشەوە بەشداری ئەو کۆڕبەندە ناکات”.

یەکێکی دیکە لەو کەسایەتییە کوردانەی بەشداری داڤۆسیان کرد ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بوو.

داڤۆس تەنها کۆڕبەندێکی گرنگ نییە، بەڵکو پەراوێزی ئەو کۆڕبەندە هێندەی کۆڕبەندەکە جیاوازە و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان و سەرمایەداران یەکتر دەبینن. هەروەها هەموو ساڵێکیش لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا و لە شوێنێکی کەمێک دوور ، چالاکوانانی ڕەخنەگر خۆپیشاندان دژی سەرمایەداری ئەنجام دەدەن.

داڤۆس بۆ جیهانگیرییە

پڕۆفیسۆر هوشیار مەعروف، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس و گرنگییەکانی بە نوچەنێت-ی راگەیاند: ئەم کۆڕبەندە هەر ساڵە و لە شوێنێک دەکرێ، ئەوەی گرنگە ئەوان لە ناو ساڵەکەشدا بەینی پێنج هەتا دە کۆبوونەوە دەکەن لەسەر ئاستی هەرێمی، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نوسینگەی هەرێمییان دروستکرد، هەروەها هاوکات رێکخراوێکیان هەیە، کە ٢٠٠٧ دەستی پێکرد، بەڵام لە ٢٠١٣ چالاکییەکانی زۆر بەرچاون، کە لەسەر بنەمای پێشکەوتنی ئابورییە لە وڵاتان.

پڕۆفیسۆر هوشیار دەڵێت، کەرەستەی ئەو رێکخراوە، سێ رێکخراوی دیکەی، کە دروستبووە، وەک سندوقی بانکی نێودەوڵەتی، بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەمانە هەمووی بۆ جیهانگیرییە، (عەولەمە) ئێستا هەزار کۆمپانیا هەیە، کە پێشتر بڕیاریاندابوو کە دەبێ داهاتی ساڵانەیان یەک ملیار دۆلار بێت، بەڵام ئێستا پێنج ملیار دۆلار، بۆ ئەوەی رێگری لە کۆمپانیای دیکە بکەن.

پڕۆفیسۆر ئاماژەبەوەدەدات، کە لە کۆبوونەوە هەرێمییەکان، کە هەندێکیان ئەمریکای لاتینە، ئەفریقایە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەتوانن هەوڵ بدەن لە گەڵ کۆمپانیاکان قسە بکەن، ئەوانەی بەشداری ئەو کۆڕبەندە دەبن، نەک بۆ نەوت، نابێ نزیکی نەوت و گاز ببنەوە، بەڵکو دەبێ خەریکی پیشەسازی بچوک و مامناوەندی بن و لەم بابەتە ئەو کۆمپانیایانە ئامادەی هاوکاری دەبن.

پرۆفیسۆر هوشیار گوتی، سەدان کۆمپانیای بەشدار لەو کۆڕبەندە ئامادەن و دێن و ئەو پیشەسازییە بچوکانە کۆدەکەنەوە، ئەمە لە بەریتانیا لە ساڵانی سییەکان دەستی پێکرد و تائێستا زۆر سەرکەوتوو بووە بارەگای رێکخراوەکە بۆ پیشەسازی بچوک لە بانکۆکە، هەوڵ دەرێ ئەو پیشەسازیانەی ١٠ تا ١٥ کەسن، کۆیاندەکاتەوە تا بەرهەمی گەورە دروست بکەن، چونکە بەرهەم هێنانی بچوک تێچووی زۆرە و توانای ((مونافسەی)) بازاڕی نییە و سەرکەوتوو نابێ، بەڵام ئەگەر بوو بە هەزار پیشەسازی و پێکەوە لە ژێر یەک سەقف بوون دەتوانن کاری زۆر گەورە بکەن. 

لە بارەی گەشەی ئابوری کوردستان، پرۆفیسۆر هوشیار مەعروف رایگەیاند: لە کوردستان بابەتێکی دیکە هەیە، چەندین جار داوام کردووە و کەس گوێم لێ راناگرێ، ئەویش ئەو پارچە زەوییە کشتوکاڵیانەی، کە هەمانە لە کوردستان، ئەگەر لە بەینی نیو دۆنم تا سێ چوار دۆنمە بەشێوەی مامناوەندی، بەڵام هەیە لەوانەیە ٣٠٠ دۆنمی هەبێ، بەڵام بەگشتی لە بەینی نیو دۆنمەوە هەیە تا چوار دۆنم، کە ئەمە هیچی لە بەرهەم نایەت. لە کاتێکدا لە زانکۆکان دەرچووی بەشی کشتوکاڵمان هەیە  و بێکارن، یانسەرقاڵی کاری دیکەن، چونکە هیچ شوێنێک نییە کاریتێدا بکەن. دەبێ ئەوان کۆبکەینەوە لە ژێر دەستی کۆمپانیای زۆر گەورە؛ لەکوردستان بە هەر هەموویەوە ١٢ کۆمپانیای پشکدار هەیە، بەڵام چوار هەزار کۆمپانیا هەیە، ئەو کۆمپانیا بچوکانە بەهیچ شێوەیەکی سوودیان نییە و بۆ بابەتی باجە و خەڵک سوومەند نییە؛ ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیای (زەبەلاح) زۆر گەورە دروستبکرێ، وەک ئەو کۆمپانیایانەی، باشترین  تەکنیکی سەردم بەکار دەهێنن، کە ٢٠ کێڵگەی پەلەوەر و بەرهەمی حەیوانی و…هتد کۆدەکاتەوە.

داڤۆس بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیای نەوت بێ, هیچ سوودی نابێ

ئەو پرۆفتسۆرە پێیوایە، ئەوانەی موچەیان وەرگرت، گەورەترین ژمارە بوو لەسەر مێژووی کوردستان، کە هەموویان هێنایە ناو شارەکان و ئێستا دەست و پێ سپین و کشتوکاڵەکەشیان بیرچووەتەوە، حەزیش ناکەن بەگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان، لەزانکۆکان بەشی کشتوکاڵ دادەخەن و دەڵێن دەرچووەکان بێکارن؛ بەڵام ئەگەر کۆمپانیای گەورە دروست بکرێ بە رێکخستنێکی ئاسان، دەتوانین دەرچوانی بەشی پەیوەندیدار بکەینە ئەندام لە کۆمپانیاکە و پشکیان بدرێتێ و پشکەکانی دیکە بدرێتە خەڵکەکەی دیکە، موڵکیان هەیە، هەروەها فەرمانبەرانی حکومەت ئەولەویەتی بدرێتێ و حکومەتیش بیکاتە کەرتێکی تێکەڵاو بۆ ماوەی پێنج ساڵ و زیاتر نا، دواتر حکومەت بکشێتەوە، کە کۆمپانیا هاتە سەر پێ پارەکەی وەردەگرێتەوە. 

پرۆفیسۆر هوشیار دەشڵێت ”ئێمە تا ئێشتا هیچ سوودمەند نەبووین لە کۆڕبەندی داڤۆس؛ ئەوەی بۆ گەشە پێدانی کۆمپانیای نەوت بێ هیچ سوودی نابێ، دەبێ خەریکی پێشخستنی کشتوکاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزاری و کەرتی گەشتیاری بین. گەشتیاری لە کوردستان باشترین گەنجینەیە بۆ گەشتوگوزاری دونیا هەم لە زستا و هەم لە هاوین”.

نێچیرڤان بارزانی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى جیهان كۆدەبێتەوە[٣]

سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوریى جیهان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك گه‌یشته‌ داڤۆس له‌ سویسرا.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات پێکهاتووە لە هەریەکە لە قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌.

بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان “ئێواره‌ى رۆژی سێشه‌مه‌ ٢٣-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆكوه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبه‌ندى ئابوریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌شدارى له‌ رێوڕه‌سمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره‌ ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن كڵاوس شواب، دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابوریى جیهان و خاتوو هیلدێ شوابى هاوسه‌رییه‌وه‌ رێكخراوه‌”.

رۆژی سێشەممە، ٢٢-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا، ئاشکرای کرد “لە داڤۆس لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەشی درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی بەغدایە”. 

رۆژی چوارشه‌ممه‌ و رۆژانى دواتر نێچیرڤان بارزانى، له‌ چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شدارى ده‌كات و له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى جیهان، دیدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت.

لە سەر ئاستی جیهان، چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی زلهێز لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن، لەوانەش: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، شا عەبدوڵڵا، پاشای ئوردن، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

پەیکەری ئابووری نێودەوڵەتی نەخۆش، ناکارامە و شکستخواردووە[٤]

ئاکسفام ئەنجومەنی نێودەوڵەتی بۆ ریشەکێشکردنی هەژاری و برسیەتی لە جیهان، لە راپۆرتێکیدا لە ٢٢ی جانیوەری، رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆڕبەندی داڤۆس بڵاویکردەوە و رایگەیاند “بە لە بەرچاوگرتنی ئەنجامی چالاکی و هەڵسوڕانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سەروەت لە جیهان لە ساڵی رابردوو، پەیکەری ئابووری نێودەوڵەتی نەخۆش و ناکارامە و شکستخواردوو وەسفکردووە. بەپێی ئەم راپۆرتە، نیوەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٧ لە گەشەی جیهانی، کەمترین سوودێکیان بەر نەکەوتووە.

ئاکسفام، لە راپۆرتەکەی خۆی بە ناونیشانی “کار شایستەی دەستحەقە نەک سەرمایە” لەسەر بنەمای لێکۆڵێنەوەکانی ئەنجامدراو ئاشکرای دەکات، کە ٨٢٪ سەروەتی بەرهەم هاتوو لە جیهان لە ساڵی رابردوو چووەتە گیرفانی سەدا یەکی سەرمایەدارترین لەجیهاندا. ئەم ئەنجومەنە جەخت دەکاتەوە، کە بەرز بوونەوەی رێژەی ملیاردێرەکان لە جیهان، لە نیشانەی تەندروست و گەشەی ئابوری نییە؛ بەڵکو شکستی هەیکەلی(نیزامی) ئابووری نێودەوڵەتی ئێستایە.

ئەنجام

هەروەک دیارە ئەم کۆڕبەندە بەستراوە بە دوو بابەتی نزیک لە یەک؛ ئەویش سیاسی و ئابورییە. بە گوێرەی قسەی شارەزایانی ئابوری، گرنگ ئەوەیە کورد چۆن سود لە لایەنی ئابوری لەو کۆمپانیا گەورانەی بەشدارن وەبگرێت و بۆ چ مەبەستێک، باشتروایە باسی نەوت نەکەن.

شارەزایانی سیاسی  پێیانوایە، زۆر گرنگە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکان، چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرۆکی وڵاتان کۆبوونەوە و دیدار ئەنجام بدرێ بەتایبەتی لەم کاتەدا یارمەتیدەر بێت بۆ هەرێمی کوردستان و بتوانری کاریگەری دروستبکات، تاکو کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە. 

سەرچاوە

١ـ https://fa.wikipedia.org/wiki

٢ـ http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=26191

٣ـ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=56336

٤ـ  http://fa.rfi.fr/ns2018-01-23

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com