تورکیا لە سوریا

0

نوچەنێت

دوای گفتوگۆی تەلەفۆنی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنقەرە بۆ سەر عەفرین، سەرۆکی ئەمریکا، خوازیاری کەم بوونەوە و سنوردارکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بوو. هەروەها داوای لە تورکیا کرد کە چیدی پڕوپاگەندە لە دژی ئەمریکا نەکات .

لە بەرامبەردا، ئەردۆغان داوای لە ترەمپ کرد، واز لە یارمەتی و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی یەپەگە بهێنێت.

بە بۆچوونی شارەزایانی پۆپۆلیسم، ئەم دوو سەرکردەیە بە رواڵەت موناقەشەی یەکتر دەکەن، بەڵام هەر کامەیان روانگەیەکی هەژمونخوازییان هەیە، ئەمە بەو مانایەیە کە دوو  لایەن بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاوە و، نایانهەوێ بەمزوانە کۆتایی بەم کێشمەکێشە بێنن.

ئەردۆغان، بەردەوام بە شێوازی زەبر و زەنگ و سەرکوت هەر جۆرە ویست و داوایەکی مافخوازانەی کوردەکانی لە تورکیا، وەڵام داوەتەوە، سیاسەتێک کە دەقاودەق لە سوریا و بەرامبەر بە کوردی ئەم وڵاتە گرتویەتیە بەر.

دەستپێکی شەڕێک لە عەفرین، کە بە ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتون ناوبانگی دەرکرد، ئێستا بەرەبەرە  بۆ مەنبەج تەشەنە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ، پێشتر لە بارەی پەرەپێدان بەم ئۆپەراسیۆنە هۆشدارییان داوەتە ئەنقەرە وئەردۆغان.

بە پێی سەرچاوە خۆجێییەکان، تا ئێستا بە دەیان کەس لە خەڵکی مەدەنی ناوچەکە بوونەتە قوربانی. ئەمەش توڕەیی و کاردانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدواوە بووە.

لە لایەکی دییکەوە، باس لەوە دەکرێ کە نزیکەی ٥ هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوونە. دەگوترێ دۆخی ژنان و منداڵانی ئاوارە، لەو پەڕی خراپیدایە.

ئەمریکا بە تەرکیز خستنە سەر شەڕی داعش جەخت دەکاتەوە کە دەبێ لایەنەکان چاویان لە سەر داعش بێت.بە گوتەی بەرپرسانی پنتاگۆن، بۆ پاراستنی تەناهی و ئاسایشی ناوچەکە،  ئەمریکا ئامادە نییە مەیدانەکە جێبهێڵێ.

بەم حاڵەشەوە، رێکس تیلرسەن، داوای لە ئەنقەرە کردووە تاکو ناوچەیەکی ئەمن بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر پێکبهێنێ، پێشنیارێک کە لە لایەن مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتکرایەوە.

لە روانگەی ئەنقەرە، تا ئەو کاتەی متمانە بۆ نێوان تورکیا و ئەندامانی ناتۆ  وخودی ئەمریکا نەگەڕێتەوە، ئەم داوایە جێی قبوڵ نییە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کورد لە سوریا دەڵێن، ئەمریکا هاوپەیمانێکی جێی باوەڕ و متمانە نییە. لە ئێستادا شەڕ لە گەڵ تورکیا گەلێک ئەستەمە.

تورکیا دەڵێت، نزیک ئە وچەکانەی کە هێزەکانی یەپەگە شەڕی سوپای ئەم وڵاتەی پێ دەکات،  هەمان ئەو چەکانەن کە لە لایەن ئەمریکاوە رادەستیان کراوە.

ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک پەیام و ئاماژەی دژ بە یەکن. ئاماژەکان دەڵێن ئەمریکا  پشتیوانی هێزەکانی کورد دەکات، تاکو شەڕی داعش بکەن، لە کاتێکدایە لە شەڕی نێوان تورکیا و کورد، ئەمریکا ئەم پشتگیریەی وەلاناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە روانگەی ئەردۆغانەوە”کوردەکان لەسوریا هیچ جیاوازییەکیان لە گەڵ داعش نییە و هەردوویان تیرۆریستن”.

بەشار ئەسەد دەسەڵات و کۆنترۆڵی بە سەر هەرێمە کوردییەکان و باکوری سوریا نییە. تۆمەتبارە بە کوشتاری خەڵکەکەی بە چەکی کیمیایی. سەبارەت بە ئامادەبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕیوە  وئەم هێزانەی بە داگیرکەر وەسف کردووە. هەر چۆنێک بێت بەشار ئەسەد و ئەردٶغان سەبارەت بە کورد لە سوریا روانگەیەکی هاوبەشیان هەیە.

کۆبوونەوەی سوچی یان گفتوگۆ بێ ئەنجامەکانی جنێف، کە بڕیارە رۆژانی داهاتوو لە ڤییەنا بەڕێوەبچێت، کامیان دەتوانن چارەسەرێک بۆ ئەم شەڕە بەوەکالەتانە بدۆزنەوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com