ململانێی هەژمونی ئێران و ئیسرائیل لە سوریا

0

نوچەنێت

بەر لەوەی، کە ناڕەزایی و خۆپێشنادانەکانی سوریا سەرکوت بکرێت و نەیاران لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد چەک هەڵبگرن، ناوەندە دیپلۆماسییەکان باسیان لە ئەگەری دەستپێکی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا دەکرد.

 بنیامین نەتانیاهۆ، بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەی دانوستان لە گەڵ دیمەشق بوو، لە کاتێکدا بەشار ئەسەد، دەیویست سەرەتا بەرزاییەکانی جۆلان رادەستی سوریا بکرێتەوە.

بەرزاییەکانی جۆلان هەر لە سەردەمی لەدایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، مەیدانی ململانێ و بەریەککەوتنی دوو وڵات بووە. سەرباری ئەوەی، کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەوە بڕیاری هەیە، بەڵام ئیسرائیل ئامادەنەبووە پاشەکشە لەم ناوچەیە بکات، کە وەک دەگوترێ داگیر کراوە، بەڵام تەل ئەبیب بۆچوونێکی جیاواز و پێچەوانەی هەیە.

چەن خولێکی گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و سوریا، لە سەر ئەم ناوچەیە ئەنجام دراوە، دوایین جار بە نێوەندگیری تورکیا بوو، بەڵام بە گشتی هیچ دەستکەوت و ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە.

مەیلی هەردوو -وڵات لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ئاشتی و تەبایی نێوانیان، بێ ئەنجام مایەوە. دوای ئەوەی، کە سوریا بوو بە مەیدانی جەنگی ناوخۆیی، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە دەستپێکرد. ئەم قۆناغە لە دوای ٢٠١١ و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دەستپێدەکات.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، زانیاری ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل زۆرجار ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی رەتکردۆتەوە یان ئەوەی، کە ئامادە نەبووە پشتڕاست بکاتەوە، مەگەر لە حاڵەتی دەگمەن. هاوکات ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، لەوانە ئێران ئامادە نین زانیاری پێوسیت لەبارەی رێژەی زیان و قوربانیانی ئەم هێرشانە بڵاو بکەنەوە.

ئاوڕدانەوەیەک لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا نیشان دەدات، کە ئامانجی سەرەکی ئەم وڵاتە لەم هێرشانە، کردنە ئامانجی هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانە لە سەر خاکی سوریا.

دوێنێ چی روویدا؟

رۆژی شەممە ١٠ی فێبریوەری، دوای ئەوەی، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئیسرائیل لە هەرێمی ئاسمانی سوریا کرایە ئامانج، ئەم وڵاتە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەند ئامانجێک بە خەستی دەستپێکرد.

فڕۆکەی ئیسرائیلی، جۆری ئێف ١٦ لە ئاسمانی سوریا کەوتە خوارەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ١٢ خاڵیان کردە ئامانج، بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیلی، زۆربەی ئامانجەکان، بنکە سەربازیەکانی ئێران و هەروەها سیستمی دژە موشەکی ئیسرائیل بووە.

رادەی هێڕشەکان بە جۆرێک بوو، کە لەناوچەکانی بەرزاییەکانی گوڵان باری نائاسایی راگەیێندرا. پێش ئەم رووداوانە، بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی، کە هاتبووە ناو هەرێمی ئاسمانی ئەم وڵاتە، کردۆتەوە ئامانج. بە گوێری زانیاریەکان، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی رۆژی رابردوو، بە رێگەی ئاسمانی سوریا، هەرێمی ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندبوو، دواتر لە لایەن کۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئیسرائیل کرابووە ئامانج.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشكرایان کرد، کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تیمە ئەمنیەکەی چاودێری ئەم رووداوانەیان کردووە، بەبێ ئەوەی میدیایی بکرێتەوە.

هەر لەم پەیوەندیەدا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێنداروێکدا جەختی کردەوە، کە فڕینی فڕۆکەیەکی ئێرانی بە سەر هەرێمی ئاسمانی ئیسرائیل، دۆخێکی ئەوتۆ مەترسیدار بەبار دێنی، کە ئەوپەڕەکەی نادیارە و کۆتایی هێنانیشی گەلێک دژوارە، هەر بۆیە ئێران دەبێ تێچووەی ئەم بێباکیەی خۆی بدات.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هاوکات لە گەڵ هۆشداری دان بە ئێران، باسی لە هێرش و دەستدرێژی ئێران بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەی کردووە.

رووداوەکەی ١٠ی فێبریوەری دوای ئەوە هات، کە ئیسرائیل بۆ چوارەمین جار ناوەندی توێژینەوە زانستیەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەی “جمرایا” هەڵکەوتوو لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا کردە ئامانج. راگەیەنەکانی رۆژئاوا لە بارەی ئەم هێرشەوە دەڵێن: ئامانجی هێرشەکان، جبەخانەی سەربازی و تەقەمەنی سوپای سوریا بووە، کە لە ئەنجامدا لەناوچوون، بەڵام ئیسرائیل بەیانێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت ئەوەی لەناوچوو بنکەیەکی سەربازی ئێران بووە، کە بریتی بووە لە جبەخانەی چەک و تەقەمەنی ئێرانی.

بارگرژی و ئاڵۆزیەکان لە سنوورەکانی باکوری ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. تەل ئەبیب دەڵێت، ئامادەبوونی سەربازی ئێران لە سوریا و لە نزیک سنوورەکانی، ئاسایشی ئەم وڵاتەی خستۆتە مەترسییەوە وبە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادات، کە بنکەی هەمیشەیی لە سوریا بکاتەوە.

هەر وەک لە ماوەی رابردوودا دەرکەوتووە، دوای تێکشکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئەسەد و ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک داعش، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا توندتر کردۆتەوە. ئەوەی لە ئێستا بۆ ئیسرائیل جێی مەترسی و نیگەرانییە، بوونی هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵایە لەم وڵاتە.

هۆشداری لەبارەی ئەگەری شەڕێکی ناوچەیی

شەڕ و بەریەککەوتنی ئاسمانی نێوان ئیسرائیل و سوریا و ئێران لە بەرزاییەکانی جۆلان، دوو رۆژ دوای ئەوە دێ، کە شارەزایان و چاودێرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوچەیی لە سەر خاکی سوریا، هۆشدارییان دابوو. شارەزایان دەڵێن: هەر کام لە لایەنەکانی ئەم شەڕە، بە تێپەڕکردنی هێڵی سووری قەیرانی سوریا، کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رێککەوتن و لێک تێگەیشتنی لە سەرە، بوار دەدەن بە شەڕێکی ناوچەیی.

شارەزایانی سەر بە ناوەندی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان، کە لە برۆکسێل جێگیرە، لەم بارەوە دەشڵێن: روسیا توانایەکی بێ وێنەی بۆ پێکهێنانی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم ئەکتەری وڵاتەنی لایەن لە قەیرانی سوریا هەیە، لە ئیسرائیلەوە بگرە تا دەگاتە سوریا، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان.

هێڵی سوور لە روانگەی ئیسرائیلەوە، چەکداران و میلیشیا شیعەکانی ژێر پشتیوانی ئێرانن، کە نابێ لە بەرزاییەکانی جۆلان نزیک بکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، روسیا دەبێ بڕوا بە ئێران بهێنی تا لە دانان و کردنەوەی هەر جۆرە بنکەیەکی سەربازی و هەستیار لە سەر خاکی سوریا خۆببوێڕی.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە قەیرانی سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، کە تیادا رژێمی بەشار ئەسەد و دوو هاوپەیمانە سەرەکیەکانی واتە روسیا و ئێران باڵادەستن. ئەم رەوشە نوێیەش، لە سەر دڵی ئیسرائیل گران تەواو بوو. تەل ئەبیب نایهەوێ ئەکتەرێکی تەماشاچی بێت لەم گەمەیە، چونکە دەرهاویشتەکانی ئەم هاوکێشەیە دەتوانی بالانسی هێز لە زیانی ئیسرائیل لاسەنگ بکات. ئەمەش بەو مانایە، کە ئیسرائیل هەژمۆنە ستراتیژیەکەی لەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

کوپرواسر، ئەندامێکی باڵای ئەنستیتۆی “ناوەندی ئۆرشەلیم بۆکاروباری گشتی” سەبارەت بە رووداوەکەی ١٠ی فێبریوەری دەڵێت: لەو رووەوە، کە ئیسرائیل گوشاری خستۆتە سەر ئێران تاکوو رێگر بێت لەبەردەم تاران بۆ گەیشتن بە خواستەکانی، ئێستا تارانیش وەک جۆرێک لە ئازاردان، یاری بە ئیسرائیل دەکات؛ کارێک، کە پێشتر ئەنجامیان نەدەدا.

نەتانیاهۆ لە میانەی سەردانەکەی رۆژانی رابردووی بۆ مۆسکۆ، باسی ئێرانی بۆ پوتین کردبوو. پەیامێکی هٶشدار ئامێزی بە کەنالی سەرۆکی روسیا رەوانەی تاران کرد. هەر چۆنێک بێت، روسیا لە هاوکێشەکانی سوریا، ئێران وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لەبەرچاو گرتووە. بەڵام رووداوەکەی رۆژی رابردوو نیشانی دا ئەم بەریەککەوتنەی ئیسرائیل لە گەڵ سوریا و ئێران، لە دوو حاڵەت بەدەر نییە یان ئەوەی، کە روسەکان پەیامی تەل ئەبیبیان نەگەیاندۆتە تاران، یان ئەوەی کە پەیامەکە گەیشتووە و ئێرانیەکان نادیدەی دەگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com