بەریتانیا داوایەک ئاراستەی عەبادی دەکات

0

نوچەنێت: روداو

بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەزووترین کات گەمارۆ لەسەر فڕۆکەخانەکانی کوردستان هەڵبگرێت و دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان بۆریس جۆنسن و حەیدەر عەبادی دا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەنجامیانداوە، جۆنسن داوای لە عەبادی کردووە بەزووترین کات رێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بدات.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی چەند بابەتێکی دیکەیشیان کردووە، لەوانە: لەنێوبردنی داعش، هەڵبژاردنەکانی عێراق، گفتوگۆکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، رەوشی ئەمنیی عێراق و کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە ئێستا لە کوێت بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25-9-2017 دا، حکومەتی عێراق وێڕای هێرشکردن و دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 50% ی خاکی باشووری کوردستان، چەند گەمارۆیەکیشی بەسەر‌ هەرێمی کوردستاندا سەپاندن، یەکێک لەوان داخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بوو. بەغدا ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 بڕیارەکەی جێبەجێکرد و تاوەکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەبارەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان گەیشتنە رێککەوتن و بڕیارە بکرێنەوە. دوو رۆژ پێش ئێستا جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ماوەیەكە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەوانیی عێراق لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانن، هەموو شتێکیان بۆ دابینكراوە و ئاسانكاریشیان بۆ كراوە تاوەكو ئامادەكاریی بكەن بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com