ئاوەدانکردنەوەی عێراق و دیپلۆماسی دۆلار

0

نوچەنێت

کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، سەرئەنجام رۆژی رابردوو،١٢-٢-٢٠١٨ لە کوەیت، بە-بەشداری سەدان کۆمپانیا و دەیان وڵات ودبلۆماتکارانی بیانی، دەستی بە کارەکانی کرد.

ئەم کۆنفڕانسە بە هاوبەشی وهاوکاری عێراق، کوەیت و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت. ئامانجی دابین کردنی ١٠٠ ملیار دۆلار سەرمایە-یە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ پرٶژەی گەورە و مامناوەند لەم وڵاتە. بە تایبەت بۆ بنیات نانەوەی ژێر خانی ئەو شار و ناوچانە کە بە هۆی شەڕی داعشەوە لەناوچوون.

بە گشتیی لێرەدا چەند سەرنجێک دەخرێتە سەر ئەم کۆنفڕانسە:

یەکەم،هەر لە سەرەتای هاتنەئارای بابەتی بەستنی ئەم کۆنفڕانسە، مەسەلەی وەرگرتنی یارمەتی بێ بەرامبەر یان قەرز لە رۆژەڤدا بوو، ناونیشانی” مؤتمر المانحین ” هەر بەم پێیە دیاری کراوە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا، دەر کەوت ئەم کۆنفڕانسە بە پلەی یەکەم بۆ راکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنانە نەک یارمەتی بێ بەرامبەر.  تەنانەت ناونیشانی فەرمی کۆنفڕانسەکە” اعادة اعمار العراق (ئاوەدانکردنەوەی عێراق)” دەریدەخات کە وەرسوڕانێک لە ئامانجی لایەنە بیانیەکانی بەشدار لە کۆنفڕانسەکە هاتۆتە ئاراوە.

دووەم، مەسەلەی ترس  ونیگەرانی هەندێک لە وڵاتانی بەشدار لەم کۆنفڕانسە، لە پەیوەندی لە گەڵ  یارمەتیدانی دەوڵەتی عێراقە بە شێوەی راستەوخۆ. هەر چۆنێک بێت عێراق لە رووی گەندەڵی ئیداری  وئابورییەوە لە ریزی پێشەوە وڵاتانی جیهاندایە. خودی ئەم فاکتەرە لە گۆڕینی ئامانجی کۆنفڕانسەکە لە دانی یارمەتی بێ بەرامبەر و قەرز بۆ وەبەرهێنان، رۆڵی سەرەکی هەبووە. هەر لەم رووەشەوە بوو، کە وڵاتێکی وەک ژاپۆن رایگەیاندووە یارمەتییەکانی خۆی لە بری ئەوەی کە راستەوخۆ رادەستی دەوڵەتی عێراق بکات، رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکانی دەکات.

سێیەم، نابێ لەم کۆنفڕانسە تەنها وەک کۆنفڕانسێکی تاک رەهەندی و ئابوری لێی بڕوانین. کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، رۆڵی گرنگی لە دیزاین کردنی هەژمون و کاریگەری وڵاتان لە ئایندەی عێراق هەیە. بە هەمان شێوە رۆڵی دەبێت لە سنوردارکردنی رۆڵ و دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتە. ئەم وڵاتانە سەباری بردنەوەی قازانجێکی بەرچاو لە بابەتی وەبەرهێنانیان، جێ پێی خۆیان لەم وڵاتە قایم دەکەن. ئێستا چاوی وڵاتان زۆرتر لە سەر سعودیە-یە، تاکو رێژەی وەبەرهێنان یان رادەی یارمەتییەکانی بۆ عێراق دەربکەوێ.ئەم یارمەتیانە پێدەچێ بە یەکجاری سعودیە، بهێنێتە ناو عێراقەوە.

چوارەم، یاری بردنەوە-بردنەوەی ئەم کۆنفڕانسە بۆ بەرپرسانی عێراق  و-وڵاتانی وەبەرهێنەر جێی سەرنجە. وێڕای ئەوەی کە هیوایەک بۆ خێرایی بەخیشن بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان بە دەستەوە دەدات(تەنها بە هۆی کورتهێنانی بودجە  وبێ  توانایی دەوڵەتی عێراق لە دابینکردنی)، دەبێ سەرنجی ئەو قازانج و بەرژەوەندیانە بدرێت، کە بە رێگەی گرێبەستەکان دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی گەندەڵکاری عێراقەوە. بێ گومان ئەم کەسانە هەر لە ئێستاوە هیوایان لە سەر ئەم گرێبەستانە هەڵچنیوە.

پێنجەم، بەربەست پێکهێنان یان بە مانایەک سنوردارکردنی بەشداریکردنی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی عێراقی و بیانی، لە لایەن کوێتەوە کە هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ مەسەلەی ڤیزا، ئاماژەیەکی بۆ دەست خستنی بازاڕی عێراق و پەرەدان بە هەژمون و کۆمپانیا و-و ڵاتانی بیانی لەم وڵاتە. ئەوەی کە ئێرانییەکان تا چ رادەیەک بەشداری ئەم بازاڕە دەبن یان ئایا دەرفەرت و توانای بەشدارییان لەم مەیدانە هەیە یان نا، جێی سەرنجە.

شەشەم، چوار فاکتەری سەرەکی لە ئاوەدانکردەوە و راکێشانی وەبەرهێنان و سەرمایە بۆ عێراق، رۆڵی هەیە. ئاسایش و سەقامگیری، بیرۆکراسی، (مەعافیەتی دارایی )  و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی دەرەکی و پشکی  هێز و پێگەی هەرکام لە وڵاتانی جیها لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کۆی ئەم فاکتەرانە کاریگەری و شوێندانەری راستەوخۆیان بە سەر بابەتی وەبەرهێنان لە عێراق دەبێت.

گومان لەوە دا نییە، کە وڵاتانی رۆژئاوایی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، بەریتانیا  وفەڕەنسا هەروەک رابردوو پشکی شێریان لە بازاڕی عێراق بەردەکەوێ، بەڵام نابێ رێژەی وەبەرهێنانی سعودیە و ئێران، وەک دوو رکابەری ناوچەیی لە عێراق نادیدە بگیردرێ.

گریمانە دەکرێ،عێراق ببێتە مەیدانی جەنگێکی ئابوری لە نێوان ئێران و سعودیە، لێرەدا دوو بابەت جێی سەرنجە، یەکەم سعودیەکان تا چەند دەتوانن ئێران پەراوێز بخەن. دووەم، ئەوەی کە بەغدای ژێر دەسەڵاتی ئێران تا چ رادەیەک توانای گرەنتیکردنی وەبەرهێنانی بۆ سعودیەکان، هەیە.

لە ئێستادا نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتان، بێ توانایی یان نادیدەگرتنیانە بەرامبەر بە هێز و دەسەڵات  وئامادەبوونی وڵاتانی وەک ئەمریکا، روسیا، بەریتانیا، فەڕەنسا لە عێراق.

بۆ نمونە، دەکرێ ئاماژە بە رادەی بەشداری کۆمپانیاکانی ئەمریکا بکرێت لەم کۆنفڕانسە. بە گوتەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی بەشداری ئەم کۆنفڕانسە دەبن.

پێشتر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی رێکس تیلرسەن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئامادەی کۆنفڕانسەکە دەبن. روداوێکی هاوشێوەی کۆنفڕانسی نەوتی عێراق، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩-٢٠١٢.لەو کۆنفڕانسانەدا، سەرباری بەشداربوونی چەندین وڵات  وکۆمپانیای گەورە، لە کۆتاییدا کێڵگە نەوتیەکانی عێراق، رادەستی چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لەوانەی ئیگزۆن و  مۆبیلی ئەمریکی و بی پی، بەریتانیا کران.

دوای تێکشکانی داعش لە عێراق، سعودیە، هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانیەکانی لە گەڵ عێراق داوە. کردنەوەی سنورەکانی خۆی بە رووی عێراق و هەروەها ناردنی شاندی بازرگانی بۆ عێراق، نموونەی ئەم هەوڵانەن. هەروەها بە دانانی پێشمەرجی شەفاف بوونی چۆنێتی خەرجکردنی یارمەتییەکان بە عێراق، هاوکات لەبارەی تەرخانکردنی ئەم یارمەتیانە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی هۆشداری داوە.

پلانی ئێران بۆ بازاڕی عێراق چییە؟

ئیبراهیم رەزا زادە، بەرپرسی مێزی عێراق لە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، داوای لە دەوڵەت کردووە، کە بە پاڵنەر و پاکێجی تایبەتەوە ئیمکانی بەشداری زیاتری سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی ئێران لە بازاڕی عێراق، فەراهەم بکات.

بە گوتەی ئەم بەپرسەی ئێران، ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکانی ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، دەربڕیوە.

رەزا ئەمیری موقەدەم، شارەزای کاروباری عێراق بە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی گوتووە، ئێران لە رێگەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، دەبێ بەرهەمی هاوکاری و یارمەتییەکانی بە دەوڵەتی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش هەڵبگرێتەوە.

ئامادەنەبوونی کاریگەری ئێران لە بازاڕی عێراق، رەخنە و گازندەی بەرپرسانی ئەم وڵاتەی بەدواوە بووە.ئەوان پێیان وایە، کە ئەم هەژمون وئامادەبوونە لە ئاستی کاریگەری و ئامادەیی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ئێران لە عێراقدا، نییە.

حەمید حسێنی، بەڕێوبەری ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق، هاوینی ئەمساڵ رایگەیاند، ئاستی پەیوەندی بازرگانی هەردوو وڵات، وەڵامدەر و دڵخۆشكەر نییە. هەر بۆیە داوای لە جێگری ئابوری وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد، کە هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم پەیوەندیانە بدات.

یەحیا ئال ئیسحاق، بەرپرسی یەکەمی ژووری بازرگانی عێراق و ئێران، جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێژەی بازرگانی ئێران لە گەڵ عێراق، لە گەڵ ئاستی پەیوەندی سیاسی و ئەمنی تاران لە گەڵ دیمەشق ناگونجێت.

پەیوەندی سیاسی  کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، لە دوای ٢٠٠٣ و بە تایبەتیت لە دوای هێرشی داعش بۆ ئەم وڵاتە، گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەڵام تاکو ئێستا نەیتوانیوە بازاڕی عێراق بە دەستەوە بگرێت.

بۆ بازاڕی عێراق بە دەستی ئێرانەوە نییە؟

سەرباری پەیوەندی قوڵ و پتەوی ئێران و عێراق،  لە  رووی سیاسی، کەلتوری، سەربازی و نێودەوڵەتییەوە، ئامادەبوونی ئێران لە باڕەزاڕەکان و ئابوری عێراق، رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر و کەمڕەنگتر دەبێت.

سەید حەمید حسێنی، بەڕێوەبەری ژوری بازرگانی ئێران و عێراق، چەند رۆژ بەر لە ئێستا. لە میانەی کۆبوونەوەی دەرفەتەکانی هەناردە بۆ بازاڕی بەسرە، رایگەیاند، ئامادەنەبوونی وەزیران  و بەرپرسانی پەیوەندیدار بۆ سەردانکردنی بازاڕی عێراق، بۆ هەناردەی ئێران کێشە سازە.

حسێنی دەڵێت، دەبێ دەوڵەت بڕیارێک پەسەند بکات، کە بەو پێیە بە شێوەی وەرزانە، وەزیرەکان سەردانی بازاڕی عێراق بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی ئەم وڵاتە بکەن، هەروەها تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەناردەی ئێران بۆ ئەم بازاڕە بکەن.

بەرپرسی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق،هەروەها دەڵێت، بازاڕی عێراق دەرفەتێکی گەورە لە بەردەم کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی ئێرانە، هۆکارەکەی بۆ لەناوچوونی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەو، کە ئێستادا پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە هەیە.

ئەم بەرپرسەی ئێران، زیاتر رونکردنەوەدەدات، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەداوە، ئێران ئامادەبوونی لە بازاڕی عێراق هەبووە. رادەی ئەم ئامادەبوونەش لە گەڵ مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا ناگونجێ و بەشێک لە نزم بوونی ئاستی ئاڵۆگۆڕی ئابوری، پەیوەستە بەوە کە چالاکانی ئابوری و بازرگانانی ئێرانی ناسیاو -و شارەزاییەکی کەمیان لە بازاڕی عێراق، هەیە.

سەید حەمید حسێنی، ئەوەش دەخاتە روو کە لە ژووری بازرگانی ئێران و عێراق، لێکۆڵینەوەی بازاڕی عێراق و دەرفەتەکانی ئێستای ئەم بازاڕە کراوە  هانی کۆمپانیاکانی خۆشمان داوە کە بچنە ناو ئەم بازاڕەوە، بۆ دەستپێکی ئەم پرۆسەیە، پێشنیارمان کرد کە ناوەندی بازرگانی بەسرە لە لایەن کۆمپانیاکانی ئێرانەوە بەڕێوە بچێت، کەچی تاکو ئێستا پێشوازی لەم پێشنیارە نەکراوە.

بەرپرسی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق، ئەوەشی رایگەیاند، کە رۆژانە ١٩ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار شتومەک و کاڵا  هەناردەی عێراق کراوە. کەرەستەی بیناسازی، خۆراک، جۆرەکانی بەرهەمی کشتوکاڵ، خاوێن کەرەوە و بەرهەمەکانی تەندروستی، بەشێکی زۆری ئەو کاڵا و کەرەستانەن کە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق، کراون.

حسێنی لە بارەی کوالیتی بەرهەم و شتومەکی ئێران دەڵێت، پێمان وایە دەبێ بە شێوەیەکی بەربڵاو چآودێری و کۆنتڕۆڵی بەرهەم و کاڵاکان بکرێت. تەنانەت پێشنیارمان کرد تاکو لە قەفەسەی مارکێتەکانی عێراق، نمونەی بەرهەم و شتومەکی ئێرانی تاقی بکرێتەوە و ئەگەر سەرپێچییەک هەبوو،لایەنی پەیوەندیدار سزا بدرێت.

حسێنی ئاماژە بە پێشنیارێک دەکات کە”پێشنیاری ئەوەمان کرد بۆ ئەوەی مەسەلەی گرانفرۆشی  بۆ گەشتیارەکانی عێراق، نەیەتە ئاراوە، ژووری بازرگانی لە دەروازە سنوریەکان بە هاوبەشی هەر دوو، نوێنەرانیان ئامادە بن و رادەی رەزامەندی گەشتیاران هەڵبسەنگێنن”.

یەحیا ئالی ئیسحاق، بەرپرسێکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران  وعێراق رونیدەکاتەوە، عێراق لە ١٥ ساڵی داهاتوو بە رێژەی وەبەرهێنانی ساڵانی سەدان ملیار دۆلار، دەبێتە گەورەترین بازاڕی ناوچەکە. ژێرخانەکانی عێراق بە تەواوی لە ناو چووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. لەم رووەوە ئێران دەتوانێ بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی  ئەم وڵاتە دابین بکات.

ئالی ئیسحاق، هۆشداری دەداتەو ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئێران هەلی ئامادەبوونی خۆی لە بازاڕی عێراق لە دەست بدات. ئەم بازاڕە هاوشێوەی بازاڕی ئاسیای میانە لە کیس دەچێت.

شەهلا عموری، بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەهواز، پێیوایە، پاک  وخاوێنی شارەکانی عێراق، میعماری ستاندارد، ژێرخانە سەرەکییەکان، دروست کردنی پرد، جادە و رێگاوبان، بەشێک لەو بوارانەن کە شارەزایان و کۆمپانیاکانی ئێرانی دەتوانن تیایدا چالاک بن. وێڕای ئەوەی کە بواری پەروەردە   دەتوانێ زەمینەیەکی دیکەی هاوکاری بێت.

عموری دەڵێت، عێراق تا ساڵی ٢٠٣٥، لە دوای سعودیە، دووەمین وڵاتی هەناردەکەری نەوت دەبیت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ٥٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەیە.

عموری بە ئاماژەدان بەوەی، کە لە ئێستادا لە عێراق هێڵەکانی گەیاندی گاز بوونی نییە، رایوایە، یەکێک لە پلانە سەرنجڕاکێشەکانی ئێران لە عێراق دەتوانێ ئەم بوارە بێت. وێڕای ئەوەی کە دەتوانین لە  کەرتی وزەی خۆر  وباو لەم وڵاتە وەبەرهێنانمان هەبێت.

هەروەها باس لەوەش دەکات، کە پارێزگای بەسرە خاکێکی بەپیتی هەیە و دەکرێ ساڵانە سێ جار کشتوکاڵی تیادا بکرێت. لەم رووەوەش دەتوانین وەبەهێنانی تێدا بکەین. سەرباری ئەمەش عێراقییەکان ئامادەن حەوزەکانی پەروەردەی ماسی و زەمینی خۆڕاییمان بۆ دابین بکەن.

بە گوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەهواز، مانگانە زیاتر لە ٣ هەزار هاووڵاتی عێراق، بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئێران دەکەن.لەم رووەوە، بواری گەشتیاری تەندروستی و هەروەها دانانی کۆمپانیای دروست کردنی  دەرمان لە عێراق، زەمینەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان هەیە.

تاهیری، جێگری کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە، جەخت لە سەر زەمینەی هەناردەکردنی شتومەک و کاڵای ئێرانی  و-وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی ئێرانی دەکات و دەڵێت، هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە دەبێ چاومان لە سەر بازاڕی بەسرە بێت، نابێ بازاڕی پارێزگاکانی الامارە، ناسریە و سەماوە نادیدە بگرین.

بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە، کە پێشانگاکانی ئێران لە عێراق بە شێوەیەکی لاواز بەڕێوە دەچێت.

رەبیهاوی، شارەزایەکی بواری بازرگانی دەڵێت، خاڵە لاوازەکانی ئێمە لە پەیوەندی لە گەڵ گەشەپێدان بە پەیوەندی ئابوری و بازرگانی ئێران و عێراق خەسارناسی نەکراوە. فاکتەرێکی گرنگ  وخاڵێکی لاوازی لایەنی ئێرانی، هەناردەکردنی کۆمەڵێک شـتومەک و بەرهەمی ئەم وڵاتەیە کە   کوالتییان لە لە خوارەوەیە. هەر بۆیەش رێکخراوی گەشەی بازرگانی لە بڕیارێکدا خاڵە گومرکیەکانی ئێرانی ئەرکدار کردووە، کە ئەو کاڵا و شتومەکانە کە هەناردەی عێراق دەکرێن، دەبێ لە رووی تەندروستی و کوالێتی، ستانداردیان هەبێ، وێڕای ئەوە کە  پاکەت کردنی بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و خواردن دەبێ بە وردی رەچاو بکرێن.

وێڕای ئەوە کە ئێران بە درێژایی ساڵانی رابردوو، توانیویەتی هێزەکانی بەستراوە و ژێر پشتووانی خۆی لە عێراق رێکبخات، بەڵام نەیتوانیوە بە-بەراورد لە گەڵ وڵاتێکی وەک تورکیا، کە رکابەرێکی ناوچەیی تاران هەژمار دەکرێت، پشکی دڵخوازی خۆی لە بازاڕی عێراق دەستەبەر بکات.

لە دیدی ئامارەکانەوە بێت، لە یەکەم نیگا پەیوەندی بازرگانی ئێراق و ئێران، لە ئاستێکی باشدایە. بە پێی ئاماری فەرمی  دەوڵەتی عێراق، ئێران لە دوای چین دووەمین شەریکی بازرگانی ئەم وڵاتەیە. شارەزایان  پێیانوایە کە بە هۆی  کۆمەڵێک فاکتەری جوگرافی، ئەمنی، سیاسی، کەلتوری  وکۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات، ئەم ئاستە لە پەیوەندی بازرگانی دڵخۆشکەر نییە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی ئاڵۆزگۆڕی بازرگانی ئێران و عێراق لە دوای کەوتنی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ لە بەرزبوونەوەدا بووە. تا بەر لە ٢٠٠٥ ئەم رێژەیە لە خوارەوەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بوو لە ساڵێکدا. دوای پێکهێنانی ناوەندی گەشەپێدان بە پەیوەندیەکانی ئێران  وعێراق لە ٢٠٠٥،ئەم رەوتە خێراتر بووەوە،ساڵی ٢٠٠٩  گەیشتە ٥/٤ ملیار و ساڵی٢٠١٣ بوو بە ٧ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.

ئەم  قەبارە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوای هێرشی داعش بۆسەر عێراق، بە رێژەی ٤ ملیار دۆلار دابەزی. ئێستا کە داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە. بە پێی پلانێک کە بەرپرسانی ئێران ئامادەیان کردووە، چاوەڕێ دەکەن لە ٥ ساڵی داهاتوودا ئەم رێژە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵدا بەرزبکەنەوە.

ئێستا بازرگانی لە گەڵ عێراق سەرنجی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی ئێڕانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. لە لایەک، بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، بازاڕی عێراق یەکسانە بە بازاڕی سێ کیشوەری ئەفریقا، ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئەم وڵاتە. لە لایەکی دیکەشەوە رێڕەوێکە بۆ گەیشتن بە سوریا، خاڵێک کە تێکڕای بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی و سیاسی ئێران لە سەری کۆکن. بە گوتەی ئال ئیسحاق، لە دۆخی ئێستای عێراق و لە نەبوونی داعش، چاوەڕێی شەڕێکی ئابوری  وململانێکی دیکە دەکرێ جا لە ژێر هەر ناوێکدا بێت.

دیپلۆماسی دۆلار

پێگەی”المانیتور”لە راپۆرتێکی خۆیدا، تیشکی خستۆتە سەر پرسی ئاوەدانکردنەوەی  عێراق و ستراتیژی سعودیە، بۆ کەم کردنەوەی هەژمونی ئێران لە عێراق.

مانیتۆر نوسیویەتی، بنیات نانەوە  و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سوننەکانی عێراق، کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار کراون. دەرگای بەرووی ململانێی و بەشداری چالاکانەی سعودیە لە دژی ئێران کردۆتەوە.

بە پێێ پلانی بن سلمان، عێراق بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەکانی، پێویستی بە ١٠٠ ملیار دۆلار پارەی وڵاتانی دیکەی جیهان هەیە. سعودیە لەم نێوەدا، رۆڵی تایبەت بە خۆی دەبێت.

بەم ئاراستەیەش بوو کە ١٨ی جانیوەری، حەیدەر عەبادی لە نامەیەکدا کە بۆ مەلیک سەلمان، شای سعودیەی نوسی، داوای یارمەتی و پشتگیری لە ناوبراو کرد.هەمان رۆژ شای سعودیە وەڵامی لە عەبادی گێڕایەوە  وگوتی، عێراق وڵاتی دۆست و برای سعودیەیە و گرنگییەکی ستراتیژی هەیە.

سلمان الانصاری،سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە گشتییەکانی سعودیە و ئەمریکا دەڵێت، رادەی بەشداری سعودیە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، هیچ سەقفێکی بۆ دیاری نەکراوە .عبدالزهره الهنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە پێگەی المانیتور”ی گوتووە، شای سعودیە جەختی کردۆتەوە بە بەشدارییەکی چالاکانەی کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەکەن، بەڵام پلانەکانی سعودیەی ئاشكرا نەکردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com