بۆچی ئەمریکا، بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی عیراق ناکات؟

0

نوچەنێت

حکومەتی عێراق، پێویستی ملیاران دۆلارە بۆ ئەوەی ناوچە وێرانبووەکان، لەماوەی ١٠ ساڵدا نۆژەن و ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام نزیکەی لە ١٣%ی ئەو پارەیەی دەستکەوتووە. ئابوریناسێکیش دەڵێت “ئاوەدانکردنەوەی عێراق، کاری ئەو چەند ملیار دۆلارە نییە و تەنانەت تریلیۆنیش کافی نییە و، ئەو ناوچانەش شەڕ تێیدا رووی نەداوە وێرانەیە”.

كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق، رۆژی ١٢-٢-٢٠١٨ له‌ كوه‌یت ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردووه‌ و، ده‌یان ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ك به‌خش و سه‌دان رێكخراوی ناحكومی و كۆمپانیای وه‌به‌رهێنی جیهانی، به‌شداریان تێدا كردووه‌ و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت”.

زیانەکانی عێراق بە چەند خەمڵێندراوە

حکومەتی عێراق،  لانیکەم  پێویستی بە ٨٨ ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی ناوچە وێرانبووەکان، لەماوەی ١٠ ساڵدا نۆژەن و ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام نزیکەی لە ١٣%ی ئەو پارەیەی دەستکەوتووە.

لەو کۆنگرەیە، کوێت بەڵێنیداوە دوو ملیار دۆلار بە عێراق بدات، ملیارێک بە قەرز و ملیارێکیش بۆ وەبەرهێنان. تورکیا پێنج ملیار دۆلار بۆ قەرز و وەبەرهێنان لە عێراق خەرجدەکات، سعودیە ١.٥ ملیار دۆلار. ئیمارات و قەتەریش هەریەکەیان بەڵێنی پێدانی نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان بە عێراق داوە.

ئه‌مریكا هیچ هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش نه‌كرد

رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا(١) باسی شكستی كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌ كوه‌یت ده‌كات و نوسیویه‌تی “له‌ رۆژی دووه‌میدا كۆمه‌ك به‌خشه‌كان، نه‌یانتوانیوه‌ زیاتر له‌ چوار ملیار دۆلار بۆ عێراق كۆبكه‌نه‌وه‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایش، هیچ هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌.

ئه‌مریكا بونیاتنانه‌وه‌ی عێراقی بۆ وڵاتانی دیكه‌ بەجێهێشتووه‌

رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌ ده‌یان وڵاتی به‌خشه‌ر و سه‌دان كۆمپانیا و رێكخراوی كۆمه‌كبه‌خشی تێدایه‌، ئه‌گه‌ری شكستهێنانی هه‌یه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ كۆمه‌كێكی ئه‌وتۆ كۆبكه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردن چوار ملیار دۆلار، هیچ به‌ڵێنێكی دیكه‌یان نه‌داوه‌، به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ هیچ پاره‌یه‌ك نابه‌خشێته‌ عیراق، په‌یامی ئه‌مریكا روونه‌ و بونیاتنانه‌وه‌ی عێراقی بۆ وڵاتانی دیكه‌ جێهێشتووه‌”.

شكست هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دەکات

نیویۆرك تایمز دەڵێت “كۆنگره‌كه‌ گورزێكی پیشه‌یی بووه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق، چونكه‌ ناتوانێت تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی جه‌نگ بگرێته‌ ئه‌ستۆی و له‌ هه‌ندێك روویشه‌وه‌ به‌هۆی داگیركردنی عێراق بووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌”.

رۆژنامه‌كه‌ باسی ئاینده‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كات و نوسیویه‌تی “شكست هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئه‌و كۆششه‌ ده‌كات، كه‌ ساڵانێكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌، بۆ سه‌قامگیری وڵات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی داویانه‌”.

 

تەنیا چوار ملیار دۆلار بۆ عێراق کۆ کراوەتەوە(٢)

رۆژی چوارشەممە ١٤/٢/٢٠١٨، شێخ سەباح جابر ئەحەمد ئەلسوباح، میری کوێت لە سێیەم و کۆتا رۆژی کۆنگرەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، لە کۆنگرەکەدا، چوار ملیار دۆلار بۆ عێراق کۆ کراوەتەوە. گوتیشی “وڵاتەکەی بڕی دوو ملیار دۆلار پێشکەشی عێراق دەکات. بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکانی، یەک ملیار دۆلار بە قەرز و یەک ملیار دۆلاریش وەک هاوکاری”.

عێراق سەرزەمینی دەرفەتەکانە(٣)

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، عێراق پێویستی بە دووبارە بونیاتنانەوە و نوێبوونەوەی ژێرخانی ئابووری هەیەو، سەرزەمینی دەرفەتەکانە، هیوادارم دڵسۆزان و دۆستانی عێراق، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و باشترین پشکی خۆیان پێشکەشبکەن. ئامانجی ئێمە دروستکردنی ژینگەیەکی ئابووری تەندروستە بە دابینکردنی هەزاران دەرفەتی کار بۆ لاوان، خاوەن پیشەکان و باشکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی و ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیان.

ئێمە شەڕی دژ بە مرۆڤایەتیمان کرد، شەڕمان دژی خراپترین تیرۆری خوێناوی لە مێژووی نوێدا کرد، بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی مرۆیی، ئەویش لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە داعش رێنمایی و راسپاردەکانمان بۆ هێزەکان پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانمان بوو، هێزەکانیشمان لەو رووەوە جوانترین نموونەیان پێشکەشکرد و بۆ بەدیهێنانی ئەوەش قوربانیماندا.

داوا لە برا و دۆستەکانی خۆمان دەکەین، بەشداربن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی عێراق و ژێرخانی ئابووری، بەر لەوەش دەبێت کار بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، بۆ ناوچانە ئازادکراوەکان بکەین. ئێمە توانیومانە نیوە ژمارەیەک لە ئاوارەکان بگەڕێنینەوە، کە ژمارەیە دەگاتە پێنج ملیۆن کەس لە نێوخۆدا، هەروەها ژمارەیەک لە برا سوورییەکانمان وەکو ئاوارە لەنێو عێراقدان.

هەروەها جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکەینەوە، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری لەڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خێرا کە دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ گەڕانەوەیان.

هەموو عێراق بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە لەڕووی گەشەپێدانەوە بەرەو دوا گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش دەرفەتی گەورە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هەیە. هەر لە بەسرەوە کە نوێنەرایەتی مێژوو و شارستانیەتی دەکات و سەرچاوەیەکی گەورەی ئابوورییە، هەروەها زیقار بە ئەهوار و شوێنەوارییەکانی ناسراوە، هەروەها بابل بە شارستانیەتی خۆی و بەغدای خۆشەویست، هەروەها ئەنباری رزگارکراو و نەینەوای دایکی دوو بەهارەکە و پارێزگانی باکوری ئێمەی خۆشەویست لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

وەبەرهێنان، باشترین رێگەیە بۆ بەرەو پێشبردنی سوڕی ئابوری وڵات و زیادکردنی بەرهەم و دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ هەزاران عێراقی و، بەگەڕخستنی دەستی کاری لاوەکانمان و چینەکانی دیکە.

ئێمە چاومان لەوەیە، کۆمپانیاکانتان لەگەڵ کەرتی تایبەت لە عێراق کار بکەن، ئێمەش کار لەسەر دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست و هەبوونی شەفافیەت دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان و بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

ئەم کۆنفرانسە دەستپێکێکی گرنگە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و دەستپێکردنی وەبەرهێنان لە عێراق، بەرەوپێشچوونی عێراق لە قازانجی هەموو وڵاتانی ناوچەکەیە، هیوادارم وڵاتانی جیهان هاوکاربن لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

 

ئەوەی عێراق بۆ وەبەرهێنان تەرخانیکردووە لە قاموسی هیچ وڵاتێکدا نییە

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، پرۆفیسۆر هوشیار مەعروف، ئابوریناس و مامۆستای زانکۆ، لە بارەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و دۆخی ئابوریەکەی رایگەیاند، عێراق لە قەیرانێکی زۆردایە و پارەیەکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە. بەتایبەتی لە گەڵ سەندووقی نەختێنەیی جیهانی، هەروەها لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، لەبەر ئەوەی ئەوی هەیەتی بە قەرز داپۆشراوە، چونکە هیچی دانەناوە بۆ وەبەرهێنان لە نێو بودجەدا. واتە هەموو دانراوە بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی ٤٪، کە لە قاموسی هیچ وڵاتێکدا ئەمە نییە.

پرۆفیسۆر هوشیار دەڵێت، بودجەی عیراق لەسەر موچەیە، کە ئەمە وادەکات وڵات بەرەو دواوە بڕوات، ئەو پارەیەی دەچێ بۆ موچە، هەمووی دەچێتەوە بازاڕ و شتومەکی بەکاربردن، کە ئەنجامەکەی ئەوەیە ، هاوەردەکردن لەدەرەوە زۆرتر دەبێت و پارەکەش دەچێتە دەرەوە. لەم حاڵتەدا ناتوانرێت ئابوری وڵات گەشەی پێبکرێت. بە هیچ جۆرێک نە لە پیشەسازی و نە کشتوکاڵی و هیچ بوارێکی دیکە. 

ئەوپارەیەی لە کۆنگرەکە داواکراوە زۆر کەمە

ئەو ئابوریناسە ئاماژە بەو دەکات، ژێرخانی ئابوری عێراق پارەیەکی یەکجار زۆری دەوێت، نەک لەبەر وێرانکاری شەڕ، بەڵكو هەموو وڵاتەکە لە دواکەوتندایە و پێویستی بە سەدان ملیار دۆلارە تا بتوانرێ ژێرخانی ئابووری گەشەی پێبدرێت، ئەوپارەیەی داوایان کردووە لە کۆنگرەکە، زۆر نییە و ئەوەش کە وەردەگیریەت قەرزە و دەبێ بدرێتەوە. بەڵام کێشە نییە ئەگەر بۆ وەبەر هێنان بێت، نەک بۆ موچە، کە ئێشتا بۆ موچە یەکجار زۆر قەرزارن. 

دەبێت عێراق لە داهاتی نەوت رزگار بکڕێت

پرۆفیسۆر هوشیار باس لەوە دەکات، کە دەبێ ئەو شوێنانەی رووخاوە بە پەلە ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام هێچ کۆمپانیایەک نایەت ئاوەدانی بکاتەوە بەبێ ئەوەی گرێبەستێکی ئەوتۆ بکات بۆ گەرەنتی کردنی پارەکەی “عێراق وڵاتێکی سەربە داهاتی نەوتە. بە رێژەی ٩٩٪. دەبێت عێراق لەو داهاتە رزگار بکڕێت و رووبکرێتە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و …هتد”.

بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق ترلیۆن-یش کافی نییە

لەبارەی دۆخی پارێزگاکانی عێراق بەگشتی ئەو ئابوریناسە دەڵێت “لە راستیدا کە سەردانی ئەو پارێزگایانە دەکەی، کە تێیدا شەڕ رووی نەداوە، بەڵام هەمووی وێرانە، چونکە ژێرخانی ئابووریەکی وێرانە و هێچ پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە، رێگاوبان و گەشتیاری لێ نییە. پیشەسازی-یش پێش نەخراوە، کە ئەمە کاری ئەو چەند ملیار دۆلارە نییە، عێراق داوای دەکات تەنانەت تریلیۆنیش کافی نییە”. گوتیشی “ئەوی بیستوومە ئە بڕە پارەیەش داوا کراوە، تەرخاندەکرێت بۆ شار و ناوچەکانی شیعەکان، نە بۆ ناوچەکانی سوننە و کورد، کە بە هۆێ شەڕی داعشەوە بووەتە وێرانە.

ئەنجام:

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ژێرخانی ئابوری عێراق و ئاوڕنەدانەوەی پێویست لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، شکستێکی مەترسیدار لە داهاتووی عێراق چاوەڕێ دەکرێت وەک باسدەکرێت، پێناچێت بێجگە لە کێشە ئابووریەکان، کە ئەوەندەی بەهۆی شەڕی داعشەوە روویداوە زیاتر لەوە بەهۆی گەندەڵییەوە لە هەموو روویەکەوە قەیران، شکست، وێران کاری و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی  بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

سەرچاوەکان:

١ـ http://www.kurdistan24.net/so/news/933fe40e-3142-45df-b41c-f3c9a8396456

٢ـ  http://www.basnews.com/index.php/so/economy/world/415053

٣ـ http://www.nuche.net/?p=115596

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com