بۆ حەسەن روحانی داوای یفراندۆم دەکات؟

0

نوچەنێت

حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژانی رابردوو لە میانەی گوتارێکدا بە بۆنەی ساڵیادی شۆرشی گەلانی ئێران، گشتپرسی وەک تەنها چارەسەر بۆ دەربازبوون لە بن بەستەکان وەسف کرد.

حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە هەندێک بابەتی جێی ناکۆکی لە نێوان دامودەزگا حکومیەکانی ئەم وڵاتە، داوای کردووە بۆ یەکلاکردنەوەیان گشپرسی ئەنجام بدرێت.

روحانی، لەم بارەیەوە ئاماژەی بە هەرێمی تاکە-کەسی خەڵکی ئێران و بابەتی پشتڕاست نەکردنەوەی شیاوبوونی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنەکان، کردووە.

سەرۆککۆماری ئێران، وێڕای ئاماژەدان بەوە، کە هەڵبژاردن تەواو بووە، بە نەیارانی خۆی گوت، دەبێ هەموان پێکەوە بین و ئاسایشی خەڵک دابین بکەین.

هاوکات رایگەیاند، یاسای بنچینەیی بنبەستەکانی هەڵگرتووە و ئەگەر لە سەر بابەتێک مشتومڕمان هەیە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستورەکە و بەو پێیە دەنگی خەڵک یەکلاکەرەوە بێت.

ناوبراو، پێشتریش پێشنیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لەبارەی پرسە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردووە.

بابەتی چاپەمەنییەکان، دەستگیرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی رەتکردنەوەی شیاوبوونی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکان و، دەستوەردانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەکان، بە دیاریکراوی سوپای پاسداران لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بەشێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان رابەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆککۆمارەکانی ئەم وڵاتە، بووە.

بۆ چی حەسەن روحانی پشێنیاری گەڕانەوە بۆ دنەگی خەڵک دەکات؟

یەکێک لەو ئەگەرانەی، کە لەم بارەوە لە ئارادان، ئەو بن بەستەیە، کە بەهۆی سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئێران پێکهاتووە. سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە سەر هەموارکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، کە ئەگەر هەموار نەکرێتەوە، ئەمریکا یەک لایەنە لە رێککەوتنەکە دەکشێتەوە، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی خودی رێککەوتنەکە دێت. لەبەرامبەردا،ئێران جەخت دەکاتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لەم رێککەوتنە قبووڵ ناکات و لەم بارەوە ئامادە نییە بستێک پاشەکشە بکات.

لەم نێوەدا، ئەگەرچی هاوبەشە ئەوروپیەکان، پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکە راگەیاندووە، بەڵام ئەوانیش سەبارەت بە بەرنامە موشەکیەکانی ئێران و سیاسەتی دەستوەردانی تاران لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، گوشاریان خستۆتە سەر ئێران و پێشوازی لە سنووردارکردنی هێز و رۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

لە وەها دۆخێکدا، هەڵوێستی داهاتووی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و هاوبەشە ئەروپیەکان و وڵاتانی لایەن لە رێککەوتنی ئەتۆمی، کێشەیەکی نوێ لەبەردەم تاران دروست دەکات. بە تایبەتی، کە لەناوخۆوە، گوشارێکی لەرادەبەدەر لە سەر حەسەن روحانی و تیمەکەی هەیە و ئەمەش تەنگی بە روحانی هەڵچنیوە.

گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و ئەنجامدانی گشتپرسییەکی کۆنترٶڵکراو، رەنگە بتوانێ ببێتە میکانیزمێک تاکوو بەو رێگەوە دەوڵەتی روحانی پاساو بۆ هەڵوێستی دواتری خۆی لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی بێنێتەوە، لە ئەگەری جددی تربوونی بەڕێوەچوونی ئەم ریفراندۆمە، رەزامەندی رابەری ئێرانیش دەتوانێ پشتڕاست کردنەوەی ئەم  بژاردەیە بێت.

خاڵێکی جێی سەرنجی گوتارەکەی روحانی ئەوە بوو، کە ناوبراو گوتی “دەبێ رکابەرایەتی و ململانێکان وەلابنێین و یاسا و ڕیوشوێنە نێودەوڵەتیەکان رەچاو بکەین.

روحانی لە گوتاەکەیدا کۆمەڵێک باسی خەڵک پەسەندی هێنایە ئاراوە، لەوانە ئازادیەکان، مافی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و دەربڕین ناڕەزایی کرد

یەکێک لەو کێشانە، کە باڵەکانی دەسەڵات ناکۆکیەکان لە سەرە، پەیوەندی بە گوشار و سەرکوتانەوە هەیە، کە لە سەر خەڵکی ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەمەش یەکێک لەو بنبەستانەیە، کە روحانی پێی وایە دەبێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە.

روحانی جەخت دەکاتەوە، کە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان تەنها لایەنی ئابوری نییە و خەڵک لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەی قسەیان بۆ گوتن پێیە. ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵک و گوێیان لێ بگرین.

رەنگە بیرۆکەی گشتپرسی لەم گۆشەنیگاوە، سەرباری ئەوەی، کە کەشی ناوخۆ ئارام دەکاتەوە، ببێتە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی حکومەت، بەو جۆرەی، کە دەیهەوێ.

روحانی لە هەوڵدایە دەم و چاوێکی جیاواز لە خۆی بخاتەڕوو، نیازێکی وا بە باشی لەم گوتانەی روحانی خۆی دەردەخات، کە دەڵێت، لێگەرێین خەڵک ئاسودە بن، لە هەرێمی تاکەکەسی ئەوان دەستوەردان نەکەین، بۆ جاریکیش بووە بڕیاری ٨ خاڵی رابەری رێژیم (ئایەتوڵڵا خومەینی) بخوێنینەوە و بەو پێیە مامەڵە لە گەڵ خەڵک بکەین.

بۆچوونێکی دیکەی هەیە، کە پێی وایە روحانی بە هێنانە ئارای بابەتی گشتپرسی، بە نیازە بۆ جارێکی دیکەش، رەوتی خۆی لە ئێران بەهێزتر بکات.

پێگەی “عصر نو”، لە بابەتێکدا تیشکی خستۆتە سەر ئەم بۆچوونە و دەڵێت، لە کاتێکدا روحانی پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆنم دەکات، کە باڵباڵێنی و ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لەم وڵاتە گەیشتتۆتە لووتکە.

بە گوێرەی ئەم بۆچوونە، روحانی بەم رێگەوە دەیهەوێ بابەتی گشتپرسی وەک کارتێکی فشار بۆ سەر باڵی کۆنەپارێز و نەیار، بەکاربهێنێت.

ئایا ئەنجامی دانی ریفراندۆم ئیمکانی هەیە؟

بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە ئێران کارێکی ئاسان و هەموار نییە. بە پێی لێکدانەوەیەک، کە لە یاساکانی ئێران دەکرێت، بێجگە لە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، دەبێ دەنگی ئەرێنی ئەنجومەنی چاودێری و لە کۆتاییدا رەزامەندی رابەری کۆماری ئسیلامی لەسەر بێت.

وەک یەکەمین دژایەتی و کاردانەوە بەرامبەر بەم پێشنیارەی روحانی، عەباس عەلی کەدخودایی، گوتەىیژی ئەنجومەنی چاودێری، لە پەیجی تێلێگرامی خۆی، پێشنیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی بە بابەتێک وەسف کرد، کە خوێندنەوەی کارناسانەی بۆ نەکراوە.

لە وڵاتێکی وەکو ئێران، کە مەیدانی ململانێ و باڵباڵێنی لایەنەکانی ناوخۆی حکومەتە و رابەری ئەم وڵاتە بڕیاری کۆتایی لایە و کۆمەڵگا هیچ رۆڵێک بۆ یەکلاکردنەوە کێشەکان نابینێ، باس کردن لە گشتپرسی تەنها تابۆیەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com