ئێران بە نهێنی ئەنجامیدەدات

0

نوچەنێت

ئێران و-وڵاتانی ئەوروپی، بەرەبەرە لە کۆتایی وادەی دیاریکراوی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ئەتۆمی نزیک دەبێنەوە.

بە گوێرەی ئەوزانیاریانەی کە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانی و یەک لەوان ئاژانسی رۆیتەرز، ئاشکرایان کردووە. سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ،دانوستان و گفتوگۆی ژێربەژێریان لە گەڵ بەرپرسانی ئێرانی دەست پێکردووە، بە ڵام نەک لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵکو لەبارەی گۆڕینی سیاسی ناوچەیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەی تایمی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، خولی یەکەمی ئەم گفتوگۆیانە لە میانەی کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن، بەڕێووەچووە.

ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، بڕیارە خولی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی، لە ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.

لەبارەی تەوەری سەرەکی خولی یەکەمی دانوستانەکان، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، دەستوەردانەکانی ئێران لە یەمەن و پڕچەککردنی حوسییەکان بە موشەکی بالستی، تەوەری سەرەکی خولی یەکەم بووە. بە گشتیی ئامادەبوونی سەربازی سوپای پاسداران و سوپای قودس لە سوریا، عێراق، لوبنان  ویەمەن بابەتی گفتوگۆکانی خولەکانی داواتر دەبن.

بە پێی راپۆرتەکان، ئەم گفتوگۆیانە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. هاوکات ئەوروپیەکان لە هەوڵدان، بڕوا بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنن کە رێککەوتنی ئەتۆمی وەک خۆی بهێڵێتەوە.

بە گوتەی دبلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی، کە بەشداری دانوستانەکانی میونش بووە. هەڵوێست و روانگە  و چاوەڕوانی وڵاتانی رۆژئاوایی سەبارەت بە دەستوەردانەکانی ئێران لە یەمەن، بە روونی گەیێندراوەتە ئێرانییەکان و ئەوانیش لە وەڵامدا،هەر جۆرە دەستوەردانێکیان لە یەمەن رەتکردۆتەوە. بە پێی لێدوانی ئەم دبلۆماتکارەی رۆژئاوا، هاوکاری لایەنی ئێرانی لەم گفتوگۆیانە ئەرێنی بووە.

رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، بە گێڕانەوە لە سەرچآوەکانی نوسیویەتی، رۆژئاواییەکان لەبارەی بەردەوام بوونی سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانەکانی تاران لە کاروباری ناوچە، بە روونی  قسەیان لە گەڵ لایەنی ئێران کردووە. هۆشدارییان داوەتێ و پێیان راگەیێندراوە، نەگۆڕینی ئەم سیاسەتە، سزای رۆژئاوای بە دواوە دەبێت.

هەوڵەکان بۆ قەناعەت هێنان بە سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامانجی مانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران بە هۆی ئەم رێککەوتنەوە سوودمەند نەبێ، لێی دەکشێتەوە.

١٨ی فێبریوەری بوو کە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونش بەشداری کرد. هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، گفتوگۆی ژێربەژێری لایەنی ئێرانی لە گەڵ رۆژئاواییەکان بەڕێوە چووە. بە بێ ئەوەی میدیایی بکرێتەوە. بڕیارە خولی دووەمی ئەم گفتوگۆیانە، کۆتایی مانگی مارس لە ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.

ئەمە نەریتێکی هەمیشەیی ئێران بووە، هاوکات لە گەڵ ئەوەی جەخت دەکاتەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆی سەرلەنوێ لە بارەی ئەم دۆسیە، قابیلی قبوڵ نییە، بەڵام دەرکەوت کە بە خشکە و بە بێ دەنگی  ودوور لە چاوی کامێراکان، راکێشی سەر مێزی دانوستان کراوە.

پێشتریش هاوشێوەی ئەم دانوستانە ژێر بە ژێرانە، لە ئێران روویداوە. نموونەی بەرچاو، گفتوگۆی نهێنی لایەنی ئێرانی و ئەمریکی بوو لە عەمان، بەر لەوەی خولی پێشووی هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوە بچێت.

ئێستا کە هەواڵی گفتوگۆی داخراو و ژێربەژێر ئێرانیەکان و رۆژئاواییەکان، کەتۆتە رۆژەڤەوە، چاودێرانی سیاسی  پێیان وایە، هە ئێرانیەکان هەم وڵاتانی ئەوروپی لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ناوەندین. بەڵکو لەم رێگەیەوە، رێککەوتنی ئەتۆمی لە مەترسی هەڵوەشانەوە بپارێزن. خاڵێکی هاوبەش کە هاوکات بۆتە بەرژەوەندی هاوبەشی ئێرانی و ئەوروپیەکان.

تا ئێرە، لایەنەکانی ئەوروپی هاودەنگییان لە گەڵ ترەمپ کردووە، بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی.

لە نوێترین هاودەنگیدا،٢٧ی فێبریوەری بەریتانیا، بە رەزامەندی فەرەنسا و ئەمریکا، رەشنووسی بڕیارێکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەرز کردەوە، کە  لە دژی ئێران و لەبارەی پشتیوانی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن ئامادە کرابوو. ئەگەر روسیا بڕیارەکەی ڤیتۆ نەکردبایە، بە دەنگی ئەرێنی ئەندامان پەسەند دەکرا.

لەو رووەوە کە خولی یەکەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ زلهێزی ئەوروپا ، بە شێوەی شاراوە ئەنجام دراوە تا ئێستا ئەجێندای خولی دووەمی گفتۆکان روون نییە. بۆ نموونە، روون نییە ئایا بێجگە لە سیاسەتی ناوچەیی ئێران، بەرنامەی موشەکی ئێران دەخرێتە سەر مێزی دانوستان یاننا.

ئەگەر ئێران لە خولی یەکەم، پێداگری لە سەر سیاسەتی خۆی کردبێتەوە، شتێکی چاوەڕواننەکراو و سەیر نییە. ئەوەی گرنگ و مانادارە، بڵاو بوونەوەی هەواڵێکی لەم چەشنە بوو، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی میونش، لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئامادەنەبوون سوتەمەنی بۆ فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دابین بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com