کەوتنی عەفرین لە نێوان بەرداشی دوو رێککەوتن

0

نوچەنێت

سوپای سوریا، رۆژی ٢٠ی جانیوەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی بە ناونیشانی چڵە زەیتون بۆ سەر هەرێمی عەفرین دەستپێکرد و ئێستاش بەردەوامە.

سیناریۆی یەکەم، رێکککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا

سەرئەنجام ئەمریکا لە سەر دوو رێیانی تورکیا و کوردەکان، هاوپەیمانی خۆی لەناتۆ هەڵدەبژێرێ و پشت لە هاوپەیمانی سەرەکی خۆی لە شەڕی دژی داعش دەکات. یان ئەوەی، کە لە باشترین حاڵەتدا دڵی کوردەکان رابگرێت، بەو شێوەی، کە ئەنقەرە ویستی لە سەرە.

ئەمریکا بڕیاری داوە، کە پەیوەندیەکانی لە گەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، بەم روانگەشەوە پشت لە کوردی سوریا دەکات، کە تا سەر لە شەڕی دژ بە داعش پشتیوان و هاوپەیمانی بووە. ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی.

ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ تورکیا رایگەیاندووە، کە هێزەکانی کوردی سوریا، کە وەک کۆڵەکەی سەرەکی لە کەمپەینی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش هەژمار دەکرێن، دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.

وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیا دەڵێت، یەکەم هەنگاو بۆ ئەم بابەتە، کشانەوەی هێزەکانی کوردی سوریایە لە شاری منبج و جێگیرکردنیان لە رۆژهەڵاتی روباری فورات. ئەم شارە بە شێوەی رەمزی بۆتە ناوچەیەک بۆ ململانێی هێزەکانی ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی دیکە.

ئەگەر ئەمریکا وەڵامی ئەرێنی بە داواکاری تورکیا بداتەوە، مانای وایە رەزامەندی ئەنقەرەی بە دەست هێناوە. بەڵێنێک، کە پێشتر لە لایەن ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دراوەتە تورکیا. ساڵی ٢٠١٦ بوو، کە هێزەکانی یەپەگە هەوڵی ئازادکردنی منبەجیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش دا و لەو کاتەوە لەم شارە جێگیر کراوە.

بەڵام تورکیا نیشانی داوە بەو رادەیە پشوو درێژ نییە و ئامادە نییە بوونی ئەم هێزانە لە ناوچە سنووریەکانی خۆی قبووڵ بکات یان ئەوەی، کە چاوپۆشی لێبکات. تورکیا تێکڕایان بە تیرۆریست ناو دەبات.

بەم حاڵەشەوە، بەرپرسانی ئەمریکا هیچ خشتەیەکی زەمەنیان بۆ كشانەوەی هێزەکانی کورد لە منبەج بۆ رۆژهەڵاتی فورات دیاری نەکردووە. تەنها رایانگەیاندووە ئەم بابەتە لە دانیشتن و کۆبوونەوەی لیژنەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە باس و گفتوگۆی لە سەر کراوە و یەکەم خولی گفتوگۆکانیش رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رابردوو لە واشنتۆن بەڕێوەچووە.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا بە شێوەی رێژەیی، کۆمەڵێک تێچووی بەدواوە بووە. هێزەکانی کوردی هاوپەیمانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، بۆ بەهێزکردنی بەرەکانی شەری دژ بە تورکیا لە عەفرین و دەوروبەر، لە بەرەکانی شەری داعش لە باشوری سوریا دەکشێنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا تەنها چاوی لە سەر داعش و شەڕی دژ بەم گروپەیە و کوردەکانیش کاریگەرترین هێز و فاکتەر بوون لەم شەڕەدا.

سەرباری کێشەکانیان لە سەر رۆژئاوای کوردستان، پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لە دوای کودەتای بێ ئەنجامی تورکیا لە ٢٠١٦، گرژی بەخۆوە بینیوە. لە لایەک ئەردۆغان، هەستی دژ بە ئەمریکا لە وڵات دەورووژێنی و ئەم فکریەتە پەروەردە دەکات، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکیەکان و یاسادانەرانی بە زمانی گەمارۆ، هەڕەشە لە تورکیا دەکەن.

بەرپرسانی ئەمریکی و تورکیا، کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بێت، جەخت لە سەر رێککەوتنی دوو لایەن لە سەر منبەج دەکەنەوە.

بەرپرسێکی تورکیا دەڵێت، ئەمریکیەکان ئێستا لە نیگەرانیەکانی ئەنقەرە تێدەگەن، بە تایبەت دوای ئەوەی، کە رێکس تیلرسەن، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا سەردانی تورکیای کردووە. هەروەها دوای دیداری ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە بۆ تورکیا، ئەم تێگەیشتنە لای واشنتۆن دروست بووە. بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپیش دەڵێت، ئاسایی بوونەوە و نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەمریکا گرێدراوە بە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لە سەر کوردەکان.

ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی خۆی لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی کوردی لە منبج بێت،تورکیاش بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک دەخاتە خزمەت ئەمریکاوە.

خاڵێکی دیکەی جێی ناکۆکی ئەنقەرە و واشنتۆن، داواکارای بەردەوامی تورکیا بووە بۆ رادەستکرنی فەتحوڵڵا گولەن لە لایەن ئەمریکاوە. لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆر جەیمز لێنکفۆرد، پلانی گەمارۆی نوێی بۆ سەر ئەنقەرە پێشنیار کردووە.

نیکۆلاس دانفۆرد، شرۆڤەکاری کاروباری تورکیا دەڵێت، ئەم کێشە و ناکۆکیانەی نێوان دوو وڵات، بەرژەوەندی هاوبەشییان لە سوریا خستۆتە مەترسییەوە. هەر بۆیە دەبێ بیر لە نەخشەرێگایەک بکرێتەوە.

بە گوتەی دانفۆرد، لە ئێستا تورکیا و ئەمریکا لانی کەم لە کەیسی سوریا، هۆکاریک بۆ وەلانانی ناکۆکیەکانیان دەبینن، کە پێدەچێ رێککەوتن بێت لە سەر حیسابی کوردی سوریا. تەرکیزی تورکیا لە سەر شەڕی دژ بە کورد لە سوریا، شەڕی دژ بە داعش دەخاتە پەراوێزەوە و توانای تورکیا لەم نێوەدا بۆ گەیشتن بە بەرەژوەندیەکانی بردۆتە ژێر پرسیارەوە.

سیناریۆی دووەم، رێککەوتنی نێوان سوریا و روسیا

سەرۆکی روسیا لە نامەیەکدا بۆ بەشار ئەسەد، هاوتا سوریەکەی، چەند ناوچەیەکی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئەسەد لە باکوری حەلەب دیاری کردووە، بەو مەرجەی، کە کۆنتڕۆڵی ناوچەی عەفرین رادەستی هێزەکانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بکات.

بە گوێرەی زنایاریەکانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چەند رۆژ بەر لە ئێستا بەرپرسێکی باڵای روسیا،  کە هەڵگری پەیامەکەی ڤلادیمیر پوتین بووە، سەردانی دیمەشقی کردووە و لە گەڵ بەشار ئەسەد، کۆبووەتەوە. پەیامەکە گوزارشت لەوە دەکات، کە سەرجەم ناوچەکانی عەفرین و باکوری سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی ناوسراو بە ناوچەکانی کەم کردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی، رادەستی روسیا. ئێران و تورکیا دەکرێت. بەپێی زانیاریەکانی شەرقولئەوسەت، واڵری گراسیمۆف، سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیا، بە رێگەی سەردانیکردنی دیمەشق و مانەوەی لە بنکەی سەربازی حەمیمیم و دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار (هێزەکانی سوریا، هێزەکانی هاوپەیمان و یەپەگە) ئەم پەیامەی پوتینی پێگەیاندوون.

شەرقولئەوسەت ئاشکرای دەکات، ئەم فەرماندە سەربازیەی روسیا، کە بە نهێنی سەردانی دیمەشقی کردووە، لایەنەکانی پەیمانی پوتینی شی کردۆتەوە. بە گوێرەی پلانەکەی پوتین، چەند ناوچەیەکی سوریا رادەستی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانانی دەکرێ، بەو مەرجەی، کە هیچ کام لەم ناوچانە لە عەفرینەوە نزیک نەبن.

لە بەرامبەردا، سوپای تورکیا ١٢ یان ١٣ بنکە لە پارێزگاکانی ئیدلیب، حەما و حەلەب دەکاتەوە و هاوکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی چڵە زەیتون، بۆ لکاندنی ناوچەکانی جێی مەبەستی ئۆپەرایسۆنی قەڵغانی فورات و جرابلس و ناوچەکانی ئیدلیب بەردەوام دەبێت.

لە درێژەی راپۆرتەکەی شەرقولئەوسەت، باس لەوە دەکرێ، کە بەرپرسێکی سوریا ئەم پەیامە و وردەکاری ناوچەکانی بە سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە گەیاندووە. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازیەکانی کورد، ئەم بڕیارەی دیمەشقیان وەک کشانەوەی هێزەکانی سوریا لە عەفرین و باکور سوریا بە قازانجی تورکیا لێکداوەتەوە.

ئەم پەیامەی پوتین، پەیامێکی دیکەی روسیا پشتڕاست دەکاتەوە، کە پێشتر سیپان حەمۆی لێ ئاگادار کراوەتەوە؛ ئەوەیش ئەوەیە، کە بەپێچەوانەی پڕوپاگاندا و بانگەشەی میدیا و بەرپرسانی سوریا، کە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون، وەک دەستدرێژی تورکیا ناودەبەن، مۆسکۆ رێگە بە دیمەشق نادات، کە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سەر خاکی سوریا بوەستێتەوە.

هێرشەکانی تورکیا و بەردەوام بوونی، وەبیرهێنەرەوەی پەیامێکە، کە حەمۆ لە مۆسکۆ و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون، لە سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیای بیستووە، ئەوەی کە تورکیا مافی بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەیە و سوپای روسیاش رێگر نابێ لە بەردەم هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین.

پەیامی سەربازی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە، کە عەفرین بەرە بەرە دەخرێتە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و پێدەچێ ١٥ی مارس، لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان بڕیاری لە سەر بدرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com