پێشبینی ئەم ژمارە کوردسییانە دەکرێت بۆ کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، ژمارەی کورسیەکانی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی  عێراق، کەمتر لە ٥٥ کورسی بێت، دەشڵێت “کات نەماوە بۆ ئەوەی دەنگەکان بەدەستبێنینەوە”.

رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەڕیوەدەچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک بایکۆتی پڕۆسەکەی کردووە، لەماوەی رابردوودا پارتی رایگەیاندبوو، ئەگەر لیستێکی هاوبەش دروستبکرێت بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات لە کەرکوک، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان نەتوانرا ئەو لیستە هاوبەشە دروستبکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، زانا رۆستایی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “کورسییەکانی کورد، لە پارێزگای دهۆک، سلێمانی و هەولێر، هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام ٢٠ کورسی کورد لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و موسڵ لە مەترسیدایە، کە رەنگە نیوەی ئەو کورسییانە لەدەستبدەین”.

رۆستایی ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەڵبژاردنی رابردوو ژمارەی کورسییەکانی کورد ٦٥ کورسیبووە، رەنگە ژمارەی کورسیەکانمان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، کەمترلە ٥٥ کورسی بێت، ئەمەش بێگومان کاریگەری هەیە لەسەر پێگەی کورد لە حکومەتی داهاتوو، لەسەر کاریگەریمان لەدەرکردنی یاساکان و بڕیارەکان.

هەروەها دەڵێت “لە بەرئەوەی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە لە کەرکوك، ئەمەش زیانێکی دیکە دەدات لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا”. 

سەبارەت بەوەی ئایا کات ماوە بۆ ئەوەی کورد ئەو دەنگانە لە دەستنەدات، زانا رۆستایی گوتی “هیچ کات نەماوە بۆ ئەوەی دەنگەکان بەدەستبێنینەوە، تەنها یەک شت نەبێت، ئەویش ئەگەر ئەو لایەنانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە لە کەرکوك، بەهەر شێوەیەک بێت هانی لایەنگرانی خۆیان بدەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەگەرچی نوێنەری ئەو حزبەش نەبێت، لەگەڵ لایەنێکی دیکە رێککەوتن بکەن و دەنگەکان بگەڕێنەوە بۆ کورد”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com