لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوێستی خۆی راگەیاند

0

نوچەنێت

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی راگەیاند و دەڵێت “ئەو پرسە پەیوەستە بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور و دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەش لە پسپۆڕیەتی ئەو لیژنەیە دروستکراوەیە بەپێی هەمان ماددە”.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک لەسەر داوای ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان خستووەتەڕوو.

لە نووسراوەکەدا دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژە بە چەند ماددەیەکی دەستووری عێراق دەکات و دەڵێت، لە ماددەی (١٤٠/دووەم) ناوچەی جێناکۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادیدا هاتووە و مادددەی (٥٣/ئەلف) لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی راگوزەر سنووری هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، کە تێیدا هاتووە “دان بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنرێت، بەو پێیەی حکومەتی فەرمی ئەو ناوچانەیە، کە پێش ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣ بەڕێوەیبردوون، کە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، واتا ئەو خاکەی پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەبردراوە، پێش ١٩-٣-٢٠٠٣”.

دادگای فیدراڵی روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی هەرێمی کوردستان داوە و دەڵێت “دەستەواژەی هەرێمی کوردستان، کە لە ماددەی (٥٣/ئەلف) هاتووە، لەو یاسایەدا بە مانای ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی لە هەرێمی کوردستان دێت”.

لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دادگای فیدراڵی دەڵێت، ئەو ناوچانە جێناکۆکن کە پێش ١٩-٣-٢٠٠٣ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەنەبراون، کە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالە و نەینەوا.

دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان رایگەیاندووە “یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن لیژنەیەکی پێکهێنراو دەبێت، بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستوور. دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەش لە پسپۆڕیەتی ئەو لیژنەیە دروستکراوەیە بەپێی هەمان ماددە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com