حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی ١٠ ساڵە واژۆ دەکات

0

نوچەنێت: رووداو

هەردوو کۆمپانیای دانەگاز و نەفتی هیلال، گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی گاز لە کێڵگەی كۆرمۆر واژۆکردووە. بەپێی گرێبەستەکە ئەو گازە زیادەیەی دوو کۆمپانیاکە بەرهەمی دەهێنن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.

كۆنسۆرتیۆمى (پێرڵ پترۆلیۆم)، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیای ئیماراتی “نه‌وتی هیلال و دانه‌گاز”ـەوه‌ سه‌رپه‌رشتیده‌كرێت، گرێبه‌ستێكی ١٠ ساڵی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژۆكردووە، “بۆ دابینکردن و فرۆشتنی بڕی ئەو گازە زیادەیەی، کە بڕیارە ئەمساڵ هەردوو کۆمپانیا لە کێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمیبهێنن، بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا”. 

گرێبەستەکەی هەردوو کۆمپانیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ٣٠-١-٢٠١٨، لەنێوان ئاشتی هەورامی، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان و مەجید جەعفەر، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای نه‌وتی هیلال و د. پاتریك ئه‌ڵمان وارد، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای دانەگاز واژۆکراوە.

ئامانج لەو گرێبەستە زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی گازه له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر، به‌ڕێژه‌ی ٨٠ ملیۆن پێ سێجا له‌ رۆژێكدا پێش كۆتایی 2018، ئەوە لەکاتێکدایە، کە ئاستی ئێستای بەرهەمی گازی کێڵگەی كۆرمۆر ٣٠٥ ملیۆن پێ سێجایە، بەوشێوەیەش، تاوەکو کۆتاییەکانی ٢٠١٨، ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە، بۆ ٣٨٥ ملیۆن پێ سێجا بەرزدەبێتەوە.

له‌ ئابی ساڵی رابردوودا، پێرڵ پترۆڵیۆم کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکرد، بەو شێوەیەش بڕی یه‌ك ملیار دۆلاری له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌رگرت، لە به‌رامبه‌ریشدا کۆمپانیاکە پابەنددەبێت به‌ فراوانكردنی وه‌به‌رهێنان له‌ پڕۆژه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، وەک لێدانی چه‌ند بیرێك له‌ هه‌ردوو كێڵگه‌ی كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ و دروستكردنی پاڵاوگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گاز و بەرهەمەکانی دیکە. 

بڕیارە ئەمساڵ پێرڵ پترۆڵیۆم ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و كۆندێنسه‌یت بەڕێژەی لە 25% زیادبکات، ئەوەش پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایەکی زیاتر بە تێچوویەکی کەمتر. 

بەپێی پلانەکە، دەبێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا کۆمپانیاکە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بەڕێژەی لە ١٢٠% بەرزبکاتەوە و بگاتە به‌رهه‌مهێنانی ٩٠٠ ملیۆن پێ سێجا له‌ رۆژێكدا.

قەبارەی وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیە، تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٢٢٨ ملیۆن به‌رمیل هاوتای نه‌وت، ئەوەش بووە هۆکاری پاشه‌كه‌وتكردنی چه‌ندین ملیار دۆلار، كه‌ له‌ كڕینی سووته‌مه‌نی لە هەرێمی کوردستان به‌فیڕۆده‌چوو.

پێشتر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندبوو، پێشبینیدەکەن لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ تریلیۆن پێ سێجا یه‌ده‌گی گازی سروشتی هەبێت.

مه‌جید جەعفەر سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری نه‌وتی هیلال و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی كۆمپانیای دانه ‌گاز رایگەیاندووە “ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆمانکردووە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە وەبەرهێنانی بەردەواممان بەدرێژایی ١٠ ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com