گێژاوی سیاسەتی دەرەوەی ئێران

0

نوچەنێت

لە گەڵ هاتنی ساڵی نوێی، چوار دەیە لە ژیانی سیاسی کۆماری ئیسلامی تێدەپەرێ. سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران لەم چوار دەیە، پڕە لە هەوارز و نشێوی سیاسی و ئابوری.

شارەزایان و چاوذیرانی سیاسی پێیان وایە ساڵی نوێ، ساڵێک دەبێ پڕ لە قەیران و تەنگژەی ئابوری و سیاسی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

لەم راپۆرتەدا فۆکۆس لە سەر کێشە و تەنگژەکانی بەردەم ئێران لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا دەکرێ و لە سێ بەشدا تاوتوێ دەکرێت.

بەشی یەکەم، گەمارۆکان

بەشی دووەم، ململانێی تاران و وڵاتانی عەرەبی

بەشی سێهەم: یەمەن و سوریا

گەمارۆکان

دوای ١٢ ساڵ لە پێداگری ئێران لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیەکەی، کۆماری ئسیلامی سەرئەنجام نەرمی  و سازانی لە خۆی نیشاندا و ملی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کەچ کرد، لە لایەک ئێران راکێشی سەر مێزوی دانوستان کراو و وەک رابەری ئێران دەڵێت لە گەڵ شەیتانی گەورە (ئەمریکا)، کەوتە دانوستانەوە و ئامانجی سەرەکیش، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بوو لە لایەن ئەمریکاوە، بەرامبەر بەم روانگەی، نیازی ئیدارەی باراک ئۆباما، گۆڕینی رەفتاری ئێران بوو و وەک بانگەشەیان بۆ دەکردن، دوورخستنەوە تاران بوو لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.

بەم دوو دیدەوە، دوو لایەن بە ئامانجی جیاواز چوونە سەر مێزی دانوستان و لە ئەنجامدا گەیشتە رێککەوتن. بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی، هاوکێشەکان گۆردران. سەرۆکی تازەبە دەسەڵات گەیشتووی ئەمریکا، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی ئەتۆمی بە مامەڵەی خراپی ئیدارەی ئۆباما لە گەڵ ئێرانیەکان وەسف کرد. ئاماژەکان دەڵێن سەرۆکی ئەمریکا  لە داهاتوویەکی نە چەندان دوور، یەک لایەنە رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا کۆی ئەو گەمارۆیانەی، کە بە هۆی رێککەوتنەکەوە هەڵپەسێردرابوون، جارێی دیکە بە سەر ئەم وڵاتەدا دەسەپێندرێتەوە. گریمانەی دووەم، هەموارکردنەوەی رێککەوتنەکەیە، بابەتێک کە دڵخوازی ئەوروپیەکانی وەک لایەنێکی ئەم رێککەوتنە. ئەگەر ئەم حاڵەتەش رووبدات، پێناچی ئەمریکا وەک چۆن دەڵێن بە دڵ پابەندی رێککەوتنەکە بمێنێتەوە و هاوکات لە گەڵ هەموارکردنی، کۆمەڵێک پرسی دیکە دەخاتە سەر مێزی دانوستان و ئێران راکێشی دۆخێکی نوێ دەکەن.

دوو پرسی گرنگ، کە ڕای ئەوروپیەکانیشی لە سەر سیاسەتی ناوچەیی ئێران و بەرنامەی موشەکی ئێران دوو بابەتی جددی، کە هەم ئەمریکا و هەمیش ئەوروپیەکان لە سەری کۆکن و بگرە زیاتر لە واشنتۆن پێداگری لە سەر دەکەن. سێ وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەم بارەیەوە پێشەنگن و داوایان لە تەرمپ کردووە بەرامبەر بە پاراستن و هێشتنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکەن، ئەویش بە چەکی گەمارۆ و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش. هەر چۆنێک بێت کەم و زۆر گوشارەکانی سەر ئێران لە هەر دوو حاڵەتدا زیاتر و زیاتر دەبن.

لە ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، تۆپ دەکەوێتە زەمینی ئێران، یان ئەوەی، کە ئەویش لای خۆیەوە رێککەوتنەکە هەڵبووەشێنێتەوە یان قەناعەت بە سووکە پەیوەندی بازرگانی لە گەڵ ئەوروپیەکان بکات، تاکوو ململانێی ئێران و ئەمریکا نەبێتە ململانێی ئێران و یەکێتی ئەوروپا.

ئەمە هەمووی داستانەکە نییە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دڵنیایی تەواوی داوەتە سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکە، ئێران کاردانەوەی جددی نابێ. ئەمە لە کاتێکدایە، کە گەمارۆکانی سەر ئێران تەنها پەیوەستی بەرنامەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە نییە. ساڵی رابردوو لە کاتێکدا کۆتایی پێهات، کە بەرنامەی موشەکی ئێران لە لایەن ئەوروپیەکانەوە خرایە رۆژەڤەوە. ئەمریکا و رۆژئاواییەکان لە دوو رەهەندەوە نیگەرانی بەرنامەی موشەکی ئێرانن، لە لایەک هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەوە مەترسیەکانی ئەم بەرنامەیە بۆ سەر سعودیەوە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی رۆژئاوا لە ناوچەکە.

سەباری ئەم دوو جۆرە لە گەمارۆکان، دوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لە دژی رژێمەکە، ئەمریکا کەیسی سەرکوتی ناڕازیان و خەڵکی خۆپیشاندەری بردە ئەنجومەنی ئاسیاش. ئەگەر چی ئەم هەوڵەی ئەمریکا دەستکەوتێکی مەلموس و بەرچاوی نەبووە، بەڵام ناکرێ ئەو راستییە نادیدە بگرین، کە ئەمریکا داوی بۆ ئێران نایەوە، تاکوو بکەوێتە بۆسەی گەمارۆکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤەوە.

پەیوەندی ئێران و وڵاتانی عەرەبی

دۆخی پەیوەندییەکانی تاران و جیهانی عەرەبی، لەم وێنەیە دەخوێندرێتەوە. لە پچڕان و داخستنی پەیوەندی لە گەڵ سعودیە، بەحرێن، یەمەن، میسر و سودانەوە بگرە و تا تەنگژەی سیاسی و دیپلۆماسی تاران لە گەڵ وڵاتانی ئیمارات، کوێت و ئۆردن و زۆریەک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی.

ئاماژەیەکی روون بۆ ئەم تەنگژەیە، راگەیێنداروی کۆتایی کۆبوونەوەی لووتکەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بوو لە ١٣هەمین دانیشتنی خۆیدا، کە حزبوڵڵای لوبنانی لە گەڵ داعش، وەک دوو رێکخراوی تیرۆریستی وەسف کرد و ئێرانی وەک گەورەترین سپۆنسەری تیرۆریزم ناوبرد لە ئاستی جیهاندا. لە لایەکی دیکەوە، جێگری یەکەمی شای سعودیە، ئێرانی وێڕای سوریا و حزبوڵڵا و حوسییەکانی بە تەوەری شەر و فیتنە وەسف کردووە. بن سەلمان، بەراوردی کەسایەتی عەلی خامنەیی ،رابەری ئێران و ئادۆڵف هیتلەر، رابەری نازییەکانی ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت: دەرسمان لە مێژووی ئەوروپا وەرگرتووە، نەرمی نواندن هیچ ئەنجامێکی نییە. ئێمە نامانهەوی هیتلەرێکی نوێ لە ئێران سەرهەڵبدات و کارەسات و رووداوەکانی ئەڵمانیای نازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بکاتەوە.

زەلکاوی سوریا و یەمەن

ئەگەر چی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران و سەرۆکی رژێمی سوریا، مەترسی کەوتنی لە سەر کەم بۆتەوە، بەڵام تا جێگیربوونەوەی دەسەڵاتەکەی، مەودایەکی زۆری لە سەر رێیە. بەشار ئەسەدی ئێستا، شتێکە و جێگربوونەوەی سەرلەنوێی دەسەڵاتەکەی شتێکی دیکەوە. رەنگە باشترین وەسف و تەعبیر، بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی سوریا، شوبهاندنی ئەم وڵاتە بێت بە ئەفغانستانێکی دیکە، دوای ٤٠ ساڵ، هێشتا رووی ئارامی بە خۆوە نەبینیوە.

سەرباری ئەوەی، کە سێ گۆشەی ئێران-تورکیا –روسیا، لە سەر سوریا لە دانوستاندان، بەڵام گەلێک دژوارە بەم زووانە ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بەدواوە بێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئێران و ئابوری تێکشکاو و رووخاوی ئێران، تا دێ تێچوویەکی زۆرتر لە شەڕی سوریا دەخاتە  سەر دەست و شانی ئەم وڵاتە.

ئەگەر چی لە سوریا، بەشار ئەسەدی هاوپەیمان و دۆستی ئێران، لە لایەن روسیاوە پاڵپشتی دەکرێ، بەڵام لە یەمەن موتڵەقەن هیچ وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەم وڵاتە ناکات، بێجگە لە ئێران نەبێت. دەستڕاگەیشتنی حوسییەکان بە چەک و موشەکی ئێرانی و دواجار کردنە ئامانجی خاکی سعودیە، تا دێ دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات. ئەگەر ڤیتۆی مۆسکۆ نەبوایە، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەبارەت بە پڕچەککردنی حوسییەکان لە لایەن ئێڕانەوە، دەرگایەیەکی نوێی لە قەیرانی سیاسی و سەربازی و ئابوری بەروووی ئێراندا دەکرایەوە.

ساڵی نوێ لە کاتێکدا دەستپێدەکات، کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەم سێ رەهەندەوە لە گەڵ تەنگژە و قەیران بەرەوڕوویە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com