حکومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی كارەبا چی دەکات؟

0

نوچەنێت-رووداو

كۆنسۆرتیۆمی (پێرڵ پترۆلیۆم) كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای ئیماراتی، نەوتی هیلال و دانەغاز-ـەوە سەرپەرشتی دەكرێت، گرێبەستێكی (١٠) ساڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد بۆ دابینكردن و فرۆشتنی بڕی ئەو گازە زیادەیەی كە بڕیارە ئەمساڵ هەردوو كۆمپانیا لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمی بهێنن بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

گرێبەستەكەی هەردوو كۆمپانیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٣٠ی كانونی دووەمی ٢٠١٨ لەنێوان ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان و مەجید جەعفەر، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی هیلال و د.پاتریك ئەڵمان وارد، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەگاز واژۆ كرا.

ئامانج لەم گرێبەستە زیادكردنی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر بە بڕی ٨٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا تا پێش كۆتایی ٢٠١٨، ئەمە لەكاتێكدایە ئاستی ئێستای بەرهەمی گازی كێڵگەی كۆرمۆر 305 ملیۆن پێ سێجایە، بەم شێوەیەش تا كۆتایی ٢٠١٨ ئاستی بەرهەمی كێڵگەكە بۆ ٣٨٥ ملیۆن پێ سێجا بەرز دەبێتەوە.

لە ئابی ساڵی ڕابردوودا، پێرڵ پترۆلیۆم كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر كرد و بڕی یەك ملیار دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرت، لە بەرامبەریشدا كۆمپانیاكە پابەند دەبێت بە فراوانكردنی وەبەرهێنان لە پرۆژەكانی لە هەرێمی كوردستان، وەك لێدانی چەند بیرێك لە هەردوو كێڵگەی كۆرمۆر و چەمچەماڵ و دروستكردنی پاڵاوگەی بەرهەمهێنانی گاز و بەرهەمەكانی دیكە.

بڕیارە ئەمساڵ (پێڕل پترۆلیۆم) ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و كۆندێنسەیت بەڕێژەی 25% زیاد بكات، ئەمەش پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایەكی زیاتر بە تێچوویەكی كەمتر. هەروەها بەپێی پلانەكە، دەبێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا كۆمپانیاكە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بەڕێژەی ١٢٠% بەرز بكاتەوە و بگاتە بەرهەمهێنانی (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا.

جگە لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، كۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی جێبەجێ كردووە، وەك كۆمەككردنی خەڵكی هەژارانی ناوچەكە، دابینكردنی پێداویستییەكانی قوتابخانە، چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە، دابینكردنی موەلیدە و سووتەمەنی كە بووە هۆكاری دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ گوندنشینانی ناوچەكە. دابینكردنی تیمی پزیشكیی گەڕۆك و سەنتەری چالاكیی وەرزشی و كۆمەكی دارایی بۆ (١٠٠٠) منداڵی بێ دایك و باوك لە ناوچەی چەمچەماڵ .

 ئەم دەسپێشخەریانە یارمەتی خەڵكی ناوچەكە دەدات لە باشتركردنی رەوشی ژیان و گوزەران و تەندروستیان. هەروەها دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی، ئەمە جگە لەوەی كۆمپانیاكە بەشدار بووە لە باشتركردنی گوزەرانی ئاوارەكان لەڕێگەی‌ دابینكردنی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی خوێندن و تەندروستی و كۆمەككردنیان.

ژمارەی كارمەندە هەمیشەییەكانی كۆمپانیاكە دەگاتە (٥٠٠) كەس كە ٨٠%یان هێزی كاری ناوخۆیین. قەبارەی وەبەرهێنان لەم پرۆژەیە تا ئێستا گەیشتووەتە ملیارێك و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٢٢٨ ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوت، ئەمەش بووە هۆكاری پاشەكەوتكردنی چەندین ملیار دۆلار كە لە كڕینی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەفیڕۆ دەچوو.

دانەگاز پێشتر رایگەیاندبوو كە پرۆگرامی خەمڵاندن تا ئەمڕۆ توانیویەتی بڕی ١٥ تریلیۆن پێ سێجا گاز و ٣١٠ ملیۆن بەرمیل (كۆندێنسەیت) یەدەگی سەلمێنراو بچەسپێنێت، بەڵام ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان رایگەیاندبوو كە پێشبینی دەكەن لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٠٠ تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سروشتی هەبێت .

مەجید جەعفەر، سەرۆكی جێبەجێكاری نەوتی هیلال و ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، ئەم گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆمان كردووە وەرچەرخانێكی گەورەیە لە وەبەرهێنانی بەردەواممان بەدرێژایی ١٠ ساڵی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان و چوونە نێو قۆناغێكی نوێی فراوانبوونی پرۆژەكانە، ئەمەش پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دیكە دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا كە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ دوو هێندەی ئێستا بەرز دەكاتەوە.

تا ئێستا ئەو گازەی كە دابینكراوە بووەتە هۆكاری كەمكردنەوەی خەرجیی سووتەمەنی و گۆڕانكاری لە سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستاندا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، گۆڕانكاری گەورە لە ئابووریی هەرێمی كوردستاندا روودەدات.

بەپێی هاوكێشەی كۆمپانیاكانی كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان، هەردوو كۆمپانیای دانەگاز و گەنەڵ ئینێرجی تەواوكەری یەكترن لەسێكتەری گازدا، كۆمپانیای دانەگاز كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی كێڵگەكانی كۆرمۆر و چەمچەماڵ دەكات، بەمەبەستی ئاراستەكردنی ئەو گازە زیادەیە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەتایبەتیش كە هێشتا وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای دهۆك بە گازوایل كاردەكات، ئەگەر ئەو گازەی كە بەرهەمدێت ئاراستەی سێكتەری كارەبا بكرێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كارەبایەكی زیاتر بە تێچوویەكی كەمتر بەرهەم بهێنێ، ئەمەش خەرجییەكانی حكومەت بۆ كڕینی وزە كەم دەكاتەوە و بڕی كارەبای دابینكراویش زیاد دەكات.

د.پاتریك ئەڵمان وارد، سەرۆكی جێبەجێكاری دانەگاز رایگەیاند: “مایەی شانازیە بۆ ئێمە و هاوبەشەكانمان لە پێڕڵ پترۆلیۆم كە توانیومانە ببین بە گەورەترین وەبەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە سێكتەری گاز لە هەرێمی كوردستان. سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕوومان بوونەوە، بەڵام نەمانهێشت ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێت و ئێستا لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانمان و وەرگرتنی شایستە داراییەكانمان، بەردەوام دەبین لە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە گازی سروشتی.

بەشی دووەمی هاوكێشەكە بریتییە لە كاركردنی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە كێڵگەكانی میران و بنەباوێ و كوردەمیر، ئەگەرچی هێشتا ئەم كێڵگانە لە قۆناغی پەرەپێداندان و نەگەیشتوونەتە بەرهەمهێنان، بەڵام ئامانج لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەم كێڵگانە هەناردەكردنی گازە بۆ توركیا، لە ماوەكانی رابردوودا كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی چەندینجار دانوستاندنی لەگەڵ كۆمپانیای وزەی نیشتیمانیی توركیا كردووە، بەمەبەستی پارەداركردنی پرۆژەكانی گەنەڵ ئینێرجی، بەڵام تا ئێستا دانوستاندنەكان بەردەوامن.

بەم شێوەیەش هەردوو كۆمپانیای دانەگاز و گەنەڵ ئینێرجی دەتوانن پەرە بە گازی سروشتی هەرێمی كوردستان بدەن بەمەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆ و هەروەها هەناردەكردنی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com