کورد لە کوێی کێشەکانی نێوان ئەنقەرەو پاریسە؟

0

نوچەنێت

لە ماوەی دوو رۆژی  رابردوو گۆڕانکاری لە پەیوەندی سوریا هاتۆتە ئاراوە، کە بە لانی کەمەوە دەکرێ بگوتری رووداو  وپیشهاتی نوێ لە پەیوەندی لە گەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد لە سوریای بەدواوە دەبێت.

دوو هەواڵ، دوو رووداو کە جێی تێڕامانن. یەکەم، بەیانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندی لە گەڵ کشانەوەی هەر چی خێرای هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سوریا. دووەم، دیدار  وچاوپێکەوتنی ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە گەڵ شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە کۆشکی ئەلیزە، رووداوێک لە لە چەشنی خۆیدا بێ وێنەیە.

هەر دوو رووداوەکە دەتوانێ لە سەر چارەنوس  وداهاتووی ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی رۆژئاوا، شوێندانەر بێت.

کشانەوەی ئەمریکا لە مەنبەج و لە سوریا، بە گشتی دەتوانێ بۆ کورد سەرئیشەیەکی نوێی بەدواوە بێت، چونکە مانەوە  وبوونی هێزی ئەمریکا لەم ناوچەیە تەنها فاکتەر و بەربەست بووە. لە بەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچانە. تورکیا نایهەوێ لە گەڵ هاوپەیمانی خۆی واتا ئەمریکا بەرەوڕوو ببێتەوە، هەر بۆیە هیوای لە سەر جۆرێک رێککەوتن لە گەڵ واشنتۆن هەڵچنیوە،  بە جۆرێک کە چاوەرێ دەکات بێ سەرئیشە و بە تێچووەیەکی کەمەوە پەلاماری ئەم هەرێمە بدات.

بەڵام رووداوی دووەم، کە تووڕەیی و کاردانەوەی توندی تورکیای بەدواوە بوو. دیدار و کۆبوونەوەی سەرۆکی فەڕەنسا لە گەڵ فەرماندە کوردەکانی هێزەکانی  سوریای دیموکراتی بوو لە پاریس.

تورکیا رایگەیاند، کە ماکرۆن لە سەر مێزێک لە گەڵ تیرۆریستان دانیشتووە و وەک بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت، بە دوور نییە کە هێزەکانی سوپای فەڕەنسا لە لایەن هێزی سەربازی وڵاتەکەی بکرێنە ئامانج، ئەگەر بێتو فەڕەنسا هێز رەوانەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات.

دوابەدوای هۆشداری و هەڕەشەی توندی تورکیا، پاریس وەک روونکردنەوە رایگەیاند، کە نایهەوێ لە دەرەوەی چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جووڵە بە هێزەکانی خۆی بکات. بە پێی راپۆرتی رادیۆ فەڕەنسا، شەو و رۆژی رابردوو تەنگژە و ئاڵۆزی نێوان ئەنقەرە و پاریس قوڵ بۆتەوە.

ئەمرە دێنیز، هەواڵنێری بەشی سیاسی بە رادیۆ فەڕەنسای گوتووە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیداری ماکرۆن و شاندی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بۆ تورکەکان شۆکهێنەر بووە، چونکە تورکیا لە دوای ئاڵۆزی و ناکۆکیەکانی لە گەڵ ئەڵمانیا، پاریسی وەک جێگرەوە و بژاردەی دووەم لەبەرچاو گرتبوو و رووداوەکانی رۆژی رابردوو دەتوانێ ململانێی توندتر لە  پەیوەندیە سەربازیەکانی تورکیا و ئەرووپا بەدوای خۆیدا بهێنێ.

جەنەڕاڵ دومینیک ترینکاد، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی فەڕەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕینی هەڵوێستی ئەرێنی فەڕەنسا سەبارەت کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ئەمە پیشان دەدات کە فەڕەنسا دەیهەوێ رۆڵێکی کاراترو چالاکتر لە سوریا بگێڕێ.

ئەم بەرپرسە سەربازیەی فەرەنسا پێیوایە، فەڕەنسا دەتوانێ ببێتە رێگر لە بەردەم فراوانخوازیەکانی تورکیا لە سوریا و هەر ئێستاش ئەم بەربەستە لەبەردەم ئەنقەرە دروست بووە. فەڕەنسا ٦ ساڵ لە پانتای سیاسی سوریا بە دوور بووە، بەڵام ئێستا دەیهەوێ بە سەرنجدان بە دۆخی ئاڵۆزی ئەم وڵاتە، رۆڵێکی چالاکتر و دیاریکەر ببینێت. بێگومان ئامادەبوونی فەڕەنسا شوێندانەر دەبێت.

ترینکاد دەشڵێت، بە وردی دەزانێ کە هاوکات بوونی لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا  وهەوڵەکانی پاریس بۆ نزیک بوونەوە لە کوردەکان، پلانێکی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراو بێت.

ویلیام جۆردەن، دبلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا لە پاریس بۆچوونێکی جیاوازی هەیە. جۆردەن پێیوایە، بڕیاری کۆشكی ئەلیزێ بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سوریا، زۆرتر پڕ کردنەوەی بۆشایی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لەم وڵاتە، هەر چەند پاریس بە بەراورد لە گەڵ ئەمریکا توانای ئاراستەکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی لە سوریا نییە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە یاداشتێکدا، گۆڕانکارییەکانی رۆژی رابردوو بە خاڵی وەرچەرخان لە  ئاڵۆزی و ناکۆکی تورکیا لە گەڵ هاوپەیمانانی رۆژئاوایی خۆی وەسف دەکات و گریمانە دەکات، ئەم ناکۆکیانە تا دێ زیاتر و بەرینتر دەبنەوە.

کەناڵی هەواڵی جەزیرە لە راپۆرتێکی شیکاریدا، گۆڕانکاریەکانی سوریا  بە زیانی تورکیا وەسف دەکات و هاوکاری فەڕەنسا بۆ کوردەکانی سوری،ا بە تابۆیەک وەسف دەکات کە تورکیا لێی نیگەرانە، بەڵام تورکیا سەرباری ئەم هاوکاریانە چیتر نایهەوێ لە گەڵ هاوبەشەکانی لە رۆژئاوا بکەوێتە ململانێیەکی زیاترەوە.

هەفتە نامەی نیۆزڤیک، لە راپۆرتێکی دیکەدا، کردەوەی پاریس و دژکردەوەی ئەنقەرە بە مەترسیەک بۆ سەر داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وەسف دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com