لە کەرتی غەزە چی روودەدا؟

0

نوچەنێت

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ تاوتوێکردنی شەڕ و تێکهەڵچوون لە کەرتی غەزە کۆبووەوە، رووداوێک، کە تیایدا بە لانی کەم ١٥ کەس کوژران و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون. بەڵام کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بێ ئەنجام مایەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونەوەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان هۆشداری دا و گوتی “داوا لە لایەنەکان دەکەم، کە دان بە خۆیاندابگرن و پشوودرێژ بن و رێگە نەدەن شەڕ و توندوتیژیەکان زیانی گیانی لێبکەوێتەوە”. گۆترێس بە تایبەتی جەختی لە سەر پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی ناوچەکە کردۆتەوە.

هاوکات، تیبرۆک زوریهون، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، کە بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە بکات و لێکٶڵێنەوەی ورد و بێ لایەنانە لە بارەی زیانی گیانی رووداوەکە بکات.

جێگری ئەنتۆنیۆ گۆترێس، بۆ کاروباری سیاسی دەڵێت “ئیسرائیل دەبێ بە گوێرەی بەرپرسیارێتی خۆی و لە سەر بنەمانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆڤدۆستانە، هەڵسوکەوت لە گەڵ فەلەستینیەکان بکات”.

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان، زمانی توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک دەبێ دوایین بژاردەی ئیسرائیل بێت و بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەبێ بە شێوەیەکی گونجاو لەبارەی زیانی گیانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە، لێکۆلێنەوە پێویست ئەنجام بدات.

روریهۆن هەروەها لەبارەی درێژەکێشانی ئەم دۆخە لە کەرتی غەزە، هۆشداری دا و گوتی، بە دوور نییە لە رۆژانی داهاتوودا کارەسات و رووداوی دیکەی بەدواوە نەبێت.

ڤۆڵتێر میلێر، دیپلۆماتکاری ئەمریکی لە لێدوانێکدا خوازیاری کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و تەنگژەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکانە.

میلێر دەڵێت، لە ناخی دڵەوە خەمبارین بە کوژرانی ئەو کەسانەی، کە لە رووداوەکەی رۆژی هەینی بوونە قوربانی، داوا لە لایەنەکان دەکەین هەنگاوی گونجاو و رێوشوێنی پێویست بۆ کەم کردنەوە ئاڵۆزی بگرنە بەر و لە توندوتیژی زیاتر خۆبەدوور بگرن.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بنەماڵە جووەکان لە سەرەتای ئەم جەژنە لە سەر سفرە بە دەور یەکەوە کۆبوونەوە، بەڵام فەلەستینیەکان فێڵیان بەکارهێنا و دەیانهەوێ نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن بە سەکۆیەک بۆ بڵاو کردنەوەی پڕوپاگاندا و قسەی بێ بنەما.

بە گوێرەی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، خۆپێشاندەرانی فەلەستینی، لە ژێر چەتری ناڕەزایی و خۆپێشاندان، پلانی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنیەکانی ئیسرائیلیان هەبووە، بەپێی بەراوردی سوپای ئیسرائیل، نزیک بە ٣٠ هەزار فەلەستینی بەشداری خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی بوونە.

سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، بۆ بڵاوەپێکردن و بەرەنگاربوونەوەی ناڕازییانی فەلەستینی، جیهاز و ئامرازی تایبەتی بەکارهێناوە، خۆپێشاندەران لە رۆژانی رابرووشدا، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و کێشەیان هەبووە لە کەرتی غەزە.

ئیسرائیل وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەرانی فەلەستینی، تەکنەلۆجی نوێی بەکارهێناوە، بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بکرێ، کە گازی فرمێسک رێژی بۆ سەر خۆپێشاندەران هاویشتووە. ئیسرائیل هەروەها زیاتر لە ١٠٠ قەناس بەدەستی بە درێژایی سنوورەکانی کەرتی غەزە جێگیر کردووە.

توندوتیژیەکان کاتێک دەستیپێکرد، کە هەزاران کەس لە خۆپێشاندەرانی فەلەستینی نیازیان وابوو، کە بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل رێپێوان بکەن.

لە لایەکی دیکەوە فەلەستینیەکان بە درێژایی سنووری ئیسرائیل چەندین کەمپیان دامەزراندووە و دەیان هەزارکەسیان بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێکی چەندین رۆژە جێگیر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوە فەرمیەکانی فەلەستینی، لانی کەم ١٥ فەلەستینی کوژراون و نزیک بە ١٤٠٠ کەسیش بریندار بوونە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، زیاتر لە ٧٥٠ کەس بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئیسرائیلەوە بریندار بوونە.

ئەم خۆپێشنادانە بڕیارە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بێت، واتە تا ١٥ مەی، رۆژێک، کە هاوکاتە لە گەڵ جەژنی ئیسرائیل و ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەم وڵاتە. فەلەستینیەکان ئەم رۆژە بە رۆژێکی نگریس وەسف دەکەن، چونکە لە کۆتایی شەڕی ساڵی ١٩٤٨، بەشێک لە خاکەکەیان داگیر کرا و سەدان هەزار کەسیان لێ ئاوارە و دەربەدەر بووە و بەشێکی بەرچاو لە ئاوارەکانیش روویان کردە ئۆردن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com